January 31, 2007
له ناو قه‌تار داده‌نیشی و له شووشه پیسه‌كانی ڕا چاو له ده‌رێ ده‌كه‌ی و بێ ئه‌وه‌ی بته‌وێت چیرۆكی ژیانی چه‌ند كه‌سێک ده‌بیستی كه به ده‌نگی به‌رز بۆ كه‌سێكی تری ده‌گێرنه‌وه. دانیشتووی و گریان و پێكه‌نینه‌كانی ئه‌وانی تر ده‌بیستی و بیر له گریان و پێكه‌نینه‌كانی خۆت ده‌كه‌یته‌وه و له خۆت ده‌پرسی ئه‌ی كه‌س گریان و پێكه‌نینه‌كانی تۆ ده‌بیستێت؟ وه‌بیرت دێته‌وه چه‌ند ده‌مێكه ئیتر نه بیریان ده‌كه‌ی و نه بیریان لێ ده‌كه‌یته‌وه و وه‌بیرت دێته‌وه كات چه‌ند زوو تێده‌په‌ڕێت و شته‌كان چه‌ند زوو ڕه‌نگی نامۆیی ده‌گرن و ڕۆده‌چن... بیر له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌وڵم داوه خۆشم نه‌وێیت. زۆر ده‌مێكه نه‌مدیوی و ده‌نگتم ئیتر هه‌ر له بیر نایه‌ت. زۆر ده‌مێكه هه‌واڵت نازانم. كه‌چی هێشتا شتێک، هه‌ستێک به نه‌رمی شنه بای به‌ره به‌یانییه‌كی فێنک، له ناخما گێژدهخواتهوه و گرێم ده‌داته‌وه به تۆ. به‌و شتانه‌ی بوون یان پێموابوو كه بوون و بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر ئه‌و هه‌سته نه‌رم و كاڵه‌یه ڕایگرتووم یان ڕێگه‌ی لێ گرتووم كه بڕۆم تا سه‌ر له نوێ ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه نووسین له خۆشه‌ویستی و خۆشویستن هه‌ر دێت و له‌به‌رم گرانتر ده‌بێت و چاو له سه‌ر یه‌ک داده‌نێم تا بتبینم ڕۆژه‌كانت چۆن ده‌ست پێ ده‌كه‌ی، تا ده‌نگتم وه‌بیر بێته‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه له هه‌موو ئه‌و ڕۆژ و مانگ و ساڵانه‌ی خۆم مه‌جبوور كردووه به نه‌ویستن، به نه‌بیستن و تاڵ ده‌بم، زۆر تاڵ! وه‌بیرم دێته‌وه ئه‌وه تۆ نه‌بووی، خه‌یاڵێک بوو كه له تۆ بۆ خۆمم سازكردبوو و پێكه‌نینم دێت و دڵم ده‌له‌رزێت و ته‌ڕایی برژانهكانم به پشتی ده‌ست ده‌سڕمه‌وه پێش ئه‌وه‌ی فرمێسكه‌كانم بێنه خوار ... بیرده‌كه‌مه‌وه تۆ بڵێی هیچ شتێكمان قه‌ت له‌بیر بچێته‌وه؟ بیرده‌كه‌مه‌وه نا، ئێمه به‌س شته‌كان وه‌بیر خۆمان ناهێنینه‌وه. هه‌ر ئه‌وه! بیرده‌كه‌مه‌وه زۆر جار بڕیارده‌ده‌ین شته‌كان وه‌بیرخۆمان نه‌هێنینه‌وه و ناوی ده‌نێینه له‌بیربردنه‌وه! ئه‌گه له‌بیرچوونه‌وه ڕاست بایه ئیتر كه‌ی چركه‌یه‌ک بۆن، چیرۆكێكی كۆنی دووری بۆ زیندوو ده‌كردینه‌وه؟ ئه‌گه له‌بیرچوونه‌وه ڕاست بایه چۆن ڕه‌نگه‌كان ده‌بوونه ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه بۆ ڕابردوو و شته‌كانیان بۆ سازدهكردینهوه؟ زۆرجاریش بیرده‌كه‌مه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌و دڵدان و ئه‌و دابڕانانه هه‌مووی كایه‌یه و ده‌ستكردی خۆمانه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان. به خۆم ده‌ڵێم نه‌ک به‌ڕاست هه‌ر كه‌س ته‌نیا و ته‌نیا جارێک دڵ ده‌دات و ئاشق ده‌بێت و جاره‌كانی تر هه‌مووی په‌له‌قاژه‌یه بۆ لهبیرنهبردنهوهی تامی یه‌كه‌م جار. به خۆم ده‌ڵێم نه‌ک خه‌ریكین كه‌لاكی كۆنی هه‌لا ههلابووی هه‌سته‌كانمان له گۆڕ ده‌ردێنین و جلی نوێی له بهردهكهین، بۆ ئه‌وه‌ی دڵی خۆمان خۆش كه‌ین ... نازانم! ئێستا ده‌ستێک به تاڵه سپییه‌كانی قژم دادێنم. هه‌ستی پیری، ترسی پیربوون كاڵ ده‌بێته‌وه كه بیرده‌كه‌مه‌وه ژیان له هه‌ورازونشێوی ته‌م و مژاوی خۆی، شتێكی لێ سازكردووم كه ئێستا هه‌م. كه دادێمه‌وه به‌ڵام ناشكێم. كه دوای هه‌رجار كه‌وتن، هه‌موو جارێ هه‌ڵده‌ستمه‌وه ... ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵده‌ستمه‌وه، ده‌زانم!
Comments:
Post a Comment
|