September 1, 2006
سه‌را: هه‌ر له ونبوونه‌كانمدا بوو ئێواره دره‌نگانێک، "سه‌را"م دیته‌وه. مه‌یدانێكی قه‌ره‌باڵغ، شپرز، وه‌ک كۆڕێكی گه‌وره‌ی پیاوانه ده‌هاته به‌رچاو. تا چاو بڕده‌كات پیاوی به‌ته‌مه‌ن و كوڕی گه‌نجی لێیه. ڕه‌نگه تاقه لۆقه داپیره‌یه‌كی چارشێوبه‌سه‌ر ببینی كه خه‌ریكی كڕینی میوه یا "چره‌ساته". ئیداره‌ی داد له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه‌یه. خۆڵاوی و چۆڵ دیاره. هێشتا لێی نزیک نه‌بوومه‌ته‌وه. چه‌ند دانه "مـــرور"، ئاگایان له هاتوچۆی ئوتومبیله‌كانه. كتێبفرۆشه‌كان، كتێبه‌كانیان له ده‌وری مه‌یدانه‌كه هه‌ڵچنیوه. له لای دانه دانه‌یان چركه‌یه‌ک ده‌مێنمه‌وه. ئه‌و كتێبانه‌ی سه‌رنجم ڕاده‌کێشن، هه‌ڵده‌گرم، قه‌یمه‌تیان ده‌پرسم و خێرا پرسیاری ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م فرۆشیان چه‌نده، كێ چی ده‌كرێت و كام كتێب زۆر ده‌فرۆشترێت. یه‌كیان له‌وان كوڕێكی گه‌نجه. ده‌ڵێ كتێبی سه‌باره‌ت به "سێكس و زانیاری" فرۆشی زۆره. ئه‌مجاره‌یان چه‌ند دانه له‌و جۆره كتێبانه هه‌ڵده‌گرم و چاوێک له نووسراوه‌كانی ده‌كه‌م. وه‌بیر قسه‌كه‌ی به‌ختیار ده‌كه‌ومه‌وه كه ده‌یگوت زۆر باشه كتێبی ئه‌وهامان هه‌بێت، به‌س مه‌ترسییه‌كه ئه‌وه‌یه هیچكه‌س نووسه‌ر یان وه‌رگێره‌که ناناسێ و سه‌رچاوه‌ی كتێبه‌كان نازانێ. بۆیه ناتوانین له ڕاست و درووستی و زانستی بوونی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌که دڵنیا بین. چه‌ند كتێبی تر سه‌رنجم ڕاده‌کێشن. سه‌رجه‌م گۆرانییه‌كانی داریوش و معین كراوه به كتێب و كوڕه‌كه گوتی ده‌فرۆشرێت. ڕۆمانی ڕۆمانسی زۆره و فرۆشی باشه. مامۆستا په‌شێو سه‌رجه‌م شێعره‌كانی و كۆمه‌ڵێک شێعری بڵاونه‌كراوه‌ی له دوو به‌رگدا چاپ كردۆته‌وه. له قه‌یمه‌تیان ده‌پرسم. هه‌ر دووكیان به 1500 دینار، كتێبی "ئه‌مشه‌و یادی عه‌شق ده‌كه‌م" له ته‌نیشتی كتێبه‌كانی په‌شێوه، قه‌یمه‌ت: 2000 دینار. ده‌ڵێ ئه‌م ڕۆمانه باشتر ده‌فرۆشترێت. مۆسیقا: له زۆربه‌ی شوێنه‌كان و شه‌قامه‌كان ده‌نگی مۆسیقا دێت. وه‌ک شتێک حه‌زی مۆسیقا لێره له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا قه‌تیس ماوه‌ته‌وه. بۆ نموونه له زۆر شوێن گۆرانی "صبحت بخیر عزیزم"ی معین و گۆرانییه كۆنه‌كانی زیاد ئه‌سعه‌د ده‌بیسترێن. كۆڕه گه‌نجه‌كان به قه‌ولی مامۆستا عه‌تا، كۆڵیان داوه. هه‌موو شتێكیان ده‌وێت به‌ڵام نه‌ک به خۆماندوو كردن. له ڕێكخراوه‌ی لاوان كه كه‌میش نین، زۆر كه‌م به‌شدار یان چالاک ده‌بن. هه‌ندێ ڕێكخراوه، له‌وان ڕێكخراوه‌ی گه‌شه پێدانی مه‌ده‌نییه‌ت پرۆژه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ژنان