August 28, 2006
هه‌موو ڕۆژێ كه بچمه ده‌رێ، هێند سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبناندا ده‌كه‌م، له گه‌ڕانه‌وه‌دا ون ده‌بم. ڕێگه‌یه‌كی نیو ساعه‌ته به سێ ساعه‌ت ده‌گه‌ڕێمه‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش ئێستا ئیتر به‌شێكی زۆری شارم دیوه. ئادره‌س پرسینیش چاره‌ی ده‌ردم نییه، كه ده‌پرسم كاک یان دادی به‌ڕێز ده‌ڵێ "ڕێک بڕۆ؛ ده‌گه‌یی"، باوه‌ڕ كه تا ئێستا یه‌کجاریان پێ نه‌گوتووم له شوێنێک لاده‌م. كه پیاوی شۆفیر تاكسیم پرسی به‌ڕێز ئه‌و شه‌قامه ناوی چییه، گوتی به خوا من ده‌ساڵه "سایقم" له‌م شاره و نازانم ناوی ئه‌م شه‌قامه چییه. ده‌ی منی غه‌ریبی ئه‌جنه‌بی چۆن بزانم! ئه‌وه‌ی باشه ڕێگه‌ی خۆم ئه‌گه‌ر چی دره‌نگ به‌ڵام هه‌رده‌بینمه‌وه و ماندوو ماندوو ده‌گه‌مه‌وه ژووره‌كه‌م. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ، یه‌کشه‌ممه، دوو جار ون بووم. به‌یانی جارێک و ئێواره دره‌نگ جارێک و سه‌یرتر ئه‌وه كه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێواره ڕێم كه‌وته هه‌مان شوێن كه به‌یانی لێی ون ببووم. هه‌ر ئه‌مڕۆش چووم بۆ ئیداره‌ی پاساپۆرت ومانه‌وه، یا نازانم چی و مانه‌وه. زۆر ساڵ بوو ئاوا بێنه و به‌ره‌یان پێ نه‌كردبووم. كه پرسیارم كرد، كابراكه‌ی پێش ده‌رگا ڕیزێكی نیشان دام له‌وێ چاوه‌ڕوان بم، چووم له ڕیزدا وه‌ستام، دوایی كه جارێكی تر پرسیارم لێ كرد، گوتی "ڕسمت" پێیه، گوتم نا. گوتی ئێ ده‌بێ پێتبێ. ڕێگه‌ی ساعه‌تێک ڕۆیشتم تا شوێنێكم دیته‌وه وێنه‌ی "خێرا" ی ده‌گرت. هه‌ر دانیشتم كوڕه‌كه هه‌ر چاوی لێ كردم و بزه‌ی هات و ئاخر سه‌ر گوتی به‌خوا قژت زۆر سه‌یره!!! قه‌تم شتی ئه‌وها نه‌بینیوه. ده‌ی كه ئاماده بووم وێنه‌م بگرێت، چاوێكی تری لێ كردم گوتی:" ده‌رمانت بۆ بێنم لێوت سوور كه‌ی؟" جا بۆ پێكه‌نین له كۆڵم ده‌بۆوه! قسه‌كه‌ی زۆر شیرین بوو. گوتی به‌خوا قه‌تم لێره ژن نه‌دیوه بێ سوور وسپیاو بێن و "ڕه‌سم" بگرن. بێ لێوی سوور وێنه‌که‌م گرت و به په‌له گه‌رامه‌وه ئیداره‌كه. گوتی كۆپی "جه‌وازه‌كه‌ت" كوا؟ جارێ من نه‌مده‌زانی جه‌واز یانی چی. پاسپۆرتی مه‌به‌ست بوو. گوتم، ده‌ی پیاوی باش نه‌ده‌كرا هه‌ر ئه‌و كات ده‌نگت كردبا. چووم بۆ دوكانێكی بچووک له سه‌ر دیواره‌كه‌ی نووسرابوو " استنساخ" ئه‌وه یانی فتۆكۆپی. كه گه‌رامه‌وه سه‌رێكی له‌قاند و گوتی عه‌ریزه‌كه‌ت كوا؟ زۆری نه‌مابوو سه‌ری بگرم له دیواریی بده‌م. سێ ساعه‌ت له ژێر ئه‌و خۆره گه‌رمه به پا هاتوچوو كردن شۆخی نییه. كابرای عه‌ریزه نووس به كه‌یفی خۆی شۆره‌تی " له‌قب" منی گۆڕی و ناوی بابمی نووسی. دوای هه‌موو ئه‌و هه‌ڵات هه‌ڵاته ئیزنی مانه‌وه‌كه‌می مۆر نه‌كرد، گوتی بڕۆ "فه‌حسی خوێن" كه و‌ڵامیان دایه‌وه، وه‌ره‌وه لامان! نازانم تۆ بایی چیت ده‌كرد، من به‌ڵام بلاک ئاوتێكی ته‌واوم تووش بوو. له جه‌نگه‌ی ئه‌و هه‌موو ماندوویی و توڕه‌ییه‌دا، خانمی به‌رپرسی كامێرا و مۆبیل قژمی گرتبوو ناو ده‌ستی و پرسیار بارانی كردبووم چۆن و له كوێ وام له خۆم كردووه. ئه‌و ئێواره‌یه‌ش