Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

June 18, 2006


Souvenir De Tunise


ده‌مویست باسی Al Djem بكه‌م و ئه‌و بیرانه‌ی له دیتنی به‌نا كۆنه مێژووییه‌كان له لای مرۆڤێكی وه‌ک من سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، باسی ئه‌و هه‌سته نامۆیه‌ی هه‌زار پرسیاری هه‌تا هه‌تایه بێ وڵامم له لا زیندوو ده‌كه‌نه‌وه. باسی بازاڕی شاری Gabes و شه‌پۆلی مرۆڤه ناوچاوان گرژه‌كانی، باسی ناو گوزه‌ره نیوه تاریكه فێنكه‌كه‌ی و توڕه‌یی پیاوه‌كانی له دیتنی شانی ڕووتی كچێكی شیلیایی كه ئه‌گه هاوڕێ كوڕه‌كه‌ی ده‌گه‌ڵ‌ نه‌با ده‌یتوانی به‌ڵایه‌كی به سه‌ر بێت! ده‌مویست باسی Matmata و چیا به‌رزه‌كان بكه‌م، باسی بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ربه‌ر كه له دڵی كێودا ده‌ژین، ژووره‌كانیان به یارمه‌تی قوڵینگێكی نه زۆر گه‌وره "داده‌تاشن" ، كه دیتنی تی‌ڤی له شوێنێكی ئاوا و له كونێک كه ناوی ژووری دانیشتن بوو چه‌نده به لامه‌وه سه‌یر و شیرین بوو... ده‌مویست له Zefran بنووسم و له وشتره‌كانی، كه من یه‌كه‌م جار بوو له ژیانما وشترم له نزیكه‌وه ده‌دیت... ئیتر باسی له سه‌ر پشتی وشتر دانیشتن كه هه‌ر جێی خۆی هه‌یه.... باسی Chott El jerid - ده‌ریاچه‌ی خوێ - بكه‌م، كه چۆن ڕه‌نگه په‌مه‌ییه‌كه‌ی له دڵی بیابانێكی وشكی قه‌ڵشت قه‌ڵشت بوودا نه‌هێنی كاری شروشتی وه‌بیر ده‌هێنایه‌وه. یان باسی سه‌رسوورمانم له دیتنی ئه‌و باخی میوه‌یه كه ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ری بیابانه‌ و به‌س و خۆی وه‌ک بڵێی هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی ژیانی له خۆیدا كۆ كردۆته‌وه... یان باسی موزه‌خانه‌ی Tozeur كه چۆن به‌شێكی هه‌ره زۆری مێژووی ژیانی خه‌ڵک و خاكه‌كه‌ی ده‌خاته به‌ر چاوت... مه‌دره‌دسه‌ی قورئان، زه‌ماوه‌ند، شه‌وی خه‌نه‌به‌ندان، حه‌مام و كیسه له پشت كێشانی پیاوان، چێشتخانه‌ كۆنه‌كان، قاوه‌خانه به دابی كۆنیان، جل و به‌رگی ژن و پیاوی ئه‌و كات و ئێستای، زێر و زێوه‌كانی ده‌ست كردی به‌ربه‌ره‌كان، یان باسی Kairouan كه كۆنترین مزگه‌وتی لێیه و پیرۆزترین شاریانه ...

ئه‌وانه و زۆر شتی تر، كه هه‌م جوان بوون و هه‌م سه‌یر و هه‌م بۆ من تازه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بیری داگیر كردووم دیتنی كه‌ویر بوو. ئه‌وێ كه تا چاو بڕ ده‌كات كه‌ویره و كه‌ویر و دیسان كه‌ویر و ئه‌وه‌نده گه‌رمه كه وه‌ک‌ بڵێی خۆر به سه‌رتا ده‌توێته‌وه. ...

كـه‌ویـــــر...

كه‌ویر شوێنێكی سه‌یره. هیچی لێ نییه و كه‌چی تواناییه‌كی سه‌یری له له‌داو خستنی ڕوانینی مرۆڤ هه‌یه. ڕوو له هه‌رلایه‌ک بكه‌ی له یه‌كه‌م چركه‌دا پێتوایه هیچ نابینی كه‌چی ده‌ستی سروشت كارجوانی خۆی گه‌یاندۆته ئه‌و په‌ڕی خۆیی و هه‌ر لایه‌كی به جۆرێک ڕازاندۆته‌وه ... زه‌ردی خۆڕ و زه‌ردی زه‌وی تێكه‌ڵ ‌كه ده‌بنه‌وه وه‌ک بڵێی ئاوێنه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌یه‌كی تر داندراوه و بێ كۆتاییه‌ک له جوانی و ساكاری خوڵقاوه. كه‌ویر كه وه‌ک بڵێی خۆری له ناو خۆیدا تواندۆته‌وه ڕۆحت وا داگیر ده‌كات كه ته‌زێک - وه‌ک ته‌زی سه‌رما- له له‌شتا ده‌گه‌ڕێ و مرۆڤ به ده‌ست خۆی نییه چۆک داده‌دا. له‌پی ده‌ستی پڕ ده‌كات له لمه سووتاوه‌كه‌ و نوقم ده‌بێت...

كه‌ویر شوێنێكی سه‌یره... "هیچ" به‌دی ناكرێت و تۆ به دڵنیاییه‌وه چاو بۆ دیتن یان دیتنه‌وه‌ی ونبوویه‌كت ده‌گێریت. وه‌ک بڵێی دڵنیای دڵنیایی له جێیه‌ک، ڕه‌نگه له‌وێ كه جێ پێی زه‌رد هه‌ڵگه‌راوی تیشكی خۆر له سه‌ر زه‌ردی وشكی زه‌وی تێكه‌ڵ ‌بۆته‌وه، تۆ جێ پێی ونبوویه‌كه‌ت ده‌بینی و ده‌یناسییه‌وه. كه‌ویر دونیایه‌ک ترس و تاسه‌ت له لا زیندوو ده‌كاته‌وه. ترسی ئه‌وه‌ی نازانی چی چاوه‌ڕوانته و تاسه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌زانی ناتوانی قه‌ت به باشی بیناسی. ترسی ئه‌وه‌ی ده‌توانی ون بیت، ئه‌و كاته‌ی جێ پێیه‌‌كانت به خێرایی پڕ ده‌بنه‌وه.

كه‌ویر هه‌مووی نه‌هێنییه. نه‌هێنییه‌ک كه بۆ لێ تێگه‌یشتنی پێویست ناكات بۆت ئاشكرا بێ. كه‌ویر هه‌مووی بێده‌نگییه، و هه‌ر جووڵه‌یه‌ک، خشپه‌یه‌ک، هه‌ر هه‌ناسه‌یه‌ک ده‌نگێكه و وه‌بیرت دێنێته‌وه ڕێز له ژیان، ڕێز له سروشت بگری...

كه‌ویر شوێنێكی سه‌یره!




*******



- له ئه‌ل جه‌م بۆ نموونه فیلمی Gladiator تۆمار كراوه.
- له ماتماته چه‌ند فیلم، یه‌ک له‌وان، Star Wars ساز كراوه
- له شه‌ت ئه‌ل جه‌رید، بۆ نموونه فیلمی The English Patient چێ كراوه.

**

- ئه‌گه له سه‌ر ناوی شوێنه‌كان كلیک بكه‌ن، وێنه‌ی شوێنێه‌كه‌م داناوه!
- چه‌نددانه له وێنه‌كانم له گووگڵ وه‌رگرتووه.





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------