و گه‌نجان هانبدات له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن له دیاری كردنی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌وریان هه‌بێت. كچه‌كان، نازانم بڵێم چی. خۆم كه ده‌بینم و ئه‌وان كه ده‌بینم وه‌بیرم دێته‌وه من چ بێڕه‌نگ و خۆڵاوی ده‌گه‌ڕێم. له ده‌رێ كه ده‌یان بینی نازانی له میوانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه یان به‌ڕێوه‌ن بۆ شاییه‌ک، زه‌ماوه‌ندێک. با ئه‌وه‌ش بڵێم لێره هێشتا ڕێژه‌ی خوێندنه‌وه و سه‌ردانی كتێبخانه‌ی گشتی كردن له ناو كوڕاندا زۆرتره تا كچان. من ئاماری سێ مانگی ڕابردووم كه چاو لێ كرد شه‌ست تا هه‌فتا له سه‌دی ئه‌وانه‌ی كتێب قه‌رز ده‌كه‌ن یان له‌وێ داده‌نیشن كتێب بخوێننه‌وه، كوڕانن. زمان: شوێنی فێركردنی زمانی ئینگلیزی یه‌کجار زۆره. بۆ منداڵان و گه‌وره‌سالان. دیسان به‌ختیار بوو ده‌یگووت ئیتر له ناو گه‌نجه‌كان زۆر كه‌من ئه‌وانی عه‌ره‌بی بزانن یان حه‌ز بكه‌ن فێری بن. یه‌ک دوو شوێنی فێركردن زمانی فه‌رانسی خه‌ریكه ده‌كرێته‌وه. زۆر كه‌سیش له كۆرسه‌كانی فێربوونی زمانی فارسی به‌شداری ده‌كه‌ن. كتێبخانه‌ی گشتی: یه‌كه‌مجار كه ده‌گه‌ڵ سۆران چووم، گه‌وره‌یی و جوانی بیناكه زۆری سه‌رنج ڕاكێشام. به‌شی كوردی، فارسی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی هه‌یه. هه‌روه‌ها به‌شێكی منداڵان. جاره‌كانی تر كه چووم به‌شه جۆربه جۆره‌كانم بینی و بۆ دیتنی ئاماری خوێنه‌ران چه‌ند ساعه‌تێک له‌وێ مامه‌وه، سه‌رم سووڕما. له به‌شی ڕاپۆرت پێنج كه‌سی لێ بوو، من نه‌مزانی ئیشیان چییه. نزیک دوو ساعه‌تێک له‌و ژووره بووم، دوودانه له‌و پێنج دانه سه‌رقاڵی دیتنه‌وه‌ی كه‌سێک بوون بچێ نان و كه‌بابیان بۆ بێنێته‌وه، سه‌عات تازه ده و نیوی به‌یانی بوو! چابوو شكوووووور عه‌به ناوێک په‌یدا بوو ئه‌م كاره بكات. دوودانه‌ی تر باسی من و قژی منیان ده‌كرد، نازانم پێیان وابوو كوردی نازانم یان دڵنیا بوون گوێم گرانه و نابیستم. یه‌كیان كه چووبوو ڕاپۆرته‌كان بۆ من بێنێت، هه‌ر هاته‌وه گوتی: "زه‌حمه‌ت نه‌بێ كه‌مێک خێرا به، له سه‌ر ڕۆیشتنم!" ئه‌وه ته‌نیا نموونه‌یه‌كی بچووک بوو. ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی له به‌شی كتێبه كوردییه‌كان بوون به گیانی خۆم به زۆری وڵامی پرسیاریان ده‌داوه، وه‌ک بڵێی من له‌وێ كاتم گرتوون. یان هێشتا نه‌یانزانیوه ئه‌وه ئیشی ئه‌وانه و ده‌بێ وڵام بده‌نه‌وه. له هیچكام له به‌شه‌كان نه‌مدی به كۆمپیوته‌ر ئیش بكه‌ن. هه‌ینی: سه‌یره، دڵته‌نگی ڕۆژانی هه‌ینی هه‌ر وه‌ک خۆی ماوه!
Comments:
Post a Comment
|