October 9, 2006
هاوڕێم، بیرده‌كه‌مه‌وه، له‌وێ و ئه‌و كات كه یه‌كترمان دیت و ناسی، باشترین كات و شوێن بوو بۆ یه‌كتر دیتن و ناسین. بیرده‌كه‌مه‌وه لێره كه ئاسمان نزمه، لێره كه شه‌قامه‌كان بۆ پیاسه كردن نابن، و كۆڵانه‌كان بۆ پیاسه‌كردن نابن و كه دارستانی وای نییه چایی و سی‌و بیسكویت هه‌ڵگری و بچی له به‌ر خۆره بێ گیانه‌كه‌ی دانیشی و بگری و پێبكه‌نی و قسه بكه‌ی، لێره كه دارودیوار چاویان هه‌یه و زمانیان هه‌یه و ئێشت پێ ده‌گه‌یه‌نن، من و تۆ كه‌ی ده‌مانتوانی چركه چڕوپڕه‌كانمان له‌یه‌كتر گرێ بده‌ین و ئه‌و شته‌مان هه‌بێت كه ئێستا هه‌مانه؟ كه‌چی ئه‌و یه‌ك مانگ و چه‌ند ڕۆژه، هه‌موو ڕۆژێ بیرت به بیرمدا دێت و به خۆم ده‌ڵێم بیر بكه‌وه ئه‌گه لێره ده‌بووی! بیرده‌كه‌مه‌وه ئاواته‌كان، خۆزگه‌كان و خه‌ونه‌كانمان لێره، له كۆتایی كۆڵانێكی دوور و خۆڵاوی به‌ش ده‌كرد و ... لێره‌ش پاییزه. نه بایی دێت به‌ڵام، نه باران ده‌بارێت. هه‌وا هه‌ر گه‌رمه و من ناكه‌ومه بیری هاوینی هیچ ساڵێک! ڕه‌مه‌زانیشه و عه‌یبه و وامه‌كه و وامه‌ڕۆ ئه‌وه‌نده‌ی تر زۆرتر. من؟ باشم! هه‌م. دێم. ده‌ڕۆم. قژم له به‌ر گه‌رمای خۆری پاش نیمه‌ڕۆكانی وشك ده‌كه‌مه‌وه. به‌یانیان دووپات ده‌بمه‌وه و شه‌وانه خۆم له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بوون و هه‌ن و نین و نابن، گرێ ده‌ده‌مه‌وه. هێشتاش هه‌ر چایی زۆر ده‌خۆمه‌وه. خواردنه‌وه كه نا، خۆت ده‌زانی، تێیده‌كه‌م، دایده‌نێم، سارد ده‌بێته‌وه و ده‌چم ده‌یگۆڕمه‌وه به چایه‌كی گه‌رم... تا ئه‌ویش سارد بێته‌وه و ... كتێب ده‌خوێنمه‌وه. جێگه‌ت خاڵی، چه‌ند هه‌فته پێش كه میوانه‌كانم لێره بوون، شه‌وی شێعری دوو كه‌س و نیویمان هه‌بوو. ئێمه بووین و هێمن. چه‌ند ڕۆژ دواتری شازده‌م بۆ خوێنده‌وه! وه‌کی دی، ده‌ڕۆمه ده‌ر، به بیانووی شت كرین. ئاخر ئێره بۆ پیاسه كردن نابێت یان من نایزانم! تی‌ڤی و رادیۆم نییه. ڕۆژنامه‌كان چه‌ندیان ده‌خوێنمه‌وه. دڵته‌نگیش كه ده‌بم، نه ده‌نگی عود هه‌یه و نه سه‌نتور كه دوور ببمه‌وه. ده‌یتوانی باشتر بێت، به‌ڵام باران خۆ هه‌ر نابارێت. چه‌ند ڕۆژ پێش چه‌ند دڵۆپه باران باری، كه چوومه سه‌ر پلیكانه‌كان پڕ بووم له بۆنی گڵ. هه‌ر له‌وێ دانیشتم و باران لێیدام... شنـــۆ، ڕۆژێک