December 20, 2006
ئه‌مڕۆ ڕۆژی له دایكبوونم بوو. ساڵێكی تر تێپه‌ڕی و ژیان هه‌روا به‌رده‌وامه. ژیان هه‌ر به‌رده‌وامه و شته‌كان له جێێ و شوێنی خۆیان نه‌ماون. بیر ده‌كه‌مه‌وه شته‌كان بۆ مانه‌وه نین! ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌زانم. بیرده‌كه‌مه‌وه كاتی خۆیه‌تی باوه‌ڕ بكه‌م به ئه‌زمۆنه‌كان. باوه‌ڕ بكه‌م به ته‌جره‌به‌كان. بیرده‌كه‌مه‌وه شته‌كان بۆ مانه‌وه نین، ته‌نانه‌ت سێبه‌ره‌كان. شته‌كان بۆ مانه‌وه نین، با ئێمه‌ش حه‌ز بكه‌ین بمێننه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه شته‌كان له سه‌ره‌تاوه ساده و ساكارن. سازده‌بن، ڕه‌نگه سازیان ده‌كه‌ین. ده‌یانخوولقێنین و ده‌بین به عه‌بدیان. په‌نجه‌یان لێ قایم ده‌كه‌ین و په‌له‌قاژه‌مانه بۆ مانه‌وه‌یان. بۆ ڕاگرتنیان چوونكه ته‌نیاین. چوونكه له ته‌ناییه‌كانی خۆمان تێناگه‌ین... چوونكه پێمانوایه مانایه‌كه‌ی زۆرترمان پێ ده‌به‌خشن. چوونكه پێویستمانه خۆمان له قالبێكدا تاریف بكه‌ین ... ڕۆژی له دایكبوونم بوو. ده‌ڕۆم بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌مساڵ ساڵی دابڕان بوو. ساڵی ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه. ساڵی خاڵی كۆتایی دانان. ساڵی داخستنی كه‌وانه‌كان. "تێده‌گه‌ی له‌یلا؟"، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و سه‌رم سووڕ ده‌مێنێت له‌و بۆشاییه‌ی هه‌ر دیت و قورس‌تر ده‌بێت و من بیرده‌كه‌مه‌وه ده‌ستم به‌تاڵه، سێبه‌ره‌كان نه‌ماون و بۆشاییه‌كان پڕ‌نابنه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه "له‌یلا سێبه‌ره‌كان قه‌ت بۆشاییه‌كانیان پڕ‌نه‌كردبووه، قه‌ت!" و له‌ناكاو ته‌نیاییه‌ک به قوڵی مێژووی هه‌موو ئه‌و ساڵانه داگیرم ده‌كات. ساڵ، ساڵی دابڕان بوو. ساڵی دانان و دڵ هه‌ڵقه‌ندن و ده‌ست هه‌ڵگرتن له سێبه‌ره‌كان. بیرده‌كه‌مه‌وه "ده‌ی ئێستا چی؟" و ناوێرم ئاوروو بده‌مه‌وه و ده‌زانم ده‌ستم به‌تاڵه و ده‌زانم به‌تاڵی لای چه‌پی سنگم قورسه و ده‌زانم ده‌ترسم. بیرده‌كه‌مه‌وه بریا نه‌مده‌زانی! بریا نه‌مده‌زانی به تێپه‌ڕبوونی كات، شته‌كان ئاسان نابنه‌وه. بریا نه‌مده‌زانی تێپه‌ڕبوونی كات هیچ برینێک سارێژ ناكاته‌وه و حه‌یف ده‌زام تۆ ته‌نیا فێرده‌بیت ده‌گه‌ڵ ئازاری برینه‌كانت بژیت... حه‌یف! بیرده‌كه‌مه‌وه شته‌كان له سه‌ر جێی خۆیان نین. "بێ قه‌راری له‌یلا"، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و له بێ قه‌رارییه‌كانی خۆمدا ده‌گه‌ڵ ئاننا كارین پێده‌كه‌نم و كوبی له ئامێز ده‌گرم و ده‌گه‌ڵ په‌ری باسی هه‌موو شتێک ده‌كه‌م و به ساعه‌ت ده‌گه‌ڵ گوڵپه‌ر قسه ده‌كه‌م. له بێ قه‌رارییه‌كانمدا بیر له كه‌وانه داخراوه‌كان ده‌كه‌مه‌وه و بیر له ڕۆیشتن ده‌كه‌مه‌وه. "بێ قه‌راری له‌یـــلا، بـــــۆ؟" خۆم به خۆم ده‌ڵێم و هیچ وڵامێكم نییه و بیر له‌مه‌وداكان ده‌كه‌مه‌وه كه ئیتر به هیچ كورت نابنه‌وه و ئیتر هێزی په‌له‌قاژه‌م تێدا نه‌ماوه و ئیتر ناوێرم، ناتوانم، نابێ، نامه‌وێ، نامه‌وێ، نامه‌وێ له سه‌ر وێرانه‌كان هیچ ساز كه‌مه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه ماناكان چیان به سه‌ر هات؟ مه‌وداكان ماناكانیان له خۆدا نوقم كردووه، هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی سه‌رده‌مێک خۆمم تێدا تاریف ده‌كرده‌وه، خۆم به خۆم ده‌ڵێم. "ماناكان له دووری و دره‌نگی مه‌وداكاندا ون بوون له‌یــــلا!" دابڕاوم. دوورم، دوورتر له هه‌میشه! ڕۆژی له دایكبوونم بوو ئه‌مڕۆ.
Comments:
Post a Comment
|