Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

June 16, 2006



فرۆكه‌كه كه به‌رز ده‌بێته‌وه و ئارام ئارام نزیکتر ده‌بییه‌وه له ئاسمانی ئه‌و شاره‌ی زۆر ساڵه تێیدا گیرساویته‌وه. بیری یه‌كه‌م دوور بوونه‌وه وه‌ک خه‌ونێكی ناخۆش خۆیت وه‌بیر ده‌‌خاته‌وه. بیر ده‌كه‌یه‌وه جاری یه‌كه‌م مه‌ودای نێوان، پڕ له بۆشایی نه‌بوو، پڕ له ترس نه‌بوو. هه‌مووی تاسه ‌بوو، هه‌مووی ته‌ما بوو. بیر ده‌كه‌یه‌وه له كه‌یه‌وه مه‌وداكان به نامۆیی پڕ كرانه‌وه؟ بیر ده‌كه‌یه‌وه له كه‌یه‌وه وای لێهات ته‌نیاییه‌كانت و دڵته‌نگییه‌كانت له دووری و دره‌نگی دیتنه‌وه‌كاندا له بیر بكه‌ی؟

****

مرحبا بكم!

نازانم بڵێم ئه‌و شاره خۆڵاوییه له چی یان له كوێ ده‌چێت! شه‌قامه‌كانی ته‌سک و باریکن و هه‌میشه، چوارده‌وروبه‌رت پڕه له مرۆڤ. وه‌ک بڵێی شار قه‌ت ناخه‌وێت. به‌یانی، پاش نیمه‌ڕۆ، ئێواره و شه‌وه‌كانی پڕن له مرۆڤ... مرۆڤ و زۆردانه پشیله‌ی كزی هه‌میشه برسی كه زبله‌كانی ئێره و ئه‌وێ، به‌دوای له‌ته نانێک، سه‌روژێر ده‌كه‌ن. شه‌قامه‌كانی ئێره پڕه له مرۆڤ و له پشیله!

ئێره دووكانی زۆر لێره‌یه. دووكانی سه‌وزی، ترشی، سرامیک، زێڕ و زێو و گۆشت و پێڵاو وجل و ... به‌ڵام زۆرتر له هه‌موو شتێک "دخان". لێره تاق و لۆق ژن ده‌بینی له ده‌رێ جگه‌ره‌یان به ده‌سته‌وه بێ، به‌ڵام كوڕی زۆر گه‌نجی پانزده شانزده ساڵه تا پیره پیاوی خوا ده‌زانێ چه‌ند ساڵه، به دانیشتنه‌وه، به پێوه، كاتی ڕۆیشتن، له به‌رده‌رگا و له ناو دووكانه‌كاندا، له ناو تاكسی و ئوتوبوس و قاوه‌خانه‌كاندا جگه‌ره به ده‌ست ده‌بینی.

ئێره شارێكه پڕ له دژایه‌تی. پاک و پیس، جوان و ناشیرین، تازه و كۆن، گه‌نج و پیر، هه‌ژار و دارا، ڕووت و داپۆشراو ... شان به شان، ته‌نیشت به ته‌نیشت، له په‌نا یه‌كترین داندراون. لێره ئاو كه‌م و گوڵ زۆره. لێره شه‌ش میلیۆن دارزه‌یتون هه‌یه و زیتون گرانه، لێره هه‌موو چاخۆره‌ون و چاییه‌كانیان هه‌میشه سارد و بۆنی نه‌كووڵاوی لێدێت... لێره دووكانێكی بچووكی كوڕێكی گه‌نج كه كاسێت و سی‌دی گۆرانی شاد ده‌فرۆشێت دیوار به دیوار مزگه‌وتێكی گه‌وره‌یه كه ڕۆژێ پێنج جار ده‌ستی خه‌یاڵی من ده‌گرێ و ده‌مباته‌وه سه‌رده‌مێكی دوور ...

