Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 30, 2006



ئاسمانی ئه‌مڕۆی شار سه‌یر خۆڵاوییه، باران ده‌مێكه ده‌بارێ و كه‌چی ته‌پ و تۆزی پشت په‌نجه‌ره هه‌ر له جێی خۆیه‌تی! هه‌وره‌كان ده‌گرمێنن و سه‌یر ئه‌وه‌یه هیچ شتێک ئه‌و بێده‌نگییه‌یی گه‌مارۆی داوم، پێ ناشكێت! ساک و ماكی سه‌فه‌ر پێچراوه‌ته‌وه، به خۆم ده‌ڵێم كێت دیوه خۆی بۆ سه‌فه‌ر به سه‌فه‌ر ئاماده بكات!؟ نیوه‌ی چه‌مه‌دانه‌كه‌م كتێبه و نیوه‌كه‌ی تریشی جل وبه‌رگ و خرته و پرته‌ی تر!

نازانم چی بوو، خه‌ریک بووم ماڵم كۆ ده‌كرده‌وه، له پڕ دڵم گیرا! دڵگیرانێكی ناخۆش نا، نازانم، وه‌ک بڵێی شتێک كه هه‌میشه ده‌گه‌ڵته و تۆ خۆی لێ گێژ ده‌كه‌ی خۆت وه‌بیر بخاته‌وه، "خۆم" خۆی وه‌بیر هێنامه‌وه. چه‌ند ڕۆژێک بوو دیسان ئه‌و هه‌سته قورسه‌ی "تاوان" به‌رۆكی گرتبووم. هه‌میشه هه‌ر وایه. كه كارێک بۆ دڵی خۆم ده‌كه‌م، ته‌نانه‌ت كارێكی بچووكیش بێت، كه سه‌فه‌ر ده‌كه‌م یان ته‌نانه‌ت دڵم كه‌مێک شاد ده‌بێت، هه‌ست به تاوانێكی سه‌یر ده‌كه‌م! خۆم به تاوانبار ده‌زانم كه چۆن ده‌توانم شاد بم و چێژ له چركه كه‌م و كاڵه‌ خۆشه‌كانی ژیانم وه‌رگرم كاتێ ئه‌و و ئه‌و و ئه‌و ... شاد نین ...

بزه‌ییم به "خۆی" مرۆڤ دێته‌وه. هه‌میشه ئه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر په‌لاماری كێشه‌كانی ناخۆی مرۆڤ، هه‌میشه ئه‌وه له شه‌ڕی "من" ده‌گه‌ڵ "خۆی" مرۆڤدا ده‌بێته كیسه بۆكس و به سه‌روگوێلاكیدا ده‌درێت! هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌م به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌ست به تاوان كردنه ناگرم. هه‌ندێ جار هه‌ندێ قورسه كه ده‌نگی ڕووخانی شتێک له ناو خۆمدا ده‌بیستم!

ئه‌مڕۆ به‌‌ڵام "خۆم" شتێكی پێ گوتم ... گوتی كچی باش له هیچ په‌یوه‌ندییه‌كدا له سه‌ر ئه‌و شته‌ی به‌رگه‌ی دۆڕاندنی ناگری گرێو مه‌كه! گوتی مه‌هێڵه مه‌رجی هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک دۆڕاندنی شتێکی زۆرتر له توانای خۆت بێت! هه‌رچی هێنام و بردم دیم من به‌رگه‌ی دۆڕاندنی خۆم ناگرم. دیم ناتوانم، نامه‌وێ كاڵ ببمه‌وه تا شتێكی كه نه ده‌نگم پێ ده‌دات و نه ڕه‌نگێک ده‌پرژێنێته‌ سه‌ر ڕۆژه‌كانم وه‌چنگ بێنم ... به خۆم گوت ڕه‌وای حه‌ق نییه ... نا، ئه‌وه به‌هایه‌كی زۆره!

