January 3, 2007
برسد به دست گیرنده: به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كی له خۆمم بوو، نامه‌كانت ده‌خوێنمه‌وه. یه‌كه‌م نامه‌تم له ژووری ده‌فته‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕاسان دیت. ته‌نیا نه‌بووم. چرو و دوو كه‌سی تر دانیشتبوون. له ناو نامه‌كاندا ناوی تۆم دیت. ڕامام! ڕاستیت، پێم وانه‌بوو تۆ بیت، به‌س هه‌ر ناوه‌که به‌س بوو دوو دڵم بكات، بیكه‌مه‌وه یا نا؟ بتخوێنمه‌وه یا نا؟ كردمه‌وه. چه‌ند خه‌ت زۆرتر نه‌بوو. ژانی به‌ڵام زۆر به‌دواوه بوو. تامێكی تاڵ له هه‌ناوم دا ڕشاوه. ده‌زانی، هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی تێپه‌ڕین من نـــــه ڕقم لێت بووه و نه بیرم لێ كردوویهوه! وه‌ک به‌شێكی ناته‌واوی ژیانم له گۆشه‌یه‌كی داندرابووی و خه‌یاڵم نه‌بوو ده‌ستت پێ بكه‌مه‌وه. وا نییه بتوانی ڕابردوو بسڕییه‌وه. تۆش به‌شێک له ڕابردووی من بووی. به‌ڵام خۆ دهمـتوانی لێ بگه‌ڕێم ته‌پ و تۆزی تێپه‌ڕبوونی كات داتپۆشێت، نه‌مده‌توانی پێتوایه؟ با، هه‌ر وام كرد. لێتگهڕام له گۆشه‌یه‌كی زه‌ینم كه قه‌ت ڕێم تێناكهوه، بمێنییه‌وه. به‌و هیوایه‌ی ڕۆژێک، دره‌نگ یا زوو ئه‌وه‌نده كاڵ بییه‌وه نه‌تناسمه‌وه. نازانم تا كوێی ڕێگه هاتبووم. نازانم ئه‌گه له ده‌رێ به هه‌ڵكه‌وت تووشت ببام چۆن ده‌بووم، چیم ده‌كرد. ئه‌وه‌نده ده‌زانم ڕه‌نگی وه‌نه‌وشه‌ییم كه ده‌دیت ڕووم وهردهگهڕاند به‌ڵام ئیتر وه‌ک سه‌ره‌تاكان، تاڵ نه‌ده‌بووم. ئه‌وه بۆ من یانی دوور بوونه‌وه. ده‌زانی ته‌واوی ئه‌و ساڵانه من هیچ شتێكی ئه‌م ڕه‌نگه‌م نه‌كڕیوه و ئه‌وانی هه‌مبوون هیچی له به‌رچاوم نه‌ماون! قه‌ت باسم نه‌كردووی. هه‌ستم كردووه هیچ شتێک نییه باسی بكه‌م، یان پێویستم بێت له سه‌رت بیزانم. ته‌نیا چه‌ند جارێک نه‌بێت دڵم بۆ ته‌نیاییه‌كانت سووتاوه! ئه‌و دڵ سووتانه له گه‌وره‌یی من نییه، خراپ تێ مه‌گه! ئه‌و دڵ سووتانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشی به تۆوه وه‌ک كه‌س نییه. ته‌نیا و ته‌نیا باوه‌ڕ یا ئاره‌زووی من ئه‌وه‌یه كه كه‌س نابێ ته‌نیا بێت. هه‌موو سه‌رێک ده‌بێ یا خۆزگه شانێكی هه‌بێت جارنا، له سه‌ری وێرانبێت. هه‌موو گیانێكی ماندوو ده‌بێ یا خۆزگه ئامێزێكی هه‌بێت تێیدا ونبێت. ئه‌وه‌م، سه‌ره‌ڕای هه‌موو "ئه‌و ئازارانه‌ی پێت گه‌یاندم"، بۆ تۆش ده‌ویست. ئێستاش پێموایه بۆ زۆر شت زۆر دره‌نگه. ده‌زانی گه‌ڕانه‌وه له ژیاندا هیچ مانایه‌كی نییه. ڕابردوو ئیتر نه هی منه و نه هی تۆ. ئێمه ڕابردووی خۆمان ژیاوین. به‌شه‌كه‌مان له ڕابردوو ئه‌مڕۆ ته‌نیا بیره‌كان و برینه‌كانه. تێده‌گه‌ی؟ بیره‌كان و برینه‌كان! ته‌كلیفی بیره‌وه‌رییه‌كان ڕوونه. ئه‌وانیش ده‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات تێده‌په‌ڕن و شی ده‌بنه‌وه و هیچت پێ نابه‌خشن. ئه‌وه‌ی به دڵنیاییه‌وه ده‌زانم! برینه‌كان به‌ڵام، چۆن بڵێم، هیچ ده‌زانی ژانی برینی كۆن یه‌كجار زۆره؟ هیچ ده‌زانی كولانه‌وه‌ی برینه كۆنه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه وشک ههڵاتبێن و خۆیان گرتبێته‌وه زۆر تایبه‌ته؟ برینه‌كان به لاسارییهكی سه‌یره‌وه ده‌مێننه‌وه و خۆیان وه‌بیر ده‌هێننه‌وه. ئه‌گه هیچ نه‌بێت سێبه‌ری سارد وسڕی بیری ئێواره‌یه‌كی دره‌نگت ده‌خه‌نه‌وه سه‌ر زه‌ین و دڵته‌نگت ده‌كه‌ن، جۆره دڵته‌نگییه‌کی تاڵ. جۆره دڵته‌نگییه‌كی سارد كه سڕت ده‌كات، كه دهتتهزێنێت. لێم تێده‌گه‌ی؟ سه‌ره‌تاكان زۆرم پێویست بوو بزانم بــــــــــۆ؟ قه‌ت تێنه‌گه‌یشتم بۆ وات كرد كه كردت؟ چۆن توانیت ئاوا بی كه بووی؟ ئه‌ویش بۆ من، ئه‌ویش ده‌گه‌ڵ من؟ دواتر و ئێستا ئیتر ئه‌وه‌شم بۆ گرنگ نییه. باوه‌ڕكه بۆم گرنگ نییه! ڕه‌نگه چوونكه ئیتر باوه‌ڕم نه‌ماوه. ده‌زانی، باوه‌ڕم نه‌ماوه! تۆ به‌شێک له ڕابردووی من بووی و من ده‌ستم به ڕابردووم ڕاناگات و ناتوانم ناوت بشۆمه‌وه و بسڕمه‌وه و ئاسه‌وارت نه‌هێڵم و ڕاستی ئه‌وه‌یه هیچ پێویستم به‌و سڕینه‌وه‌ش نییه. چه‌ند شه‌و پێش له وڵامی پرسیاری هاورێیه‌ک، پێم گوتم كه ئه‌گه پێویست بێت مرۆڤه‌كان له پشت سه‌ر داده‌نێم. ده‌زانی چی؟ ئێستا پێم وایه تۆم له پشت سه‌ر داناوه. تۆ و ئه‌و جۆره‌ی بووی و ئه‌و جۆره‌ی كه كردت! له ئێستای تۆدا، له ئه‌مڕۆی تۆدا من ئیتر نیم. به‌س هێشتاش ده‌توانم و ده‌مه‌وێ ئاواتی ئه‌وه‌م بۆت هه‌بێت قه‌ت ته‌نیا نه‌بێت و بۆشاییه‌كانی ڕۆح و ناخت پڕ بێته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده!
Comments:
Post a Comment
|