January 15, 2007
به‌خۆدا چوونه‌وه؟ نازانم! ئه‌مشه‌و بیره‌كانی دوو سێ ساڵ پێشی خۆمم كه‌وتۆته‌وه بیر.زۆر شت گۆڕدراون... سڕ بووم! **** " ... تێدا ماوم باسی چی بكه‌م، باسی خۆم؟ باسی تۆ؟ باسی سه‌رده‌مێک كه تێیدا ده‌ژین؟ باسی دووری؟ دابڕان؟ دوو دڵی؟ باسی ئه‌و هه‌ستانه‌ی به ده‌ستی گومان خنكاندران؟ باسی خۆشه‌ویستییه‌كی نائاسایی كه نه‌یتوانی به سه‌ر شته ئاساییه‌كاندا زاڵ بێت؟ بڵێم زۆر ده‌مێكه گۆرانی قژ كاڵی لێو ئاڵ گوێ لێناگرم؟ مرۆڤ مافی خۆیه‌تی ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌سته‌ملان بێت، هه‌ركه‌س بۆ هه‌ڵاتن له چنگ تاڵییه‌كان یان بۆ نه‌شكان له ژێر قورسایی باری ژیان، هانا ده‌باته شتێک، یه‌ک خۆی نوقمی كار ده‌كات، یه‌ک به خواردنه‌وه، یه‌ک به خه‌و، یه‌ک به خوێندنه‌وه، یه‌ک به بێده‌نگی و هه‌ندێ به خۆ گێل كردن خۆ له خه‌م ده‌پارێزن. هه‌ن ئه‌وانه‌ی حاشا له هه‌موو شتێک ده‌كه‌ن و هه‌ن ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌تاوه دڵ ناده‌ن به هیچ و به كه‌س. یه‌كی وه‌ک منیش هه‌ندێ بیره‌وه‌ری خۆی گوڵبژێر ده‌كات و كاوێژی پێده‌كات... دیم ناتوانم كڵافی ئالۆزی بیره‌كانم هه‌ڵكه‌مه‌وه و به‌س باسی یه‌ک شت بكه‌م و ئه‌وانی‌تر بخه‌مه ناو كه‌وانه‌وه. نه‌مزانی باسی ڕۆئیا بكه‌م كه تا ئه‌و په‌ڕی بێ‌كۆتایی بیری ده‌كه‌م یان باسی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی كه‌ڕی كردووم. بڵێم چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م بۆ جارێكیش كه بووه ڕامان ببینم و له ئامێزی بگرم یان باسی ڕادین بكه‌م كه ئێستا ئیتر ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه كه له باوه‌شی مندا جێی نابێته‌وه... وتم بێم بپرسم بزانم بۆنی به‌هاری شه‌ڵماش چه‌ند كه‌س له ئێوه‌ی شێتی خۆی كردووه؟ قه‌ت ده‌گه‌ڵ ده‌نگی عود نوقم بوون؟ قه‌ت نه‌رمه‌ی گوێی ئه‌وه‌ی خۆشتان ده‌وێ ماچ كردووه؟ هیچ شه‌وێكی هاوین له ژێر ئاسمانی ده‌وه‌شار ڕاكشاون؟ به نیوه‌شه‌و، له ژێر ئاسمانی ڕووت ڕووتی هه‌نده‌ران پیاسه‌تان كردووه؟ بیری كتێبه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیتان ده‌كه‌ن؟ وا بووه سێ چوار ڕۆژ بیر له ڕه‌نگی دیواری ماڵی دایکوبابتان بكه‌نه‌وه و هه‌ر وه‌بیرتان نه‌یه‌ته‌وه؟ چه‌ند جار ده‌گه‌ڵ سه‌گ و پشیله خواپێداوه‌كانی هه‌نده‌ران ده‌رده‌دڵتان كردووه؟ چه‌ند جار ئێره‌یتان پێ بردوون؟ وتم بێم بپرسم بزانم به‌رماوی بیره برشاوییه‌كان هێڵه‌نجتان پێدێنێت؟ ڕاستیتان ده‌وێ كه‌مێک ترسام. ژیام خۆ چاوه‌ڕێی كه‌س نامێنێته‌وه، كێ هه‌یه ئه‌مه نه‌زانێت؟ ژیان ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كان هه‌ندێ جار یانی ڕۆچوون، ژیان ده‌گه‌ڵ یاده كۆنه‌كان هه‌ندێ جار یانی وه‌ستان. دیم كات تێده‌په‌ڕێت و من له كۆڵانی ڕابردووم ده‌گه‌ڵ بیره ژه‌نگاوییه‌كان ده‌خوولێمه‌وه و به هیچكوێ ناگه‌م. دیم هه‌ر له باوه‌شی خه‌وێنک ڕا بازده‌ده‌مه كۆشی خه‌یاڵێک. ده‌ست له داوێنی خه‌مێک به‌رده‌ده‌م و خۆ به داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ كراوی تاسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌واسم، دیم له ناو ڕابردوویه‌ک كه ئیتر هیچم پێنابه‌خشێت، له ناو بازنه‌یه‌كی داخراو، به ده‌وری خۆمدا- نا ئه‌وه ڕاست نه‌بوو- به ده‌وری ئه‌و شته‌ی بۆ خۆمم ساز كردووه، ده‌سووڕێمه‌وه... نازانم چۆنه به‌ڵام، ململانی كردن ده‌گه‌ڵ بیره ئاڵۆزه‌كانم هه‌میشه وه‌بیرم دێنێته‌وه كاتی ڕۆیشتنه، كاتی دوور بوونه‌وه، له خۆم، له خۆت، له خۆیان. له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هه‌ن به‌ڵام هی من نین، له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لێره‌ن، به‌ڵام بۆ من نین. له لای منن، به‌ڵام ئارامم ناكه‌نه‌وه. دوور بوونه‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی وه‌ک سێبه‌رێكی قورس یان له پێشما ده‌ڕۆن یان به‌دوومه‌وه‌ن. دوور بوونه‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی قه‌ت پێیان ناگه‌م یان لێیان تێناگه‌م. ده‌زانی من ڕه‌نگه نه‌توانم به جوانی بۆت باس بكه‌م چ هه‌ستێكم هه‌یه! یان ڕه‌نگه ده‌بوایه زانیبام كه ژن نابێ باسی هه‌ست بكات، كه‌چی لێره دانیشتووم و به‌ته‌مام له سه‌ر هه‌ستی خۆم بدوێم. ئه‌وه‌ش نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "خۆم" زۆر گرنگه و هه‌موو حه‌ز له بیستنی هه‌واڵی ژیانی ده‌كه‌ن، نا، باسی خۆم ده‌كه‌م چونكه خۆم ته‌نیا كه‌سێكه ده‌وێرم باسی بكه‌م، چونكه "خۆم" ته‌نیا كه‌سێكه، جار نا، كه به‌رۆكم ده‌گرێ و شه‌ڕم ده‌گه‌ڵ ده‌كات ده‌زانم چی له گیانم ده‌وێ و ته‌نیا كه‌سێكه كه ده‌وێرم و ده‌توانم به‌رامبه‌ری ڕووت ببمه‌وه و به دوای له‌ت و په‌ته‌كانی ڕوحه له‌ت و په‌ته‌كه‌م دا بگه‌ڕێم! ڕاستی ئه‌وه‌یه، هه‌ندێ جار نازانم كێم، نازانم به‌ره‌و كوێ به‌ڕێوه‌م. هه‌ندێ جار نازانم ده‌نگی خۆم له كوێ به جێ هێشتووه، هه‌ندێ جار ده‌نگی خۆم هه‌ر ناناسمه‌وه. به خۆم ده‌ڵێم، ده‌ی كچی باش، چۆن ده‌توانی بیر له گه‌یشتن بكه‌یه‌وه كاتێ نازانی به‌ره‌و كوێ به‌ڕێوه‌ی؟ چۆن ده‌توانی بزانی كام ڕێگه ببڕی كاتێ نازانی چیت ده‌وێ؟ چۆن ده‌توانی بزانی چیت ده‌وێ كاتێ هێشتا خۆت نه‌ناسیوه! ... "خۆناسین" ، ئه‌م بیره ده‌مترسێنێت! ئه‌و وشه‌یه پڕه له نه‌هێنی! کێ ده‌ڵێ من، له‌یلا، به‌رگه‌ی ئه‌و نه‌هێنیانه ده‌گه‌رم که به خۆناسین ئاشکرا ده‌بن؟ ئه‌و نه‌هێنیانه‌ی دوای ده‌رکه‌وتنیان تازه به هیچ حه‌شارنادرێنه‌وه! جارنا بیرده‌که‌مه‌وه بریا وا بایه. بریا "خۆناسین" هه‌مان چه‌ند دڵۆپه خوێنی ته‌مه‌نی یانزده ساڵی بوایه که هه‌موو ژان و ترسه‌که‌ی به قسه‌ی خوشکه گه‌وره‌که‌ت کاڵ ده‌بووه که پێی ده‌گووتی" ترسی ناوێ، خۆت ناسیوه!" ... خۆناسین ژانی زۆره! ویستی خۆناسینیش! هه‌ندێ جار بیر ده‌كه‌مه‌وه تا به شتێک نه‌گه‌ی نازانی ئه‌و شته هه‌مان شت بوو كه ته‌واوی ژیانت چاوه‌ڕێی بووی، ناخۆشتر ئه‌وكاتانه‌ن كه تا شتێک له كیس نه‌ده‌ی نازانی ئه‌وه هه‌مان شت بوو كه به ئاواتی بووی و هه‌روا به ئاسانی له ده‌ستت داوه! به‌س یه‌ک شت له سه‌رخۆم ده‌زانم، هه‌میشه زۆرم ویستووه، یانی زۆرتر له‌و شته‌ی ته‌قدیر یان چاره‌نووس، خوا یان شه‌یتان بۆیان دیاری كردووم. باڵ و په‌ڕم ئه‌گه نییه خۆ خیاڵی فڕینم هه‌میشه بووه، كه‌ی ده‌توانم به مانه‌وه له لای گۆمێكی مه‌ندی ناوچاوان گرژ ڕازی بم كاتێ خه‌یاڵی ده‌ریام كه‌وتۆته سه‌ر... ئه‌و بیرانه زه‌ینم ده‌كه‌ن به مه‌یدانی شه‌ڕی خۆیان و من ده‌كه‌ومه ناو گێژاوێكه‌وه. له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه مرۆڤ پێش له دایک بوونی زانیبای دونیا ئاوایه، چه‌ند كه‌س حه‌زی ده‌كرد هێشتا هه‌ر له دایک بێت؟ كاتی وایه "خۆم" به‌رۆكم ده‌گرێ و پێم ده‌ڵێ "هۆۆۆۆۆ كچه شێته‌كه دونیا وا له خۆت سه‌خت مه‌گره!" و هه‌ر كاتی واشه حه‌ز ده‌كه‌م به‌رۆكی "خۆم" بگرم و هه‌موو ناحه‌زییه‌كانی ئه‌و دونیا ناحه‌زه‌ی وه‌بیر بێنمه‌وه. که‌چی زۆرجار دڵم نایه، زۆر جار لێی ده‌گه‌رێم ده‌ستم بگرێ و بمگه‌رێنێته‌وه ئه‌مڕۆ و منیش وه‌ک هه‌موومان، ڕێک وه‌ک هه‌موومان، خۆم له پشت ماسكه‌که‌مدا حه‌شار ده‌ده‌م و شانم هه‌ڵده‌خه‌مه‌وه، نه ده‌بینم و نه ده‌بیستم، خۆ ده‌سپێرمه ده‌ستی چاره‌نووس، هه‌ر ئه‌و چاره‌نووسه‌ی قه‌ت باوه‌ڕم پێی نه‌بووه. دوای ده‌كه‌ومه بیر كردنه‌وه له‌و كوڕه‌ی خۆشمده‌ویست و قه‌ت نه‌مزانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی كه‌ی و چۆن ده‌ستی پێكرد. به‌س له بیرمه یه‌كه‌مجار، شه‌و هێنده درێژ بووه ئه‌وی ده‌گه‌ڵ خۆی هێنا. بارانێكی نه‌رم ده‌باری. مه‌ودای نێوانمان دوو ده‌رگای داخراو بوو و ده‌وروپشتمان پڕ له ڕێبواری ماندوو، ئه‌ویش ڕێگه‌یه‌كی دووری بڕیبوو تا بگاته لام. ده‌رگاكان كه كرانه‌وه، من تا نیوه‌ی ڕێگه ڕۆیشتم ئه‌ویش نیوه‌كه‌ی تری بڕی... خۆم له ڕوانینیدا دیته‌وه و له باوه‌شیدا ون بووم، تارای تارمایی نێوانمان به یه‌كه‌م ماچ لادرا... جوان له بیرمه هه‌ستم كرد ته‌واوی ژیانم ئه‌و كوڕه‌م خۆش ویستووه. دوای ئه‌و شه‌وه، دوو جاری تریش باران ته‌ڕی كردین و من بۆنم به سنگییه‌وه كرد. خۆشه‌ویستی هه‌ستێكی سه‌یره، وه‌نێ؟ كه‌ی دێت و چۆن خۆ ده‌نوێنێ، خۆی نه‌هێنییه‌كه، قورسی باری خۆشویستنی كه‌سێک له‌وه دایه كه ناتوانی به وشه بیدركێنی، هه‌ر چۆنێكی باس بكه‌ی هه‌ر هه‌ست ده‌كه‌ی ناته‌واوه ، جوانی هه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌ڵام ئه‌وه‌یه هه‌ركه‌س ئه‌زمۆنی تایبه‌ت به خۆی لێی هه‌یه... هه‌ر چۆنێک بێت، بۆ كه‌سێک كه خۆشت ده‌وێت جگه له ژیان چ ده‌توانی به ئاوات بخوازی؟ نه‌دیتن یان نه‌بیستنی ئه‌وه‌ی خۆشت ده‌وێ قه‌ت به مانای كاڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌و له ژیاندا نییه، ئه‌و هه‌ر هه‌یه، هه‌ر ده‌بێ، هه‌موو ڕۆژێ ده‌گه‌ڵ خۆت ده‌ست پێده‌كرێته‌وه و دووپات ده‌بێته‌وه... خۆشه‌ویستی و مه‌ستی- به ڕای من- زۆر له یه‌ک ده‌چن. هه‌ر دوو هه‌ستێكن چاوه‌ڕێیان ده‌كه‌ی بێن، ده‌گه‌نێ، ده‌تگرن و ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌تبه‌ن. به‌س مه‌ستی ورده ورده به‌رت ده‌دات، خۆشه‌ویستی ئارام ئارام داگیرت ده‌كات! ئاخ، به‌ڵام چ حه‌یفه هه‌ندێ جار ده‌بین به پاسه‌وانی گۆپاڵ به‌ده‌ستی په‌یوه‌ندییه‌كانمان. چ حه‌یفه هه‌ندێ جار په‌یوه‌ندییه‌كانمان پڕن ترس! بیرده‌كه‌مه‌وه په‌یوه‌ندییه‌ک كه تێكه‌ڵاوی ترسه، ترسی ته‌واو بوون و ترسی له كیس چوون و به ته‌ما بیت به هه‌زار قفل و قه‌رازه، ڕایگری، وه‌ک كۆشكێک له لم ساز كرابێ، وایه، به نه‌رمه شه‌پۆلێک تێكده‌روخێ و قه‌ت، بۆ چركه‌یه‌كیش ئارامیت پێنابه‌خشێ. له‌وێ كه هه‌ستت كرد ده‌بێ خۆشه‌ویسته‌كه‌ت تاقی كه‌یه‌وه، گومان هه‌یه و گومان هه‌میشه په‌ڵه ده‌خاته سه‌ر ئاوێنه‌ی هه‌ست. باوه‌ڕ كه هه‌بێ، تاقی كردنه‌وه كه‌ی مانای ده‌بێت؟ خۆ زۆر باشه شانێک هه‌بێت بتوانی سه‌ری له سه‌ر دانێی و ماندوویی ده‌ركه‌یی، به‌ڵام سه‌ڵا له‌و ڕۆژه‌ی له بیر بكه‌ین خۆشمان ده‌بێت، جارنا، سه‌رێكی ماندوو له سه‌ر شانمان ڕاگرین بحه‌سێته‌وه ... به‌ڕاست ویستنی شته‌كان له كوێڕا ده‌ست پێده‌كات؟ ده‌توانێت جوانی و ناحه‌زی شته‌كان له ڕوانینی ئێمه‌دا بێت؟ شته‌كانمان خۆش ده‌وێن چونكه جوانن؟ یان جوانن چونكه ئێمه خۆشمان ده‌وێن؟ ئه‌گه خۆشه‌وستی ئه‌وه‌نده به هێزه كه پێمان وایه، ده‌توانین شته ناحه‌زه‌كانمان خۆشبوێت؟ ده‌توانین كه‌سێک خراپه‌مان ده‌گه‌ڵ ده‌كات خۆشبوێت؟ ده‌توانین پێوانه‌كانی باشی و خراپی هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه و مرۆڤه‌كان، شته‌كان و هه‌سته‌كان به ناوی باش و خراپ له یه‌ک‌جیانه‌كه‌ینه‌وه؟ ده‌توانین كه‌سێكمان هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی كه هه‌یه خۆشبوێت؟ ویستن، وێرانی ده‌وێت، باوه‌ڕ‌ده‌كه‌ی؟ هه‌ندێ جار له ویسته‌كانماندا ده‌توانین تووشی هه‌ڵه بین، به‌ڵام ترس له هه‌ڵه كردن، ده‌توانێ هۆیه‌كی باش بێ بۆ نه‌ویستن؟ ده‌زانی من له یه‌ک شت دڵنیام، "نه‌ویستن" هه‌میشه هه‌ڵه‌یه. كه‌سێک كه بۆ گه‌یشتن به ویسته‌كانی هه‌وڵ ده‌دات، له‌وانه‌یه هه‌ندێ جار ماندوو بێ، چۆک دابدات، له‌وانه‌یه بدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هیچی ناوێ، ئیتر هه‌وڵدانێکی نییه، هه‌میشه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چۆکی داداوه، هه‌میشه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دۆڕاوه. تێگه‌یشتن له مرۆڤه‌كان ئاسان نییه. سه‌رده‌مێک بوو ئه‌و وته‌یه‌ی "ئۆریانا فالاچی"م باوه‌ڕكردبوو كه ده‌ڵێ "مرۆڤه‌كان كاتی سه‌ختی و چه‌ڵه‌مه‌ی ژیان په‌ست ده‌بن و به نه‌مانی سه‌ختییه‌كان، ده‌بنه‌وه مرۆڤ"، ئێستا به‌ڵام ئیتر باوه‌ڕم به‌و قسه‌یه نییه. یانی ئیتر باوه‌ڕم به باشی و خراپی و په‌ستی نه‌ماوه. مرۆڤ هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه هه‌یه. باوه‌ڕ‌ناكه‌م مرۆڤه‌كان بگۆڕدرێن. نا، ناگۆڕدرێن، به‌ڵكوو له هه‌وراز و نشیوه‌كانی ڕێگه‌ی به‌ر پێیان، خۆیان ده‌بیننه‌وه. له‌ت و په‌ته ونه‌كانی خۆیان لێره و له‌وێ، به شێوه و له شوێنی جیاواز ده‌دۆزنه‌وه و ورده ورده ده‌بن به خۆیان. من خۆم دیاره نازانم تا كوێی ڕێگه‌ی به‌ر پێم بڕیوه. هه‌ندێ جار ده‌كه‌ومه گێژاوێک و سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ. هه‌ندێ جار پێموایه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و شوێنێه‌ی كه به ته‌مای بووم، زۆری پێناچێت ده‌زانم وانییه، زۆری پێ ناچێت ده‌بینم نازانم بۆ لێره‌م یان ده‌مه‌وێ له كوێ بم! من هێشتا نازانم ده‌مه‌وێ چۆن بم كه ئێستا وا نیم، یان چۆن نه‌بم كه ئێستا وام. ئه‌رێ به‌ڕاست کامیان گرنگترن؟ ئیمان یان ڕاسته‌قینه‌كان؟ تۆ ئه‌گه ڕۆژێک بۆت ده‌ركه‌وێ ئه‌وه‌ی ئیمانت پێی هه‌بوو ڕاست نییه، چ ده‌كه‌ی؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک دیواری ئیمانت لێ بڕۆخێت، پاڵ به چییه‌وه ده‌ده‌ی؟ گومان به چی سه‌ر ده‌بڕی؟ ترسه‌كانت له كوێ ده‌نێژی؟ ئاخ، به‌ڕاست چه‌ند كه‌سیتر وه‌ک من هه‌ن؟ چه‌ند كه‌سیتر هه‌ن وه‌ک من بیر له ده‌نگه‌كان ده‌كه‌نه‌وه؟ له باوه‌ڕه بێ‌ڕه‌نگه‌كان، له‌و به‌ڵێنییانه‌ی به‌ره‌و هیچكوێمان ده‌بن؟ شتێک بڵێم؟ من نازانم كه‌ی گه‌وره بووم! نازانم كه‌ی بوو یان چی بوو وای كرد خه‌ون و ئاواته‌کان له کۆتایی کۆڵانێکی بن به‌ستدا دانێم و بڕۆم! ڕۆژێک دیم نه‌مان! نازانم ئه‌و ڕۆژه بوو كه دایكم نه‌یهێشت چیتر ده‌گه‌ڵ كه‌ماڵ و كوڕه‌كانی گه‌ره‌ک یاری فوتبۆل بكه‌م یان ئه‌و ئێواره‌یه‌ی ویستم له به‌رزاییه‌ک بازده‌م سه‌یزاده‌ی هاوسێمان قیژاندی نااااا، نه‌كه‌ی كچێ له‌یـــــــــــلا، نه‌كه‌ی، بۆت باش نییه! نازانم كه‌ی بوو له ترسی داهاتوو ئه‌ژنۆم له‌رزی؟ ئه‌وانه ڕه‌نگه گرنگ نه‌بن، نازانم! سه‌رده‌مێک بوو له دیواری ڕاست وه‌سه‌ر ده‌كه‌وتم و له هیچ و كه‌س، نه‌ده‌ترسام. ماوه‌یه‌ک تووشی شه‌ڕی دیتنه‌وه‌ی ماناكان بووم. به دوای دیتنه‌وه‌ی خودایه‌ک كه ئیمانی پێ بێنم، بۆ دیتنه‌وه‌ی باوه‌ڕێک كه په‌نجه‌ی لێ قایم كه‌م، له هه‌موو ده‌رگایه‌كم ده‌دا. نوێژم ده‌كرد. زه‌مانێكیش هات یاغی بووم و ده‌مگوت مه‌رج ئیمانه و بـــــۆ نوێژه‌كانم، به بێ به‌ڕماڵ و بێ ده‌ست نوێژ، بێ ئه‌وه‌ی ڕوو له هیچ قیبله‌یه‌ک بكه‌م، ئایه‌کانم سه‌رله نوێ نووسییه‌وه. ڕۆژگارێک هات باوه‌ڕم به عه‌قڵ هێنا و دواتر ته‌نیا پێوانه‌م بۆ هه‌موو شتێک هه‌ستم بوو ... به پێی عه‌قڵ، شته‌كان ڕه‌ش یان سپین. مه‌ودای نێوان مرۆڤ و ژیان به "واده‌بێ" و "وانابێ" پڕ ده‌بێته‌وه. به پێی عه‌قڵ چوارچێوه‌كانی زۆر شت ته‌سک ده‌بنه‌وه و پێش ناسینیان لاده‌درێن. هه‌ست به‌ڵام كه‌مێک جیاواز بوو. هه‌ست سنووره‌كانی كه‌مێک ده‌كشانده‌وه دواتر، شته‌كان له چوارچێوه په‌سه‌ندكراوه‌كانی باشه و خراپه دێنه ده‌ر و هه‌ندێ پێوانه تازه ساز ده‌بن و ماناكان به شێوه‌یه‌كی تازه خۆ ده‌نوێنن.... به‌ڵام خۆ هیچ شتێک تا سه‌ر وه‌ک خۆی نامێنێت، ده‌مێنێت؟ ته‌نانه‌ت هه‌ستیش! چیرۆكه‌كان ده‌نووسرێن تا ته‌واو بن. هه‌موو چیرۆكێک، ڕۆژێک، له شوێنێک، به شێوه‌یه‌ک ته‌واو ده‌بێت. ڕه‌نگه باشتر بێ كه گه‌یشتینه كۆتایی چیرۆكێک، كتێبه‌كه داخه‌ین و نوقمی ئه‌و چركانه بین كه بۆمان به جێ ماون و چێژیان لێ ببینین. دواتر ... زۆر دواتر ده‌توانین بگه‌رێینه‌وه بۆ دواوه، له ناو بیره كۆنه‌كان و بیره به جێ ماوه‌كاندا كه‌مێک بخولێینه‌وه، هه‌ر چركه‌یه‌ک و به‌س... ئاخر بیر بكه‌وه، خۆ هه‌ڵواسین به داوی ڕیشاڵ ڕیشاڵ بووی بیرێكی كۆن چ سوودێكی ده‌توانێ هه‌بێ؟ من پێت ده‌ڵێم: هیچ! دابڕان ئاسان نییه، باوه‌ڕ بكه ئه‌وه‌ی باش ده‌زانم! زۆر شت له دابڕان ڕا ده‌ست پێده‌كه‌ن. دابڕان، دوور كه‌وتنه‌وه، ته‌نیا مانه‌وه! وه‌ک ئه‌و كاته‌ی -بێ‌ویستی خۆمان- له دایک ده‌بین و پیرێژنێكی كه نایناسین و نامانناسێ، دێت ناوكمان ده‌بڕێ و مستێک له پشتمان ده‌دات و ئێمه‌ش بێ‌خه‌به‌ر له هه‌موو شتێک، دوای نۆمانگ و كه‌مێک، له شوێنه گه‌رم و نه‌رم و خۆشه‌كه‌ی خۆمان داده‌بڕێین و ده‌بین به خۆمان، ته‌نیا خۆمان! جا نازانم ترسی هاتنه ناو دونیایه‌کی نامۆیه یان ژانی جیابوونه‌وه، كه ئێستا هیچ نه‌بووه، ده‌ست ده‌كه‌ینه گریان و وه‌ک بڵێی گرووی باوه‌شی دایکمان ده‌گرین... ده‌بینی ژیان به گریان، به ترس، ده‌ست پێده‌کات! ڕاسته، دابڕان هه‌ر ده‌بێت. دابڕان، شكان، كه‌وتن، هه‌موو به‌شێک له ڕاسته‌قینه‌كانی ژیانن و ناكرێ خۆیان لێ بشارینه‌وه. ڕووداوه سه‌یر و سه‌ر سوورهێنه‌ره‌كانیش ته‌نیا هی ناو چیرۆكه‌كان نین. وا نییه هه‌رله‌وانی تر بقه‌ومێت! هه‌موومان، ئه‌مڕۆ و سپێی، دره‌نگ یا زوو، ده‌توانین چاو بكه‌ینه‌وه و خۆمان له ناو گه‌رده‌لوولی ڕووداوێكی سه‌یر و نامۆدا ببینینه‌وه. ئه‌وانه هیچی سه‌یر نییه. سه‌یر ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه شته‌كان، ئه‌گه لێیان ورد بینه‌وه، زۆر ساكارتر له‌وه‌ن كه پێمان وابوو یان پێمان وایه. باوه‌ڕ ده‌كه‌م ترسه شته‌كان له به‌ر چاومان گه‌وره‌تر و به‌سامتر ده‌كاته‌وه! هه‌موومان- كه‌م تا زۆر- به ترسه‌وه ده‌ژین! ئاخر ترساندوویانین. له خۆمان، له ناوخۆماندا، ته‌نانه‌ت له سێبه‌ری خۆشمان ترساوین. ڕاهاتووین ته‌نیا له ژێر ماسكه‌وه بتوانین هه‌ست به ئارامی بكه‌ین! ئه‌ویش نه‌ک به ته‌واوی ها. نا، سێبه‌ری ترسێک هه‌میشه به‌دوامانه‌وه. ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كا له ناكاو، ماسكه‌كه‌مان داكه‌وێت، لادرێت و بناسرێینه‌وه. ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كا "خۆی" خۆمان ده‌ركه‌وێت. ڕاهاتووین خۆمان نه‌بین، خۆبوونمان هه‌میشه تاوان بووه. بیر ده‌که‌مه‌وه ده‌ی تاكه‌ی ده‌توانین خۆمان نه‌بین، تا كه‌ی ده‌توانین ناومان له ژێر باوه‌ڕه‌كانمان بسڕینه‌وه، تا كه‌ی ده‌بێ بیری باب و باپیرانمان به میرات پێ بگات! بیرده‌كه‌مه‌وه كه‌ی ڕه‌وایه به ماسكه‌وه ژیان؟ كه‌ی ڕه‌وایه قه‌ت نه‌وێری به ده‌نگی به‌رز بیر بكه‌یه‌وه؟ سه‌یر ڕه‌نگه ئه‌وه بێت كه زۆرجار، ئه‌و شته‌ی لێی ده‌ترسێین، ڕاست ئه‌و شته‌یه كه به ئاواتی ده‌خوازین. به‌ڵام ناوێرین هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگرین. هه‌نگاو هه‌ڵگرتن و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌و ئاواته‌ی سێبه‌ری ترسی له سه‌ره، كاری هه‌موو كه‌س نییه. ترس له هه‌ڵه كردن، هێزی هه‌وڵدان له‌ناو ده‌بات. بیرم ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌بوایه سه‌رده‌می تاقیكردنه‌وه و فێربوون و ته‌جره‌به وه‌رگرتن بوایه و بۆ ئێمه وانه‌بوو! ڕێگه‌یه‌ک ده‌ڕۆیشتین، به هیچ ده‌گه‌یشتین، به‌ڵام بۆمان نه‌بوو بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌رفه‌تی هه‌ڵه‌كردنمان نه‌بوو ئاخر، ده‌رفه‌تی هه‌ڵه‌كردنیان پێنه‌ده‌داین. هه‌ڵه‌كان نه‌ده‌بوون به ئه‌زمۆن و ته‌جره‌به‌ی ژیانمان، ده‌بوون به نه‌گبه‌تی و به‌رۆكیان ده‌گرتین. ناچار بووین ده‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌كانی ژیانمان بژین. ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه نه‌بوو. كه هه‌ڵه‌یه‌كت كرد، ده‌بێت به ئاگره‌كه‌یه‌وه بسووتێیت! هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بێت به مۆرێک و له ناوچاومان ده‌درێت. هه‌ڵه‌كانمان نابن به ئه‌زمۆنێک كه دواتر له ژیانمانا به‌كاری بێنین.... هه‌ڵه كردن، وێرانی ده‌وێت، باوه‌ڕ ده‌كه‌ی؟ زۆرجار له خۆم ده‌پرسم چه‌ند كه‌س له ئێمه خۆمانین نه‌ک ئاواته وه‌دی نه‌هاتووه‌كانی دایكوبابمان؟ چه‌ند كه‌س له ئێمه ژیانی خۆمان ده‌ژین، نه‌ک ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌وانی تر بۆمان به ئاوات ده‌خوازن؟ من ئێستاش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م له ژیاندا تا هه‌ڵه نه‌كه‌ین خۆمان و شته‌كان ناناسین؟ من ئێستاش باوه‌ڕم ئه‌وه‌یه خۆناسین ژانی زۆره! من ده‌ڵێم تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵه‌كردن مه‌رجه بۆ خۆ ناسین و خۆناسین یانی دۆزینه‌وه‌ی له‌ت و په‌ته ونه‌كای خۆمان... ده‌زانی هه‌ندێ جار بێده‌نگی زۆر قورس‌تر له‌و شته‌یه مرۆڤ به‌رگه‌ی بگرێت. بێده‌نگی، هه‌ندێ جار، خۆی زمان ده‌كاته‌وه، بێده‌نگی، زۆرجار، دڵی زۆر پڕه، هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی مرۆڤ نایكات، بێده‌نگی له خۆیدا حه‌شاری ده‌دات! بێده‌نگی كه وه‌ده‌نگ دێت هه‌ندێ جار تاڵه و هه‌ندێ جار سوێر! له منداڵێكی لاساری دڵناسک ده‌چێت، گروو ده‌گرێ و -وه‌ک ئه‌مڕۆ- سه‌ر به هه‌موو قوژبنێكدا ده‌كات و له‌تێک لێره و له‌تێک له‌وێ تێكه‌ڵی خۆی ده‌كات... به‌س جار هه‌یه ده‌بێ له بێده‌نگی بترسێین. بترسێین له‌وه‌ی نه‌كا ڕۆژێک قوتمان بدات، تێیدا بتوێینه‌وه. بترسێین له‌وه‌ی خوو به بێده‌نگی بگرین! بێده‌نگی مه‌وداكان درێژ ده‌كاته‌وه، له یه‌كترینمان دوور ده‌خاته‌وه..." ¨
Comments:
Post a Comment
|