December 7, 2006
* کۆرپه‌ی دڵی من باوه‌ش تۆی ده‌وێ گڕوی لێ گرتوم بۆم نانوێ شه‌وێ * سه‌رما ده‌ستی پێکردووه و ئه‌وه‌نده مامه‌وه تا باران و شڵێوه‌یه‌که‌ی ئێره‌شم دی. پیره‌مه‌گرون ده‌مێکه به‌فری لێنیشتووه و به‌فره‌که‌ی سه‌ر شاخی سه‌فین ده‌مێکه هه‌نگاوه‌کانی سه‌ر شه‌قامه‌کانی شه‌قڵاوه‌ی تێکه‌ڵی ته‌زو له‌رزی سه‌رمایه‌ک کردووه. ڕۆژی گه‌رانه‌وه نزیک ده‌بێته‌وه. ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین، پڕ بوون له به خۆدا چوونه‌وه، شکان، شکانه‌وه، گریان و دڵته‌نگی و توڕه بوون. پڕ بوون له پێکه‌نین و له خۆشیان هه‌ڵخستنه‌وه. ئاشنا بوونم ده‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی زۆر باش و تێگه‌یشتوو. دیتن و قسه کردن ده‌گه‌ل کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی گه‌نجی چالاک به دڵێکی پڕ له خه‌یال و ئاواتی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بۆ کوردستان، کۆمه‌ڵێک گه‌نج به سه‌رێکی پڕ له خه‌یاڵ و ده‌ستێک له ده‌سه‌ڵات دوور ... ئه‌و ڕۆژانه پڕ بوون له وۆرک شۆپ، کۆبوونه‌وه و کۆنفرانس، له وۆرک شۆپه‌کانی "هاندانی ژنان و گه‌نجان بۆ به‌شداریان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن" و کۆبوونه‌وه‌کانی گروپی هه‌ڵوێست له سه‌ر ده‌ستور و ماده‌کانی و کۆبوونه‌وه له پارله‌مان بۆ قسه له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فره ژنی تا کۆنفرانسی "به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه ده‌گه‌ل توند وتیژی دژ به ژنان" که هه‌ر ڕاپۆرته‌که‌ی پێشکه‌شیان کرد به‌س بوو بۆ کۆلانه‌وه‌ی برینه کۆن و تازه‌کان. ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین پڕبوون له سه‌ردانی ڕێکخراوه جۆر به جۆره‌کانی هه‌رێمی کوردستان. ڕێکخراوه‌کانی ژنان و گه‌نجان و سه‌نته‌ری ڕاهێنانی ڕۆژنامه نووسان و و خانه‌ی نه‌وجه‌وانانی کچان و ... ئه‌م ڕۆژانه که تێپه‌ڕین پڕبوون له سه‌فه‌ر، له یه‌که‌م سه‌فه‌رم بۆ پێنجوێن ده‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک تا چه‌ند سه‌فه‌ری ئاخرم بۆ ده‌هۆک و زاخۆ و ڕواندز به ته‌نیایی. دیتنی هه‌له‌بجه و گه‌ڕان به ناو شه‌قامه‌کانی، خه‌مێکی قورسی خسته سه‌ر دڵم. ماوه‌یه‌کی باش دوای یه‌که‌م سه‌فه‌رم بۆ هه‌له‌بجه پڕبووم له توڕه‌ییه‌کی سه‌یر. گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ هه‌ولێر و که‌رکووک دوایی ئه‌وی ڕۆژی یه‌که‌می هاتنم به خێرایی پێیدا تێپه‌ریبووم و وێنه‌یه‌کی زۆر خۆڵاوی بۆ سازکردبووم ده‌رفه‌تێک بوو تا ئه‌م دوو شاره باشتر ببینم و هه‌ستیان پێ بکه‌م. بۆ دیتنی که‌رکووک ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆ بووم به هه‌موو مه‌رجه‌کان ڕازی بووم. دیتنی قه‌ڵات و سه‌یری شاری هه‌ولێر کردن له به‌رزایی قه‌ڵاوه هه‌ستێکی تایبه‌ت