Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 16, 2006



"هه‌مووتان قۆنده‌ره‌ن و هه‌ر ڕۆژه‌ی یه‌كتان له پێ ده‌كه‌م!"

منداڵه‌كان له ده‌ورم كه كۆ ده‌بنه‌وه، هه‌واڵی شار و قوتابخانه‌م بۆ ده‌گێرنه‌وه. سه‌رم له بیستنی هه‌واڵی قوتابخانه‌كان سووڕ ده‌مێنێت. بۆ دڵنیا بوون جارێكی تر ده‌پرسم "مامۆستا وای گوت؟"، خراپم نه‌بیستووه. ده‌ڵێ مامۆستا هه‌ر هاته ژووری كلاسه‌كه‌ ڕووی كرده هه‌موومان و گوتی " هه‌مووتان قۆنده‌ره‌ن و هه‌ر ڕۆژێ یه‌كتان له پێ ده‌كه‌م!" ده‌ڵێ شه‌پ و پێلاقه و زلله ئاساییه‌، ده‌ڵێ‌ لێدان به شوولک و دار و قسه‌ی ناشیرین و سووک پێ گوتن، هه‌ر زۆر زۆر ئاساییه. ئه‌و قسانه‌م به پێكه‌نینه‌وه بۆ ده‌گێرێته‌وه. ده‌ڵێـم بۆ كه‌س هیچ ناڵێت؟ بۆ ناچن به مودیری قوتابخانه بڵێن؟ ده‌ڵێم ئه‌ی دایكوباوكه‌كان بۆ ده‌نگ ناكه‌ن؟ دیسان پێده‌كه‌نێت. ده‌ڵێ مودیره‌كه‌مان ملی له به‌ر ملی یه‌كێ له قوتابییه‌كان نابوو و جوێنی به دایک و خوشكی كوڕه‌كه ده‌دا. گوتی نامه‌یه‌ک هاتووه بۆ قوتابخانه‌كان كه مافی ئه‌وه ده‌دا به مامۆستاكان به كه‌یفی دڵی خۆیان ده‌گه‌ڵمان بكه‌ن ... ده‌ڵێم قوتابخانه‌ی كچانیش هه‌ر وایه؟ ده‌ڵێ له‌وێ لێدان نییه یان كه‌مه. به‌ڵام شكاندنه‌وه و سووكایه‌تی پێ كردن به شێوه‌ی تر هه‌یه. ده‌گێرێته‌وه ده‌ڵێ كچێک دوو كونی له گوێی كردبوو، مامۆستایه‌ک لێێ توڕه ده‌بێت. كچه‌كه داوا ده‌كات لێی گه‌ڕێ با گوواره بچووكه‌كه‌ی له گوێدا بمێنێت با كونه‌كه نه‌پووچێته‌وه. كه‌چی مامۆستا ئه‌وه‌نده‌ی تری لێ توڕه ده‌بێت كه بۆچی "بێ ئه‌ده‌بی كردووه و جوابه جه‌نگی" ده‌گه‌ڵ ‌مامۆستا ده‌كات!

قسه‌ی سووک و جوێن، سووكایه‌تی پێ كردن و شكاندنه‌وه، لێدان و داركاری له قوتابخانه‌كانی سلێمانی بۆته به‌شێک له سیستمی په‌روه‌رده و منداڵه‌كان و ته‌نانه‌ت دایكوباوكه‌كانیش وای پێ ڕاهاتوون كه هیچیان هیچ ناڵێن و وه‌ک شتێكی زۆر ئاسایی چاوی لێ ده‌كه‌ن.

******

"بڕۆم ناگه‌ڕێمه‌وه ها!"

