Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 1, 2006

شێره‌ژنێک، مشکێک، قیژه‌ی هالیوودی و باقی به‌سه‌رهاته‌كه:

له‌بیرمه منداڵ بووم جارێكی ده‌گه‌ڵ براكه‌م شه‌ڕم كردبوو یان ئه‌و شه‌ڕی ده‌گه‌ڵ من كردبوو. وه‌بیرم به‌ڵام نایه له سه‌رچی بوو. له‌بیرمه چوومه ژووره‌كه‌ی خۆم، ده‌رگام پێوه‌دا و له سه‌ر لێواری ته‌خته‌كه‌م "نیوه ڕاكشام" و سه‌رم كرده سه‌ر سه‌رینه‌كه‌م و گریام. براكه‌م دوای ماوه‌یه‌كی كورت هاته ژووری من و كه دی ئاوا "شیک" خه‌ریكم ده‌گریم، به ته‌وسه گوتی " خانم مۆدێل هالیوودی ده‌گری!"

بۆخۆم وه‌پێكه‌نین كه‌وتبووم. ڕاستی ده‌كرد. ئه‌و جۆره گریانانه زۆر شیكن و بۆ كاتی توڕه‌یی نابن. ئیتر من له كوێ فێری ئه‌و مۆدێله ببووم نازانم! له‌و شه‌وانه‌شدا مێژوو دووپات بووه! لێره، كه ده‌رگای ژووره‌كه‌م كرده‌وه، مشكێكی ناحه‌زی ناشیرینی پیسی قاوه‌یی له سه‌ر مێزه‌كه‌ دانیشتبوو و نازانم خه‌ریكبوو چی ده‌خوارد. من كه زه‌نده‌قم چووبوو، چاوه‌ڕوانی وه‌ی بووم به هه‌موو هێزی خۆمه‌وه بقیژێنم و هه‌ڵێم. كه‌چی هه‌ر دوو ده‌ستم له سه‌ر گۆنام دانا و قیژه‌یه‌كی نه‌رم و نیانم كرد. خۆم به زه‌حمه‌ت گوێم له هاواره‌كه‌م بوو. مشكی خوێن تاڵ، هه‌ر ئاوڕووی له من نه‌داوه و خه‌رامان خه‌رامان چوو له ژێر یه‌كێ له ته‌خته‌كانی ژووره‌كه خۆی حه‌شار دا. من چیم كرد؟ چاوێكم له ئاوێنه‌ی ته‌نیشتم كرد. دیم ده‌سته‌كانم هه‌روا له سه‌ر گۆنام بوون. لیوانه‌كه‌م هه‌ڵگرت چووم چایی بێنم!!!

له ده‌ڕێ تووشی كاک ده‌شتی و دووی دی بووم. گوتم كاكه ژووری من مشكی لێیه، زه‌حمه‌ت نه‌بێ، بۆمان بگره! سێ كه‌ڵه‌ پیاوم بۆ ڕاوه مشک نارده ژووره‌كه‌م و خۆم له ده‌رێ چاوه‌ڕوانیم كرد. مشک په‌یدا نه‌بوو. هه‌رچی په‌توو و دۆشه‌گ و باله‌نج و ته‌خت بوو له ژوورێ هه‌ڵیان ته‌كاند. ده‌رگاكانیان به یه‌کدادا. مشک " به ئاودا چوو" و نه‌ما. جله‌كانم هه‌موو برد بۆ شۆردن. گوتم ئه‌ی، نه‌ک به سه‌ریاندا پیاسه‌ی كردبێت. نه‌خێر كوبی خانم به ده‌ست نه‌مشۆرد. به پا كه‌وتمه گیانی جله‌كانمه‌وه. كه هاتمه‌ ده‌ر، ده‌بینم مشكی سه‌گ باب، به لاروله‌نجه له ژووره‌كه‌ی من هاته‌ده‌ر و به كاوه‌خۆ چووه ناو ژووره‌كه‌ی ته‌نیشتم. شیلانگم هێنا دارودیواری ژووره‌كه‌م شووشته‌وه. دوور له چاوی به‌رپرسه‌‌كانی ئه‌م شوێنه، مه‌لافه‌یه‌كم هێنا و كونی ژێر ده‌رگام پێ گرت تا مشکه نه‌توانێ بگه‌رێته‌وه. ئیتر وه‌مزانی دڵم به‌و شتانه ده‌حه‌سێته‌وه. خه‌ریک بووم جله‌كانم هه‌ڵده‌خست به‌رق (كاره‌با) نه‌ما. بۆ مه‌گه من ده‌موێرا بچمه‌وه ژوورێ. خۆم به چاوی خۆم دیم مشكه ڕۆیشت، كه‌چی هه‌رچی كردم نه‌موێرا به تاریكی بچمه‌وه ژوورێ. خۆ چرای نه‌فتیم نییه هه‌ڵیكه‌م و له تاریكیدا دانه‌نیشم. له سه‌ر پلیكانه‌كانی به‌رده‌رگا دانیشتم. دڵم خۆشبوو گوتم زۆر زۆره‌كه‌ی ساعه‌تێكی تر به‌رق دێته‌وه. به‌ڕێزێک هات كه‌مێک قسه‌ی ده‌گه‌ڵ‌ كردم، باقی كاته‌كه‌ش خۆم به ژماردنی تاقه لۆقه ئه‌ستێره‌ی كاڵ و دووری ئاسمان سه‌ر قاڵ كردبوو. نیشان به‌و نیشانه به‌رق تا ساعه‌ت 1:15 به‌یانی (نیوه شه‌و) نه‌هاته‌وه. كه به‌رقیش هه‌ڵبووه، ده‌رگام كرده‌وه، به ته‌قه ته‌ق چوومه ژوورێ، گوتم با ئه‌گه مشكی لێیه بترسێ. تا به‌یانی چاوم له سه‌ر یه‌ک دانه‌نا. هه‌ر چاوم له ژێر ته‌خته‌كانی تر و سه‌ر مێزه‌كه بوو. ده‌مگوت با ئه‌گه هات، زوو هه‌ڵێم!

هه‌موو ئه‌وانم گێراوه ئه‌وه بڵێم كه كاتێ گوتیان " یانی ئه‌وه‌نده له مشک ده‌ترسی؟"، زۆر له سه‌ره‌خۆ و به دڵنیاییه‌وه گوتم: "نا، ناترسم، هه‌ر زۆرم پێ پیسه!"


Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------