****

لێره شۆفیره‌كان هیچ نه‌بێت، زۆربه‌یان، شتێكی هاوبه‌شیان هه‌یه. "بیب لێدان"، شۆفیره‌كان لێره به جێی سڵاو، به جێی توڕه بوون، كاتی بادانه‌وه، كاتی سوپاس كردن "بیب" لێده‌ده‌ن. لێره شۆفیره‌كان كه ژنێكی خڕو خۆڵ و سپی وناسک ده‌بینن "بیب" لێده‌ده‌ن، كه ژنێكی باریكه‌ڵه‌ی ڕه‌ش ئه‌سمه‌ر ده‌بینن، بیب لێده‌ده‌ن، كه ژنێكی سه‌رداپۆشراو یان یه‌كی قاچ و قۆڵ ڕووت ده‌بینن بیب لێده‌ده‌ن... لێره كاكی شۆفیر هه‌ر كه ژن ده‌بینن "بیب" لێده‌ده‌ن... دوای دوو سێ ڕۆژ ئیتر گوێچكه‌ت خوو به بیب لێدانه‌كان ده‌گرێت و نه پێت سه‌یره و نه بۆت گرنگه و نه ئیتر بیر ده‌كه‌یه‌وه "ئای چه‌ند وه‌ک لای خۆمان ده‌چێ ئه‌و كاره‌یان..."، به‌ڵام كه هه‌ژده ته‌گه‌رییه‌كی زل و زه‌بح، به دیتنی ژنێک، له ناكاو "بیب" كه نا، شه‌یپور لێده‌دا، به ده‌ست خۆت نییه، یه‌ک متر و چه‌ند سانتێک له جێی خۆت هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه و چه‌ند چركه دواتریش دڵت هێشتا نه‌چۆته‌وه جێگه‌ی خۆی!

****

ئێره شه‌قامه‌كانی پڕن له بــــۆن، ئه‌و بۆنانه‌ی بۆشایی نێوان مرۆڤه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه و دوای هه‌ر هه‌نگاوێک ده‌گۆڕدرێت. بۆنه‌كان تێكه‌ڵن و زۆر جار ناناسرێنه‌وه... له ناو گرێ پووچكه‌ی بۆنه‌كاندا به‌ڵام بۆنی نانی گه‌رمی تازه ون نابێت. رێگه‌ی خۆی ده‌گرێ و دێت و پڕم ده‌كات. دێت و بۆشایی نێوان من و بیره دووره‌كانم پڕ ده‌كاته‌وه!

****

ته‌نیا شتێک كه ڕه‌نگه من له خه‌ڵكی ئه‌م شاره جیا بكاته‌وه، ڕوانینێكی سه‌رلێشێواو و كامێرای ده‌ستمه كه وێنه‌ی دارو دیوار و پشیله و مرۆڤ ده‌گرێت. ده‌ڕۆم، چاو ده‌گێرم، وێنه ده‌گرم، ده‌م به ده‌م بزه‌م دێته سه‌ر لێو و جارنا چاوم پڕ ده‌بن له فرمێسک!

****

ناوی وڵاته‌كان ڕیز ده‌كه‌ن! ئیتالیا؟ سپانیا؟ هیند و پاكستان؟ سینگاپور؟ توركیه؟! میسر؟ ده‌ڵێم كوردم! زۆریان به‌س سه‌ر ده‌له‌قێنن و ده‌توانم سوێند بخۆم هه‌ر نازانن كورد چییه و وڵاتێک به‌م ناوه هه‌یه! "وڵاتێک به‌م ناوه هه‌یه؟!" خۆم به خۆم ده‌ڵێم و بیر ده‌كه‌مه‌وه نه‌كا بوونی من ته‌نیا به بوونی بستێک خاکه‌وه گرێ درابێ كه نه‌بوونی، بوونی من له خۆیدا قووت ده‌دات؟ چنگی تیژی بیرێک دامده‌ڕوشێنێ ... ماڵ!

****

ئێره ماڵه!

شه‌قامه‌كان باریک و زۆر جار پیسن. دووكانه‌كان بچووک و نیوه تاریک و زۆرجار دوور و درێژن. پیاوه‌كان له پێش ده‌رگای دووكانه‌كانیان داده‌نیشن. كوڕه گه‌نجه‌‌كان سێ و چوار له سه‌ر كۆڵانێک یان گۆشه‌ی شه‌قامێک كۆ ده‌بنه‌وه. ژنه پیره‌كان چارشێوی خامی سپییان به سه‌ره‌وه. ڕوو له هه‌ر لایه‌ک ده‌كه‌ی منداڵی لێره. ئای كه منداڵیان زۆره! كوڕه‌كان له دیوار وه‌سه‌ر ده‌كه‌ون، به پێڵاوی پلاستیكی له كۆڵانێكی خۆڵاوی قوتبۆڵ ده‌كه‌ن، كیژه‌كان دوو دوو و سێ سێ له سه‌ر پلیكانه‌كان دانیشتوون و كتێبێک به ده‌سته‌وه چاو له وێنه‌كانی ده‌كه‌ن... هه‌ر شه‌قامه‌ی چه‌ند مزگه‌وتی لێیه، پیاوه‌كان له ناو و پێش ده‌رگای قاوه‌خانه‌كان قه‌نه ده‌كێشن و سه‌ریان ده‌گه‌ڵ هاتووچووی ژنه‌كان ده‌سووڕێنن، چاوداده‌گرن، ماچ ده‌نێرن و به زمانێكی نامۆ شتێک ده‌ڵێن. بیر ده‌كه‌مه‌وه "خوام نه‌بێ خۆ به قوربانی سینگ و به‌رۆكیی ژنان ده‌كه‌ن، یان شتێک له‌و مایانه‌دا، ڕێک وه‌ک پیاوه پیره‌كانی شاره خنجیلانه‌كه‌ی خۆم...!"