نه‌مردم له هه‌ولیریش ون بووم! ئه‌گه‌رچی بڕیارم دابوو بێ ئه‌وه‌ی قه‌ڵات بكه‌م به نیشانه، ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م بدۆزمه‌وه، به‌ڵام دیتنی ئه‌و مزگه‌وته و حه‌زی وێنه‌گرتن له بیری بردمه‌وه به كام لادا هاتووم و ده‌بێ به كام لادا بگه‌ڕێمه‌وه. بۆیه دوای ئه‌وه‌ی نزیک چوار ساعه‌ت به ڕێگه‌دا ڕۆیشتم و وێنه‌كانم گرت و كه‌مێک خرته و پرته‌م كڕی، كه ویستم به‌ره‌و شوێنی خۆم بگه‌ڕێـمه‌وه، ڕێگه‌م ون كرد! ملی ڕێگه‌م گرت و ڕۆیشتم و ڕۆیشتم و ڕۆیشتم و هه‌ر نه‌گه‌یشتم. كه له كاكی "مرورم" پرسی چۆن بگه‌مه لای قه‌ڵات، گوتی: ناگه‌ییه‌ی، دووره. كه ڕازیم كرد ده‌گه‌مێ ئه‌گه بزانم به كام لا دا بڕۆم، گوتی: ئه‌م ڕێگه‌یه بگری ده‌چی بن قه‌ڵایه! سوپاسم كرد و گوتم بن قه‌ڵا كه نا، بگه‌مه هه‌ر نزیک قه‌ڵایه به‌سمه! كه‌مێک كه ڕۆیشتم دیم كوڕێكی باڵا به‌رزی كاڵ، ده‌مێكه به دوومدا دێت. هه‌ر من ده‌ڕۆم و ئه‌ویش دێت. هه‌وا تاریک ببوو و من هێشتا قه‌ڵاتم لێ دیار نه‌‌‌بوو. نازانم كچه‌كانی كوردستان چۆن تاقه‌ت دێنن، به‌ڵام من نه‌متوانی بێده‌نگ بم. كوڕه‌م بانگ كرد. گوتم چیت ده‌وێ؟ و ڕانه‌وه‌ستام وڵامم بداته‌وه، گوتم پێش ئه‌وه‌ی توڕه بم باشتره بروات و نه‌گه‌ڕێته‌وه!!! كوڕه چاوی بۆ خومار كردم، كه‌مێک بێده‌نگ و به نازه‌وه چاوی لێ كردم و دوایی گوتی: باشه، ده‌ڕوم، به‌ڵام بڕۆم ناگه‌ڕێمه‌وه ها!" نازانم ئه‌وه ناز بوو یان هه‌ره‌شه.

گوتم تۆ بڕۆ من هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌رگه‌ی خه‌فه‌تی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ت بگرم!
چركه‌یه‌ک دواتر دیم هه‌ر به‌دوامدا دێت !!! بیرم کرده‌وه‌:"به‌ڕاست قسه‌ی پیاویان یه‌که‌!"


*****

"كچن، هه‌ر ده‌بێت فێر بن!"

خانه‌ی نه‌وجه‌وانانی كچانه. كۆمه‌ڵێک كچی منداڵ و گه‌نج - ژێر هه‌ژده ساڵ- به هۆی جۆراوجۆر له‌وێ ده‌ژین. به‌رپرسی شوێنه‌كه باسی كچه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی كه خه‌ریكی چین و ڕۆژه‌كانیان به چی پڕ‌ ده‌كه‌نه‌وه. ده‌ڵێت "مه‌کته‌ب" ده‌چن. ده‌رسه‌كانیان ده‌خوێنن. هه‌ندێكیان ڕۆژانی پێنج شه‌ممه و هه‌ینی ده‌چنه‌وه سه‌ردانی دایک یان باوكیان یان دایكوباوكیان! ئه‌وانی كه‌سیان نییه لێره ده‌بن و به شتێک سه‌رقاڵ ده‌بن. له ناو شوێنه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێم. ژووره‌كانم پێ نیشان ده‌دات. به‌رپرسه‌كه گلێی هه‌بوو ده‌یگوت حكومه‌تی هه‌رێم پێیان ڕاناگات و یارمه‌تیان نادات. گوتی:" یارمه‌تیان دابام، ئه‌م شوێنه‌م ده‌كرد به شتێكی نموونه!!!" نه من تێگه‌یشتم مه‌به‌ستی ئه‌و له "شتێكی نموونه" چییه و نه ئه‌و خۆی شتێكی زیاتری باس كرد. به‌ڵام كه گه‌ڕاوه گوتی كچه‌كان كاری خاوێن كردنه‌وه و شووشتن و ... ده‌كه‌ن، چوونكه "كچن، هه‌رده‌بێت فێر بن!" وا سڕ بووم که زمانم نه‌گه‌ڕا هیچ بڵێم. ئه‌وه‌ی تریان كه پرسیم منداڵه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن گوتی:" ئه‌ی خۆ هه‌ر ده‌‌بێت. چۆن به‌ڕوژوو نه‌بن!" . بیرم كرده‌وه به‌ڕاستی ئێره شوێنێكی گونجاوه بۆ ئه‌و منداڵانه؟

زه‌ینییه‌ت و ڕوانگه‌ی به‌رپرسه‌كانی شوێنێكی ئاوا، جێی تێڕامانه. له شوێنێكی ئاوا و له كار ده‌گه‌ڵ ‌منداڵ، قه‌رار نییه گه‌وره‌كان بایه‌خه‌كان و باوه‌ڕه‌كانی خۆیان به سه‌ر منداڵ ‌داسه‌پێنن. فێربوونی كاری شووشتن و خواردن سازكردن و ... باشه، زۆر باش. به‌ڵام نه‌ک‌ به هۆی كچ بوون... ڕاستی ئه‌وه‌یه تا بیری ئاوا به‌رپرسی په‌روه‌رده كردنی كچ و كوڕه‌كان بن، باوه‌ڕ‌ناكه‌م هیوایه‌ک هه‌بێت بۆ ئاڵوگۆڕ!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------