بوو. قه‌ڵای هه‌ولێر ئه‌گه‌رچی هیچی له وێنه‌کانی نه‌ده‌چوو به‌ڵام جێ پێی کۆنی مێژوو به سه‌ریدا، له مێژووی کۆنی بوونی نه‌ته‌وه‌که‌م ده‌دوا. له دووکان و ده‌ربه‌ندیخان که ده‌رکه‌وتم، گه‌رمیان ده‌ستی پێ کرد. هه‌زار ساڵ بوو ده‌ست ڕه‌نگینی سروشتم ئاوا له نزیکه‌وه نه‌دیبوو. دۆڵ و چیا به‌رزه سه‌وزه‌کان، سه‌دی سیروان و ... که‌لار. که‌لار و بۆنی ئه‌نفال... دواتر نۆره‌ی کۆیه بوو. شاری شه‌قامه ته‌سکه‌کان و بۆنی نانی گه‌رم. شه‌قڵاوه به‌ڵام دڵی به یه‌کجاری بردم. شه‌قڵاوه جوان بوو، زۆر جوان. له نه‌رمه سه‌ره‌وژێرییه‌که‌ی ناو بازار که ده‌چییه خوار، دووکانه‌کانی ئه‌م به‌ر ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که باریکه‌که‌ت، ته‌واو له به‌رچاوه. دووکانه‌کان بچووک و پڕن. زۆریش سه‌یر نییه ئه‌گه قاوه‌خانه‌یه‌ک، چێشتخانه‌یه‌ک، نووسینگه‌یه‌ک و سه‌رتاشخانه‌یه‌ک و... به ڕیز ناویان "سه‌فین" بێت. له هه‌رلایه‌کی شه‌قڵاوه لاکه‌یه‌وه، چیای سه‌فینت لێ دیاره که به مێهره‌بانییه‌وه ده‌ڕوانێته سه‌ر شار و شار به دڵنیاییه‌وه پاڵی به سنگییه‌وه ناوه. له هه‌موو ئه‌و گۆنده بچووک و زۆر بچووکانه‌ی پێیاندا ڕۆیشتووم یان لێیان دابازیوم، دیتنی بێرکۆت و گه‌ران له ناویدا و دانیشتن ده‌گه‌ڵ پیره‌کان و منداڵه‌کانی گونده‌که مانایه‌کی تایبه‌تی بۆم هه‌بوو. هه‌میشه پێموابوو بێرکۆت گوندێکی سه‌وزه. پێموابوو سه‌ربانی ماڵه‌کانی نزمن و کۆتایی کۆڵانه‌کانی به کۆڵانێکی تر ده‌ست پێده‌کات و ڕێک له سووچی دوو کۆڵانی ئاوادا کیژ و کوڕ دڵداری ده‌که‌ن. پێموابوو باران که ده‌باری بێرکۆت پڕ ده‌بێت له بۆنی گڵ ... بێرکۆت سه‌وز نه‌بوو. کۆڵانه‌کانی هه‌ڵقه‌ندرابوو و منداڵه‌کانی له سه‌ر بلۆکی گه‌وره‌ی سمیت کایه‌یان ده‌کرد و ... ڕواندز و ده‌هۆک و زاخۆ و بێخاڵ و ئاکرێم دیت. ڕواندز و ده‌هۆکم ئه‌گه نه‌دیبایه، مانه‌وه‌ی ئه‌و سێ مانگ و دوو هه‌فته‌یه‌م شتێکی گه‌وره، زۆر گه‌وره‌ی که‌م ده‌بوو. ڕواندز به قه‌د وێنه‌کانی لێم دیبوو، نا، بگره جوانتریش بوو. زۆر جوانتر. ڕواندز شاری ڕه‌نگه‌کان، شاری سه‌ربانه نزمه‌کان، شاری هه‌موو ڕه‌نگه سه‌وزه‌کان. ڕواندز شاری ژیکۆی چلمن و ئه‌حمه‌دی شه‌رمن و ڕه‌وای پڕ قسه‌یه که به له‌تێک دار به خاکه وشکه‌که‌ی پێش ده‌رگای ماڵه‌کانیان به ساعه‌ت کایه ده‌که‌ن... زێی بادینان که ده‌ستی پێ کرد، سیمای سروشتیش گۆڕدرا. چیاکان به‌رز و سه‌وز بوونه‌وه، دۆڵه‌کان ڕازاوه‌ترین دیمه‌نیان ده‌خستی به‌رچاو. سه‌وزی دۆڵ و چیا ڕوحی ده‌لاواندییه‌وه و له دڵه کوته‌کانتی دوور ده‌کردییه‌وه. ده‌هۆک، شه‌قامه قه‌ره‌باڵغه‌کانی، دووکانه ڕێک و پێکه‌کانی، چێشتخانه و خواردنه خۆشه‌کانی، کوڕه جوانه‌کان و کچه جوانه‌کانی، په‌یکه‌ری دایک و دوومنداڵه‌کانی له مه‌یدانێکی شار، پیاوه پیره "دڵ ته‌ڕه‌کان و چاو چاوێن کردنه‌کانیان"، ... ده‌هۆکم خۆش‌ویست. ده‌هۆکم