ئه‌و شتانه و زۆر شتی تر لێره، ده‌ستیان داوه‌ته ده‌ستی یه‌ک تا من بكه‌ومه‌وه بیری ئه‌وێ كه سه‌رده‌مێک "ماڵ" بوو!

****

ئێره ماڵ نییه!

ئێواره‌یه. شه‌قامه‌كان قه‌ره‌باڵغن. دووكانه‌كان پڕن له ژن و پیاو. ده‌نگی قاقای پێكه‌نینی چه‌ند كچ تێكه‌ڵاوی ده‌نگی پارچه‌یه‌ک موسیقای شاد و ده‌نگی بانگی ئێواره بووه. چه‌ند كچی گه‌نجن كه ده‌ست له قۆڵی یه‌كترین، شان به شان ده‌ڕۆن. یه‌كیان سه‌رپۆشی هه‌یه و ئه‌وانی تر نا! لێره پێكه‌نین نه حرامه، نه عه‌یبه. لێره ریتمی گۆرانی كه‌س له دین به‌ده‌ر ناكات. لێره به قسه كردنی كچێک و كوڕێک دونیا به ئاخر ناگات، داوێنی كه‌س په‌ڵه‌ی ناكه‌وێته سه‌ر. لێره شتێک هه‌یه من ده‌گه‌ڵی گه‌وره نه‌بووم: شادی!

****

ده‌ستی حه‌زره‌تی فاتمه!

له قه‌راغ ئه‌و ڕاكشاوم. خۆره‌كه‌ی زۆر گه‌رم نییه و ده‌نگی شه‌پۆله‌كان و ده‌نگی با هه‌رای خه‌ڵک ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێت و زوو دووریان ده‌كاته‌وه. پیاوێكی پیری بێ ددان، لێم دێته پێش. كۆڵێک ملوانكه‌ی به خۆیه‌وه هه‌ڵواسیوه بۆ فرۆشتن. ده‌ڵێ: ها، ئه‌وه‌م لێ بكره! ده‌پرسم ئه‌وه چییه؟ ده‌ڵێ: ده‌ستی حه‌زره‌تی فاتمه، خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ری خوا! ده‌ڵێم بۆچی باشه؟ ده‌ڵێ: به‌خت ده‌كاته‌وه! ده‌ڵێم باشه ئه‌گه حه‌زره‌تی فاتمه ده‌ستی هێنده به‌خێر بووه، نه‌ده‌با به‌ختی خۆی باشتر له‌و به‌خته‌ی بایه كه هه‌یبوو؟! ... به "الله اكبر" گوتن لێم دوور ده‌بێته‌وه ...

دوو یو ئازبن؟

نه‌مزانی ده‌گه‌ڵ‌ منێتی! ئه‌مه‌یان كابرایه‌كی تر بوو. دیسان دووپاتی كرده‌وه. دوو یو ئازبن!؟ ماوه‌یه‌كی باشی خایاند تا تێگه‌یشتم ئه‌وه یانی چی؟ گوتم نا. گوتی په‌نجه‌ی حه‌زره‌تی فاتمه بكره به‌ختت ده‌كرێته‌وه و مێردێكی باشت وه‌گیر ده‌كه‌وێ. پرسیم یانی ئه‌گه دوو دانه‌ی بكرم دوو مێردی باشم وه‌گیر ده‌كه‌وێت، هه‌روا بۆ ڕۆژی مه‌بادا؟ ... سه‌رێكی له‌قاند و دوور بووه!

****

درێژه‌‌‌ی هه‌یه ....





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------