May 9, 2006
Just nod if you can hear me دۆینێ، دووشه‌ممه دیلشا دێمیربه‌گ - ستێن، له زانكۆی ئێمه بوو بۆ ناساندنی كتێبه‌كه‌ی و گێرانه‌وه‌ی كورته‌یه‌ک له ژیانی و قسه كردن له سه‌ر بارودۆخی ژیانی ژنانی كورد و كه‌موكوڕییه‌كانی فه‌رهه‌نگی كورده‌واری. ئێمه‌ش وه‌ک ئه‌و كۆمه‌ڵه خوێندكاره‌ی كه له داهاتوویه‌كی نزیک قه‌راره ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڵ گرفته فه‌ڕهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كار بكه‌ین، گوێگری قسه‌كانی دیلشا بووین. قسه‌كانی دیلشا به ناساندنی خۆی و كورته باسێک له سه‌ر كتێبه‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد. دوایی ورده ورده چوو سه‌رباسی بارودۆخی ژیان بۆ ژنانی كورد به گشتی و كورده‌كانی ڕۆژهه‌لاتی توركیه - باكووری كوردستان- به‌تایبه‌تی! ئێستا نامه‌وێ ده‌قی قسه‌كانی دیلشا باس بكه‌م. خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كان و بۆچوونه‌كانی دیلشا لێره‌و له‌وێ خۆی به ڕوونی نیشان ده‌دا خۆی وه‌ک ژنێكی كورد و فێمینیست له كوێ وه‌ستاوه و چ ڕوانگه‌یه‌كی له سه‌ر شته‌كان هه‌یه. ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه سه‌یر و له هه‌مان كاتدا ئاشنا و تا ڕاده‌یه‌ک دڵته‌زێن بوو بۆچوونه‌كانی سێ دانه له هاوكلاسییه‌كانی خۆم بوو. سێ كوڕی كورد له دوو به‌شی جیاوازی كوردستان كه ماوه‌یه‌كی زۆره له هه‌نده‌ران ده‌ژین و له داری دونیا بێ خه‌به‌ر نین. ئه‌م سێ پیاوه كورده به قسه‌كانی دیلشا هه‌ڵچوون، زۆر سه‌یر! یه‌كیان به ته‌واوی توڕه بوو و دوویان به ده‌یان شێوه و هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی گه‌وره و بچووک، هه‌وڵیانده‌دا به دیلشا و هه‌موو ئه‌وانی‌تر بسه‌لمێنن كه شته‌كان وا نین كه ئه‌و باسی ده‌کات... ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش له ژێر خۆره گه‌رمه‌كه‌ی حه‌وشی زانكۆ، قسه‌و باسه‌كانی ڕۆژی پێشترمان درێژه‌ی هه‌بوو. به قه‌وڵی گیتان گووتی ئه‌وه یه‌كه‌مجاره باسێک دوو ڕۆژ و ئاوا گه‌رم و گوڕ له كلاسی ئێمه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت. ڕاست ده‌كات! له به‌شێک له قسه‌كانیدا دیلشا گووتی قه‌تڵی نامووسی وه‌ک كولتوری كورد ده‌بێنێت، له هه‌مان كاتدا گوتی تایبه‌ت به كورد نییه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وڵاتانی ڕۆژهه‌لاتی ناوڕاست و باكوری ئه‌فریقا ده‌گرێته‌وه و تایبه‌ت به موسڵمانان نییه و له ناو دینه‌كانی تریش دا ده‌بێندرێت .... جا ئه‌وه‌ی ئه‌م سێ پیاوه كورده پێی توڕه بوون ڕاست ئه‌م به‌شه‌ی بوو، ئه‌وه كه "قه‌تڵی نامووسی كولتوری كوردییه". یه‌كێک له كوڕه‌كان كه خۆی خه‌ڵکی باكووری كوردستانه توووووڕی تووووووڕه ئه‌مڕۆ ده‌یگووت " ئه‌و تایفه - دیلشا له تایفه‌یه‌كی كۆچه‌ره‌وه دێت- هه‌ر كورد نین! كورده‌كانی تر له شار‌و گونده‌كانی باكوور ئه‌وانه هه‌ر به كورد نازانن. جوان دیار بوو هه‌وڵی ده‌دا به كه‌م كردنه‌وه‌ی دیلشا "كورد" هه‌ڵكێشێت! كوڕه‌كه‌ی تر كه خۆی خه‌ڵكی ده‌هۆكه و زۆر ساڵه لێره ده‌ژیت له‌وه توڕه بوو كه ده‌یگووت نابێ كه‌س بڵێت قه‌تڵی نامووسی كولتوری كوردییه. ئێمه له "كوردستان" یاسای دژ به قه‌تڵی نامووسیمان هه‌یه و كوردستان