Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 10, 2006




ئه‌و ڕۆژانه ده‌مێکه تێپه‌ڕیون. وه‌ک خه‌ونێک هاتن و چوون. هێشتا کاسم و هه‌ندێ جار ده‌بێ وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه ئه‌وی بوو، خه‌ون نه‌بوو. لێره ده‌ینووسمه‌وه بۆ دڵی خۆم. تا بیرم نه‌چێته‌وه. تا هه‌میشه له بیرم بێت "ویستن هه‌میشه توانین" نییه

****

ڕۆژ و شه‌وێک پێشتره‌که‌ی هه‌موو شتێک ئاسایی بوو. گاڵته و گه‌پ و پێکه‌نین. لیسته‌که‌م له پێش خۆم دانابوو و ده‌مزانی به‌ته‌مای چیم و چیم له کوێ ده‌ست ده‌که‌وێت. کۆڵه پشتییه‌کی گه‌وره‌ی شینم له بازاری کۆنه‌فرۆشه‌کانی سلێمانی کریبوو. پاره‌م گۆڕیبۆوه و دیاریم بۆ که‌س نه‌کریبوو. ڕووبار شتێکی تا سه‌ر ئه‌ژنۆ درێژی دامێ و خۆشم شتێکی ناسکی ڕه‌شم پێ بوو. ڕۆژ که بووه، هێشتا هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی بوو. وه‌ڕێ که‌وتین. ئه‌وه‌ڵ پێنجوێن و دوایش باشماق. له‌وێ که نه خاکی ئێرانه و نه کوردستان، چاوه‌ڕێ بووین که‌سێکمان لێ په‌یدا بێ، بمان په‌ڕێنێته‌وه. قه‌رار بوو به "مۆنیکایه‌کی زه‌رد" بێت. هه‌ر نه‌هات. تا ئه‌و کاتیش هه‌ر هه‌موو شتیک ئاسایی بوو. یان من پێم وابوو که ئاساییه. که په‌رینه‌وه، وه‌ک بڵێێ دڵه‌كوته‌كان له‌وبه‌ری سنوور چاوه‌ڕێم بكه‌ن، داگیریان كردم. ته‌نیا هه‌نگاوێک بوو. له ده‌روازه نه‌رده‌ییه‌كه كه تێپه‌رین، به‌ڕواله‌ت هیچ ڕووی نه‌دا و له ڕاستیدا سنووری وڵاتێكمان دابه‌زاندبوو. نازانم ناوی بنێمه چی، ترس؟ حه‌زی زانین؟ بێ قه‌راری؟ نامۆیی؟ هه‌رچی بوو، به‌رۆكی به‌رنه‌ده‌دام و لێم ببوو به بوغزی گریانێک و سڕی كردبووم. ئوتومبیله‌كه خێرا ده‌ڕۆیشت. جه‌ماعه‌ت بێده‌نگ بوون. منیش هه‌موو گیانم ببوو به چاو و چاوم له جاده و دار و به‌ردی ڕیگه‌ هه‌ڵنه‌ده‌گرت. ئاخر مه‌ریوان بوو و ده‌ستی ڕاستم زرێبار، خۆی ده‌نواند. یه‌که‌مجارم بوو زرێبار ببینم. یه‌که‌م جارم بوو مه‌ریوان ببینم. باران ده‌باری. ڕووبار په‌له‌ی بوو بۆ گه‌یشتن. من به‌‌ڵام له گه‌یشتن ده‌ترسام. نه‌مده‌زانی چی چاوه‌ڕێم ده‌کات. دره‌نگتر که وه‌ڕێ که‌وتین باران توندی کرد، دڵه کوته‌کانی منیش! ڕێگه دوور بوو و ئه‌وه خۆی ده‌ر‌فه‌تێکی باش بوو بۆ ئارام بوونه‌وه. ڕێگه‌ی مه‌ریوان- سه‌قز، به چیا و دۆڵ و گونده‌کانییه‌وه بۆ ئه‌وه نه‌ده‌بوو چاو له سه‌ر یه‌ک دابنێی. ده‌با هه‌موو شتێک ببینم. چۆن بزانم ئه‌و یه‌که‌مجاره نابێته ئاخر جارم؟ نێوان سه‌قز بۆکان ترسه‌کانم تێکه‌ڵی ماندوویه‌تی و بێ قه‌رارییه‌کی زۆر ببوون. له بۆکان بووین که خۆر ئاوا بوو.


****

گوتی گه‌یشتینێ. چراکانی شار ده‌بینی؟ تاریک بوو. شار له دووره‌وه وه‌ک سه‌د هه‌زار ئه‌ستێره‌ی زه‌رد تروسکه تروسکی ده‌هات. من ده‌گریام. پێده‌که‌نیم. ده‌ترسام... به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێ ده‌کرد هیچ له‌وه نه‌ده‌چوو که پێم وابوو!