دواتر لێمی پرسی "دۆینی بۆ وا بێ تاقه‌ت بووی؟" ... نه‌موێرا بڵێم بێ تاقه‌تی نه‌بوو، دڵخۆشی ئه‌و چه‌ند دڵۆپه بارانه بووم كه دره‌نگ هات و زوو لێی كرده‌وه، ڕاستیت نه‌موێرا بڵێم حه‌زم له بارانه. جۆرێک دڵنیام كرد كه بێ تاقه‌ت نه‌بوومو به‌س! ده‌زانی، لێره، به هه‌موو خۆشی تایبه‌تییه‌كان و مرۆڤه باشه‌كانی، وه‌ک بڵێی هێشتا، جێ بۆ ژیان، بۆ بوون كه‌مه! وه‌ک بڵێی شتێک، له شوێنێک، به شێوه‌یه‌ک ونه و تۆ به هه‌ر هه‌نگاوێک، به دوای هه‌ر هه‌ناسه‌یه‌ک، دوای هه‌ر سه‌فه‌رێک هه‌ست به قورسایی نه‌بوونی ده‌كه‌یی، لێم تێده‌گه‌ی ده‌ڵێم چی؟ له بیرته جارێک گوتم وه‌ک بڵێێ مستێک ورده شووشه‌یان كردبێته ناو سیییه‌كانم و به هه‌ر هه‌ناسه‌یه‌ک لێواری تیژی له‌ته شووشه‌كان له جه‌رگ و دڵم ڕۆده‌چن ... ئاوایه! نازانم چۆن بڵێم، وه‌ک بڵێێ مرۆڤ لێره فێر ده‌بیت بژیت بێ ئه‌وه‌ی به دوای به‌خته‌وه‌ری بێت. ئه‌وه من ده‌ترسێنێت! ڕه‌نگه باشتر بێت به قسه‌ی عه‌تای خۆشه‌ویست بكه‌م و "سه‌ختی نه‌گرم" به‌ڵام ناكرێت. مه‌گه ده‌توانی هه‌ندێ شت ببینی و شان هه‌ڵخه‌یه‌وه و خۆت له كوچه‌ی عه‌لی چه‌پ بده‌ی!؟ هه‌ر جار كه له دیتنی ڕێكخراوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێمه‌وه، هه‌ر جار كه ڕۆژنامه‌كان ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ر جار كه له كۆبوونه‌وه‌یه‌ک دانیشتووم، له كۆنفرانسێک دێمه‌وه، كه گوێ بیستی قسه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی ناوشار، گه‌نجه‌كانی هه‌له‌بجه و ... ده‌بم، بیرده‌كه‌مه‌وه تا كه‌ی ئاوا ده‌مێنێته‌وه؟ شته‌كان چۆن ده‌گۆڕدرێن؟ ئه‌و شتانه بڵێێ قه‌ت بگۆڕدرێن؟ ... ئه‌وانه و هه‌ستی بێ ده‌سه‌ڵاتی و ته‌نیاییه‌كانی خۆم ماندووم ده‌كات. دڵته‌نگم ده‌كات. زۆر شت هه‌ن بۆ نووسین نابن. یانی دارشتنیان زه‌حمه‌ته، چۆنی بنووسم كه خراپی نه‌كه‌م، كه بتوانم مه‌به‌ستم بگه‌یه‌نێم، كه ئیتر مۆری "بورژوا" و "خۆ لێ گۆڕدراو" و " خه‌می ئوروپی" له ناوچاوانم نه‌درێت... ئه‌وانه داده‌نێم بۆ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م تا خۆت گوته‌نی تا نیوه شه‌و و به ده‌م باوێشکدان، باسی بكه‌ین ... تا ئه‌و كات ئاگات له خۆت بێت بۆ من!
Comments:
Post a Comment
|