زۆر خۆش‌ویست... ئیتر ئه‌وانه و دیتنی په‌یکه‌ری خانزاد میری سۆران و دیتنی چیای هه‌ڵگورد و هه‌ندرێن و بیستنی چیرۆکی "دانه‌ری تۆپی زه‌مان" و ... و زۆر شتی تر له خۆشییه بێ وێنه‌کانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌م بوون. ئه‌و سه‌فه‌رانه له خۆمیان نزیک کردمه‌وه. زۆر شتی تازه‌یان فێرکردم، هه‌ندێ شتیان وه‌بیر هێنامه‌وه. له زۆر ئاواتمی دوور کردمه‌وه. یه‌ک دوو له ئاواته‌کانمی کرده ژێر گڵ و ده‌ربیجه‌یه‌کی تازه‌ی بۆ چاولێکردن به‌ڕوو کردمه‌وه. ئیتر ئێستا، دوایی ئه‌و سێ مانگ مانه‌وه و گه‌ران و چاو لێکردن و دیتن و گوێدان و بیستن و هه‌ست پێکردنه، جۆرێکی تر چاو له شته‌کان ده‌که‌م، جۆرێکی تر هه‌واڵه‌کانی کوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، جۆرێکی تر بیر له "کوردستان" ده‌که‌مه‌وه، جۆرێکی تر باس له "ژن و پیاوی کورد" ده‌که‌م، جۆرێکی تر له مانای حیزبایه‌تی، سیاسه‌ت، کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی بیرکردنه‌وه، ورد ده‌بمه‌وه و ئیتر هه‌ندێ شت مانایه‌کی تریان بۆم ده‌بێت و ئیتر ئه‌و جار ئه‌گه "ژیان" و "تاڤی" و ... باسی سه‌فه‌ره‌کانی کوردستانم بۆ بگێرنه‌وه، سه‌ره گێژه نامگریت و له نامۆیی و خۆزگه و بریاکانمدا سه‌رم لێ ناشێوێت. ده‌ستم پڕتره ئێستا. ئه‌مجاره‌یان که دڵته‌نگ بووم و ڕه‌شبینیم سه‌ری هه‌ڵدا، بیر له چاوه سه‌وزه‌کانی ئالان و ئاواته جوانه‌کانی ده‌که‌مه‌وه، بیر له ڕازاو و بیرکردنه‌وه‌کانی ده‌که‌مه‌وه، بیر له نه‌جیبه و کاره‌کانی ده‌که‌مه‌وه، بیرله ڕووبار و "پاسکیله‌که‌ی" ده‌که‌مه‌وه، بیر له ئه‌ستێره و چالاکییه‌کانی ده‌که‌مه‌وه، بیر له چۆمان ده‌که‌مه‌وه، بیر له ... و دڵنیا ده‌بم ئێمه ته‌نیا نین. که‌مین، به‌ڵام ته‌نیا نین... ڕۆژی گه‌رانه‌وه نزیک ده‌بێته‌وه. هه‌ر دێم و ده‌ڕۆم و ئه‌و بیرانه و بیری ده‌یان کچ و کوڕی تردڵگه‌رمم ده‌کات و به خۆم ده‌ڵێم قه‌ی ناکا، ڕۆژێک هه‌ر دێ ژنی کوردیش هیچ مه‌رجێک بۆ هیچ سووکایه‌تییه‌ک له هیچ که‌س قه‌بووڵ نه‌کات. ڕۆژێک هه‌ر دێ پیاوی کوردیش له ژێر هیچ ناوێک بێ ڕێزی به هیچ ژنێک نه‌کات ... به خۆم ده‌ڵێم ڕۆژێک هه‌ر دێ هه‌واڵی کوشتن، سووتان یان بێ سه‌روشوێن چوونی ژنێک، به ده‌گمه‌ن، زۆر به ده‌گمه‌ن گۆشه‌ی چه‌پی ڕۆژنامه‌کان ڕه‌ش کاته‌وه. به خۆم ده‌ڵێم ڕۆژێک هه‌ر دێ که‌س حه‌ز نه‌کات مه‌نفا بکات به نیشتمان. ڕۆژێک هه‌ر دێ ڕازاویش وه‌ک مالین، له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دونیایه بێت بێ تاقه‌تی گه‌رانه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆی بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه ڕێگه‌ی ڕۆیشتنیشی هه‌بێت بریار بدات بمێنێته‌وه ... خه‌ونه؟ ده‌زانم. به‌ڵام من "له‌وه‌تی هه‌م خه‌و ده‌بینم!" 2006/12/04 * فۆلکلۆر
Comments:
Post a Comment
|