هه‌ر خۆم له ڕوانینی پڕ له پرسیاری ژن و پیاوی ناو پارک و ناو بازار كه زۆر به سه‌یری چاویان له قژم بوو، گێل ده‌كرد، و هه‌ر ده‌كه‌وتمه‌وه بیری قسه‌كه‌ی په‌ری و بزه‌م ده‌هاتێ. ئێواره پێش ئه‌وه‌ی بزانم ون بووم مه‌یدانی كتێبفرۆشه‌كانم دیته‌وه. ئه‌مجار ئیتر به هۆی قژم نا، به هۆی ئه‌وه‌ی له ناو شه‌پۆل شه‌پۆل پیاوی پیر و گه‌نج كه ده‌وره‌ی مه‌یدانه‌كه‌یان دابوو، من ته‌نیا "ئافره‌تێک" بووم كه هه‌موو ڕێگه‌یان بۆ چۆڵ ده‌كرد. زۆر كتێبم به لاوه تازه بوو. ناوی نووسه‌ره‌كانم هه‌ر نه‌ده‌زانی، زۆربه‌یان نووسه‌رانی باشووری كوردستان بوون. كتێب له سه‌ر "سێكس و ته‌ندروستی" زۆر بوو، دیاره ناوه‌ڕۆكیانم نه‌دی، به‌ڵام خۆش بوو وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كان كچێكی نازداری به‌ڕواله‌ت ئوروپی بوو كه مه‌مكه‌کانی به حوكمی خوا یان سیلیكۆن ته‌واو گه‌وره و پیاوپه‌سه‌ند بوو و له ژێر كراسه ته‌نكه‌كه‌ی ده‌ر كه‌وتبوون. قه‌یمه‌تی ئه‌و كتێبانه له چاو كتێبه‌كانی تر زۆر كه‌متره. یه‌ک دوو ڕۆژی تر ده‌چمه‌وه و چاوێک له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبانه ده‌كه‌م! ڕۆمانی ئاوه‌كی "ڕۆمانسی" به ناوی سه‌یر سه‌یری وه‌ک - تۆم هه‌ر خۆش ده‌وێت، بێ تۆ ناژیم، به خوا بێ تۆ هه‌ر ده‌مرم، ده‌ستم به‌رده با خۆم بكوژم (ئه‌وه كه‌مێکم پێوه‌نا)...- یه‌کجار زۆره. كه‌وتمه بیری كتێبه‌كانی دانیه‌ل ستیل كه خۆراكی میرمنداڵه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه بوو. منیش تاقه كتێبی "پیمان"م لێ خوێندۆته‌وه. به گشتی كتێب له مایه‌ی كتێبه‌كانی "ر. اعتمادی" فراوان فراوان موجود می‌باشد. دار‌و دیواری شار ڕێكلامه. ڕێكلامی جگه‌ره و مۆبایل و هه‌ندێ شتی تر. ته‌ح كه خه‌ڵكی ئه‌و شاره نه‌وسنن، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ڕۆیی و كه‌بابخانه ده‌بینی. كه‌بابخانه‌ی سه‌یران و حه‌یران و جه‌یران و مه‌یران و ... به قه‌وڵی كاک سۆران كه ڕۆژی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڵم هات بۆ ناوشار، كارخانه‌ی سازكردنی شت و مت هه‌ر نییه، به‌ڵام بازاری كڕینی ئه‌و شتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ڕا دێن گه‌رم گه‌رمه. بازاری مۆبیل یه‌کجار گه‌رمه. مۆبیل، "سه‌یاره" و جگه‌ره ... باقی شته‌كان، تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگه ڕه‌نگینه‌كه‌ی خۆمان، هه‌ر وه‌ک خۆیه‌تی. كوڕان هێشتا به‌دواتا دێن. قسه‌ت هه‌ر پێ ده‌ڵێن، هێشتاش فێر نه‌بوون خۆیانت به قوربان بكه‌ن و هه‌ر باوكی هه‌ژاریان كه ڕه‌نگه ئاگای له هیچش نه‌بێت چه‌پ و ڕاست به قوربانی تۆی ده‌كه‌ن. خه‌ڵک تووی ده‌قرتێنن و فڕێی ده‌ده‌نه پێش خۆیان، مۆز ده‌خۆن و تۆكڵه‌كه‌ی فڕێ ده‌ده‌نه ژێردارێک، ناو جۆگه‌یه‌ک، تۆكڵه شووتی، ده‌به‌ی پلاستیكی گه‌وره و بچووک، قوتوو "بێبسی" - به پێپسی هه‌ر ده‌ڵێن بێبسی- و ... له هه‌موو شه‌قامه‌کان و كۆڵانه‌کان فڕێ دراون و كه‌س ئاوڕووی لێناداته‌وه. ته‌نانه‌ت ناوڕاست شاریش كه‌لاوه‌ی لێیه ...
Comments:
Post a Comment
|