April 22, 2006
Pay it forward ئه‌و چه‌ند نامه‌ی كه هاتوون هه‌ڵده‌گرم و دوودانه‌یان له سه‌ر مێزی ئاشپه‌زخانه داده‌نێم و ئه‌وه‌ی تریان ده‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌مه ژوورێ. بۆ خوێندنه‌وه‌ی هیچ په‌له‌م نییه. له پێش خۆمی داده‌نێم. ده‌گه‌ڵ خۆم گرێ‌و ده‌كه‌م كه ده‌توانم بێ خوێندنه‌وه‌یی، وڵامه‌كه‌ی بنووسمه‌وه! چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی سپی و پێنووسه شینه‌كه‌م دێنم و ده‌ست پێ ده‌كه‌م، سێ لاپه‌ڕه وڵامی نامه‌یه‌كی هێشتا نه‌مخوێندۆته‌وه ده‌نووسم و به شێنه‌یی له سه‌ر یه‌كیان داده‌نێم... نامه‌كه كه ده‌كه‌مه‌وه وێنه‌كان زۆرتر سه‌رنجم ڕاده‌كێشن. جارێک، دوو جار ... ده جار دانه دانه‌یان چاو لێده‌كه‌م، له چاو و بزه‌ی لێو و ڕه‌نگی قژ و جله‌كانیان ورد ده‌بمه‌وه، له نیشانه‌یه‌كی ئاشنا ده‌گه‌ڕێم. له شتێک كه له شوێنێک به شێوه‌یه‌ک شتێكم وه‌بیر بخاته‌وه. نامه‌كه ده‌خوێنمه‌وه. گرێوهكه له خۆم ده‌به‌مه‌وه و بزه‌یه‌كی تاڵ له گۆشه‌ی چه‌پی لێوم دهمێوێ ... نامه‌كانی ئێستا ناوی كه‌سی تێدا نییه. وشه‌كان به دوای یه‌کدا ڕیزكراون و سه‌رقاڵی هیچ نههێنییهكت ناكه‌ن. نامه‌كانی ئێستا نه ڕووتن و نه ڕازێکیان له خۆدا حه‌شار داوه. نامه‌كان هه‌ر نامه‌ن و به‌س، "باری به هر جهت" نووسراون. دڵه كوته‌ی بیستنی هه‌واڵێكت پێ نابه‌خشن ... بیر له خۆم ده‌كه‌مه‌وه چیم لێ هاتووه، جاران وا نه‌بووم. نووسینی وڵامی هه‌ر نامه‌یه‌ک بۆ من سه‌فه‌رێک بوو. سه‌ر پێداكردن به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی هه‌زار ساڵه ده‌نگی كه‌سی لێ نه‌بیستراوه، جێ پێی كه‌سی پێوه دیار نه‌ماوه. نووسینی وڵامی نامه‌یه‌ک وای ده‌كرد سه‌رنج بده‌مه ده‌وروبه‌ری خۆم، سه‌رنج بده‌مه منی خۆم تا بتوانم له خۆم بنووسم. نامه‌کان ئاوێنه بوون بۆ دیتنه‌وه‌ی له‌ته ونه‌كان، بۆ تێرامان، بۆ ڕووت بوونه‌وه و پێدا چوونه‌وه. بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی خۆم، كه كێم و له كوێرا هاتووم ... دوونیایه‌ک بوو كه ده‌یتوانی ماوه‌یه‌کی زۆر له خۆیدا ونم كات. پڕم كاته‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بێ هه‌بن تا بتوانم بوون له چوارچێوه‌ی خۆیدا مانا بكه‌مه‌وه. نامه‌كان پردێک بوون تا ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه ون نه‌كه‌م. شته‌كان بۆ وایان لێ هات؟ كه‌ی وای لێهات؟ یان هه‌میشه هه‌ر وا بووه؟ بڵێی وشه‌كان هه‌مان وشه‌كانی جاران بن و له دووپات بوونه‌كانی خۆیاندا كاڵ بوونه‌ته‌وه و كۆن بوون و چونكه من ئیتر من نیم هیچم پێ نابه‌خشن؟ تینووی بیستنی چیم؟ چاوه‌ڕوانی كام هه‌واڵم؟ یانی قسه‌یه‌ک نه‌ماوه بۆ گوتن؟ ... چ دڵته‌نگم ئه‌مشه‌و! دڵم نامه‌یه‌كی ده‌وێ كه حه‌ز بكه‌م ده‌یان جاری بخوێنمه‌وه. به تاسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌یه‌كم بوونم وه‌بیر بهێنێته‌وه. دڵنیام كات كه هێشتا هه‌ن. كه هێشتا قسه‌یه‌ک ماوه بۆ گوتن. كه هێشتا سه‌ره‌ڕای هه‌موو دوورییه‌كان بۆ هیچ شتێک دره‌نگ نییه. نامه‌یه‌ک پڕ بێ له پرسیار... نا درۆم كرد... ته‌نیا یه‌ک پرسیار به‌سه! ده‌زانی، ته‌نیا یه‌ک پرسیار!
Comments:
Post a Comment
|