January 2, 2007
به "من" ده‌ست پێ ده‌كه‌م و هێشتا نه‌گه‌یشتوومه كۆتایی ڕه‌سته‌كه‌م، هه‌مووی ده‌سڕمه‌وه. دیسان له‌ت له‌تم و هه‌ر له‌ته‌ی سازی خۆی لێده‌دات. وه‌ک بڵێی هه‌ر له‌ته‌م له‌یــــــلایه‌كه و هه‌ر له‌یـــــلایه‌ک له هه‌وای ئاواتێكی نه دوور و نه سه‌یردا ده‌خوولێته‌وه. هه‌موو شتێک باشه. زۆر باش! یانی ئه‌گه بریا و خۆزگه‌ی بوون و نه‌بوون و هاتنه‌وه و وابوون و وانه‌بوونی چركه‌كان، حاشای تاسه‌ی خۆشویستنی و گرتنی ده‌سته‌كانی لێ بگه‌ڕێن، هه‌موو شتێک باشه، زۆر باش! تێناگه‌ن. قه‌ت باسی شین و ڕۆڕۆ نه‌بووه. نه سنگ كوتانه ونه ڕوو ڕنین! باسی توڕه‌ییه یان دڵته‌نگی یان دڵشكان ... یان ڕه‌نگه زۆرتر له هه‌ر شتێکی تر، سه‌رسووڕمان. تێده‌گه‌ن؟ هه‌ر ده‌مگووت بریا فێری قسه‌كردن بباین. هه‌ر ده‌مگووت بریا شه‌وێكی له تاریكی دا بتوانین له ته‌نیشتی یه‌ک دانیشین و هه‌موو شتێكی بۆ باس بكه‌م و هیچ قسه‌یه‌ک به نه‌گوتراوی نه‌هێڵمه‌وه و هه‌موو گرێ پووچكه‌كان بكه‌مه‌وه و خۆم و خۆی ببینمه‌وه و ئه‌و ته‌نیاییه‌ی كه پڕه له ترس و كه پڕه له توڕه‌یی وكه پڕه له هیچ له شوێنێكی كه‌س پێ نه‌زان ون كه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه ڕوو و هێنده ڕۆنه‌چم و هێنده نه‌گه‌ڕێم و هێنده چاوه‌ڕێ نه‌بم و دوایی له تاریكی بێینه ده‌رێ و چاوله چاوی یه‌كتر بكه‌ین و هه‌موو شتێكمان له‌بیر بچێته‌وه و تازه قه‌ت قه‌ت نه‌گوتراوه دركاوه‌كان به ڕووی یه‌ک نه‌هێنینه‌وه. هه‌رده‌مگوت بریا فێری قسه‌كردن بباین... (ده‌نووسم "من". ده‌یسڕمه‌وه. ده‌نووسم "تۆ". بۆم ده‌بێت به پرسیار. "تۆ" كێیه؟ ده‌نووسم ماندوو نیم. ده‌نووسم دڵته‌نگ نیم. ده‌نووسم هێشتاش پڕ له گه‌شبینییه‌كی گه‌وجانه‌م. بزه‌م له سه‌ر لێوه. خه‌یاڵم زۆره. هه‌ندێ جار خه‌ون ده‌بینم. زیندووم. ئه‌ی بێ گومان! باوه‌ڕم هێشتا به قاره‌مانی ناو چیرۆكه‌كان هه‌ر هه‌یه، هێشتا وه‌ک ته‌مه‌نی چوارده ساڵیم عاشقیان ده‌بم. ده‌نووسم هێشتا به گه‌شبینییه‌كه‌ی گه‌وجانه باوه‌ڕم به خۆشه‌ویستی، به عاشق بوون له یه‌كه‌م ڕوانیندا هه‌یه. ده‌نووسم هێشتا هیوام به‌م دونیایه هه‌ر ماوه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه مرۆڤه‌كانی ئاوا بن كه هه‌ن. ده‌نووسم شێته‌كانی دونیا كه‌م بوونه‌ته‌وه و دونیا به شێته‌كانه‌وه خۆشتره. ده‌نووسم شێته‌كان ده‌وێرن ئاواتی گه‌وره‌یان هه‌بێت. ده‌نووسم چ حه‌یف شێته‌كانی دوونیا ئه‌وه‌نده كه‌من و ئه‌وه‌نده له یه‌ک دوورن. ده‌بینم نووسیومه گه‌شبینی گه‌وجانه نه‌خۆشییه. ده‌بینم نووسیومه هیوا به‌م دوونیایه كه مرۆڤه‌كانی ئاوان كه هه‌ن، له گۆتره زیندووت ڕاده‌گرێت و له گۆتره بزه‌یه‌كی سڕی كاڵ له سه‌ر گۆشه‌ی چه‌پی لێوت به جێ ده‌هێڵێت.) هه‌موو شتێک جۆرێكی تر بوو. ڕۆژ بوو. له ده‌رێ باران ده‌باری. شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان پیس بوو. ژووره‌كه ڕووت بوو. دانیشتم. قسه‌م كرد. هه‌ستامه‌وه. قسه‌م ده‌كرد. دانیشتمه‌وه و هه‌ستام و پاڵم به دیواره سپییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری دا‌و ئه‌ژنۆم له‌رزی. ئیتر نه‌مده‌ناسی! ئه‌و بوو؟ یانی بۆ خۆیه‌تی؟ ئاسمانی ئیساكه‌ند هه‌ر ده‌باری، من ده‌ترسام و ده‌گریام و ئیتر قسه‌كردن له قورسایی باری قسه نه‌گوتراوه‌كانی كه‌م نه‌ده‌كرده‌وه... پێم گوت زۆر ماندووم! هیچ شتێک وه‌ک خۆی نه‌بوو! ئه‌رێ درۆكردن ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌سێک نه‌زانێ یان فێرنه‌بووبێت قسه‌ی ڕاست بكات، فه‌رقی هه‌یه؟ گلێیی نییه. ده‌با هه‌ر ئه‌و كات كه ده‌مانتوانی ماڵئاواییمان كردبا. من نا، خۆ ئه‌و خۆی ده‌یزانی مانه‌وه له مه‌رامی دا نییه. من بریارم دا باوه‌ڕ بكه‌م. نا، من پێویستم بوو باوه‌ڕ بكه‌م. ته‌نانه‌ت ئه‌و كات كه پشتی ده‌ستمی ماچ كرد، كه له ئامێزی گرتم یا ئه‌و كات كه ناوچاوانی ماچ كردم، ئه‌گه‌رچی به‌تاڵ بووم، به‌تاڵ به‌تاڵ به‌تاڵ، به‌ڵام ئه‌و گه‌شبیننیه گه‌وجانه له‌وێش به‌رۆكی هه‌ر به‌رنه‌دام. ئێستا كۆتایی ڕێگه‌یه. خۆی ڕه‌نگه نه‌زانێت یان بۆی گرنگ نه‌بێت، من به‌ڵام ئه‌مشه‌و، هه‌ر ئێستا ماڵئاوایی لێ ده‌كه‌م. گلێیی نه‌بێت! ئه‌گه هات و هه‌واڵی منی له یه‌كتان پرسی پێی بڵێن شه‌وێكی وه‌ک ئه‌مشه‌و پێ گه‌یشت كه گه‌شبینی گه‌وجانه نه‌خۆشییه و هه‌مووی ڕشاوه! هیچ شتێک پێویست ناكات وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه!
Comments:
Post a Comment
|