یه‌كه‌م وڵات له ڕۆژهه‌لاتی ناوراست بوو كه یاسایه‌كی ئاوای په‌سه‌ند كرد... دواتر قسه‌كه گه‌یشته ئێره كه كورد ده‌وڵه‌ت نییه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بووه و ... بۆیه ته‌نانه‌ت ئه‌گه قه‌تڵی نامووسیش ده‌كات نابێ ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت چوونكه تاوانبار نییه و .... زۆر له‌ناكاو دیم ئێمه چوار كوردین و له باسێكی ئاوادا بووین به دوو ده‌سته. دوو ده‌سته‌ی ژنانه- پیاوانه- منی ژن باوه‌ڕم ئه‌وه بوو كه كوشتن و بڕین و لێدان وكوتانی ژنان- به‌داخه‌وه- ڕیشه‌ی داكووتاوه و بۆته به‌شێک له كولتوری كوردیش و ئه‌وان وه‌ک پیاو حاشایان له بوونی كولتورێكی ئاوا ده‌كرد... من ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێک له قسه‌كانی دیلشا به گشتی ڕه‌د ده‌كه‌مه‌وه، له بۆچوونی ئه‌و هاورێیانه‌م تێناگه‌م! چه‌ند ساڵ پێش هه‌ر لێره گووتم ئیتر باوه‌ر ناكه‌م ژنی كورد ئه‌م بیانوویه له كه‌س قه‌بووڵ بكات كه بۆیه له لایان پیاوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌چه‌وسێته‌وه، چوونكه وڵاتی سه‌ربه‌خۆی نییه و چونكه خاكه‌كه‌ی داگیر كراوه و بیانووگه‌لی ئه‌وها. زۆر به‌لامه‌وه دڵته‌زێن دێت كه ئێمه قه‌ت باسی زه‌ینییه‌ت و ڕوانگه‌ی "كورده‌واری" له سه‌ر ژن ناكه‌ین! سه‌رده‌مه‌که گۆڕدراوه.... باشترین كار ئه‌وه‌یه چاو بكه‌ینه‌وه و قه‌بووڵ بكه‌ین ناتوانین به شێوه‌ی باب و باپیرانمان درێژه به ژیان بده‌ین... له‌و قسه‌وباسانه‌دا شتێكی تریش سه‌رنجی ڕاكێشام. كه ئێمه‌ی كورد فه‌رهه‌نگێكی یه‌كگرتوومان نییه. كوردی هه‌ر پارچه‌ی كوردستان شوێنی له ده‌سه‌ڵاته داگیركه‌ره‌كان وه‌رگرتووه و كه‌م تا زۆر گۆڕدراوه. زمانی، ڕێ وڕه‌سمی ژیان و هه‌لسووكه‌وتی كورد له پارچه‌یه‌ك بۆ پارچه‌كه‌ی تر جیاوازی زۆر به‌رچاوی هه‌یه. كوردی هه‌موو پارچه‌كان چه‌وسانه‌ته‌وه و له مافه ئاسایی و یاساییه‌كانیان بێ به‌ش كراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كورده‌كانی باكوور چێشتوویانه، له زۆر بارانه‌وه خۆ له بارودۆخی كورده‌كانی ڕۆژهه‌لات و باشوور جیاده‌كاته‌وه ... بۆیه زۆرجار وا هه‌ست پێده‌كه‌م باس له "كولتوری كوردی" كردن وه‌ک كولتورێكی یه‌كگرتوو، كارێكی ئه‌سته‌مه و مرۆڤ ده‌بێ له نووسین و لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌وه‌ی هه‌میشه له بیر بێت.... هه‌ڵه‌یه‌كی دیلشا - به ڕای من- تووشی بووه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و نه ته‌نیا سه‌رنجی به‌م جیاوازییه نه‌داوه به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت جیاوازی نێوان كولتوری كۆچه‌ره‌كان و كولتوری شارستانی له به‌رچاو نه‌گرتووه و له زۆر جێگه ئه‌گه‌رچی ده‌ڵێ ئه‌و به‌س به‌سه‌رهاتی ژیانی منه، به‌ڵام له وه‌سف كردن و گێرانه‌وه‌كانیدا زوو زوو ده‌ڵێت "كولتوری كوردی" ... دڵنیام ئه‌و باسه له گروپی ئێمه‌دا چه‌ند ڕۆژی تریش به‌رده‌وام ده‌بێ. بۆ ئه‌وانی كورد نین باسه‌كه سه‌رنج ڕاكێشه چونكه له زمان كوردێكه‌وه باس كراوه و له لایان چه‌ند كورده‌وه چۆته ژێر پرسیار... خاڵێكی تریش كه له به‌رچاوان ون نه‌ما ئه‌وه بوو كه ته‌نیا پیاوه كورده‌كان زۆر سه‌یر به‌م باسه هه‌ڵچوون ...
Comments:
Post a Comment
|