****

منداڵه‌کان گه‌وره بوون. ڕادین زۆر جوانتر له‌و وێنه‌کانی بوو. ڕۆیاش. ده‌نگیان به گوێم زۆر نامۆ بوو. که قسه‌یان ده‌کرد حه‌زم ده‌کرد چاوم لێان بێت، ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بکه‌م خۆیانن. هه‌ر شه‌وی یه‌که‌م ده‌گه‌ڵ ڕادین چووینه ده‌ر. زۆربه‌ی شه‌قامه‌کانم گه‌ز کرد. زۆر شت گۆڕدرابوو. چوومه‌ه‌وه کۆڵانی سه‌رده‌می منداڵیم. هیچی وه‌ک خۆی نه‌مابوو. جێ پێی بیره‌وه‌رییه‌کانم هه‌موو سڕابوونه‌وه. بۆ به‌یانییه‌که‌ی و سێ چوار ڕۆژ دواتری من بووم به چه‌ند له‌ت! له‌تێکم له ژێر بارانه‌که‌ی ئاسمانی گوندی ئیساکه‌ند خوسا و له ژوورێکی بچووکی قوتابخانه‌‌‌كه‌ی ئه‌وێ، په‌له‌قاژه‌ی بوو. له‌تێکم له ئه‌رمه‌نیان، له‌تێكم له دۆڵی كه‌رۆشكه‌ و له‌ته‌کانی دیم به دوای شتێک که ناوم بۆی نییه، له گۆرستانی شاردا ده‌سووڕانه‌وه. له‌تێکیشم ده‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆم له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شار، به‌دوای شتێکی ئاشنادا، ده‌گه‌ڕا.


شه‌ش ڕۆژ! ته‌نیا شه‌ش ڕۆژ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵ دوورییه کاتم هه‌بوو بۆشاییه‌کان پڕ که‌مه‌وه. وڵامی پرسیاره‌کانم وه‌رگرمه‌وه، له‌ته ونه‌که‌ی خۆم ببینمه‌وه، ده‌نگه‌کان و ڕه‌نگه‌کان وه‌بیر خۆم بێنمه‌وه، شته‌کان و که‌سه‌کان ئه‌و جۆره‌ی که هه‌ن له که‌لێن و قوژبنی زه‌ینم دانێمه‌وه، ته‌نیا شه‌ش ڕۆژم هه‌بوو تا ده‌گه‌ڵ خۆم ئاشت ببمه‌وه. خۆم گرێ بده‌مه‌وه له...


شه‌ش ڕۆژ به خێرایی نازانم چی تێپه‌ڕبوو. هه‌موو به‌یانییان هه‌ركه چاوم ده‌کرده‌وه‌، دڵه‌کوته‌کانم ده‌ستیان پێ ده‌کرد. ژیان به ده‌وری خێرا ده‌گه‌ڕا و ده‌رفه‌تی پێ نه‌ده‌دام له‌ سه‌رسوورمانه‌کان دوور که‌ومه‌وه‌. هیچ شتێک و هیچ که‌سێک وه‌ک خۆیان نه‌مابوون. منیش! منیش و شته‌کان و که‌سه‌کان گۆڕدرابووین. جیاوازی کات و شوێن و شێوه‌ی گۆڕانه‌کان منی ترساند! ترسام كاتێ له سه‌ر و بن كردنی شاری خۆم یه‌ک ڕووخساری ئاشنام نه‌دی. ترسام كاتێ له‌‌و شاره‌‌ی که تێیدا له دایک ببووم و پێم گرتبوو و زمانم کردبووه و گه‌وره ببووم، خه‌ڵک لێان ده‌پرسیم " خوشکێ خه‌ڵکی کوێی؟".


شه‌ش ڕۆژ به خێرایی نازانم چی تێپه‌ڕبوو. وڵامی هه‌ندێ پرسیارم به چاو دیت! هه‌ندێ وڵامی ترم هه‌ست پێ کرد. زۆر پرسیاری تازه‌م له لا ساز بوو. زۆر پرسیار که ئیتر قه‌ت بۆیان به‌دوای وڵامدا ناگه‌ڕێم! بۆ من گرنگ بوو بزانم بۆ یان چۆن. زانیم! هێشتا باوه‌ڕم وایه زۆرجار ئه‌وه‌ پرسیاره‌کانن که گرنگترن له وڵامه‌کان. کێ چ پرسیارێک، چۆن و له کوێ له خۆی ده‌کات ...


گرنگ بوو ژنێک كه منم، كچی ده‌روونم ده‌گه‌ڵ ترسه‌كانی هه‌موو ساڵانی گه‌وره بوونی، ده‌گه‌ڵ ‌پرسیاره‌كانی هه‌موو ساڵانی دووری، ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و "ئه‌گه‌ر" و "به‌ڵام" و "بۆ" و "چۆن"-ی زه‌ینی ڕووبه‌ڕوو بكه‌مه‌وه. ڕووبه‌ڕووی بكه‌مه‌وه تا به‌شكوو ڕزگار بێت.



هممم، ڕزگار بێت‌؟

2006-11-06




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------