بیر ده‌كه‌مه‌وه من چ ده‌توانم بكه‌م؟ به جێی كێ ده‌توانم بژیم؟ ده‌رفه‌تی ژیانی خۆم مه‌گه ده‌توانم بده‌م به كه‌سی تر؟ به خۆم گوت ئه‌و و ئه‌و و ئه‌و ... كه شاد نین هۆیه‌كه‌ی ئه‌و نییه من به‌شه‌كه‌ی ئه‌وانم خواردووه، هۆیه‌كی ده‌توانێ ئه‌وه بێت ئه‌وان نازانن بۆ ئه‌و شته‌ی هه‌یانه شاد بن به‌ڵام هه‌رده‌م خه‌مباری ئه‌و شتانه‌ن كه نیانه!

ته‌نیا ده‌رفه‌تێكی من هه‌مه ئه‌مڕۆیه. كێ ده‌ڵێ به‌یانی به‌شی منی پێیه؟! ته‌نیا ئه‌مڕۆ، هه‌رئه‌و چركه كورت و كاڵانه‌ی كه زۆر نین و زوو ده‌ڕۆن به‌شی منه بتوانم ژیانی خۆم بژیم ...

منیش دڵته‌نگم، دڵته‌نگی ئه‌وانه‌ی نین، ئه‌و شتانه‌ی ده‌مه‌وێ و نیمه، به‌ڵام هه‌میشه هه‌وڵم داوه چێژ له بوونی ئه‌و شتانه‌ی ئێستا هه‌ن و هی منن وه‌رگرم. نا، ویستی وه‌ستانم نییه. ناتوانم چاوه‌ڕێ بمێنمه‌وه، ناتوانم له حه‌سره‌ت و هه‌ناسه‌كانی ئه‌و شتانه‌ی نین و ڕه‌نگه قه‌ت نه‌بن ساته سه‌وزه‌كانم به فیڕۆ بده‌م ...

ئه‌گه ئه‌و و ئه‌و و ئه‌و ... سه‌ریان بۆ قه‌زا و قه‌ده‌ر دانواند، ئه‌گه باوه‌ڕیان كرد هه‌موو شتێک هه‌میشه تاوانی هه‌موو كه‌سێكی تره جگه له خۆیان ... ئیتر من چی بكه‌م؟


ئاخر من، كه ده‌توانم جــــوانــی ژیان له قسه‌كردنی ڕۆنیا ده‌گه‌ڵ په‌پووله پایزه‌كان، یا باوه‌شێكی سانا، دیتنی باوێــشكی ئارام، بیستی وشه‌ی "ماڵته" له زمانی دیــا، نامه‌ی ڕۆیا، پێكه‌نینی ڕامان، خواردنه‌وه‌ی لیوانێک چایی ده‌گه‌ڵ‌ كوبی، پیاسه‌ی ئێواره‌یه‌كی سارد ده‌گه‌ڵ‌ په‌ری، له‌و قه‌تار بۆ ئه‌و قه‌تار هه‌ڵاتن ده‌‌گه‌ڵ‌ گوڵپه‌ر، خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی جوان، بیستنی مۆسیقایه‌كی خۆش و گه‌یشتنی په‌یامێكی كورت.... به‌دی بكه‌م، منێ كه قورسی كۆڵه پشتی شینه‌كه‌م له سه‌ر شانم دڵم شاد ده‌كات ... ئیتر چۆن بتوانم سه‌رم سووڕ نه‌مێنێت له ئاخ و داخ هه‌ڵكێشانی ئه‌وانه‌ی ناتوانن به‌خته‌وه‌ری یان نا، به‌س چركه‌یه‌ک شادی له‌و شتانه‌ی هه‌یانه دا بدۆزنه‌وه و ئه‌مڕۆ له تاسه‌ی به‌یانیدا نه‌فه‌وتێنن ...




"خۆم" وا ده‌ڵێت ... بریا به قسه‌ی بكه‌م!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------