February 7, 2007
شه‌وانه: " به ده‌نگی ده‌رگا وه‌خه‌به‌ر دێم. كه‌سێک به ده‌ست ته‌ق ته‌ق له ده‌رگا ده‌دات و دواتر ده‌نگی پێی كه‌سێک یان چه‌ند كه‌سێک كه دێنه ژوورێ ده‌بیستم و ده‌نگی به سرته قسه‌كردنیان له ناو تاریكی‌دا ماتم ده‌كات. چاو كه ده‌كه‌مه‌وه، هێشتا ده‌رێ تاریكه، نازانم ساعه‌ت چه‌نده، هه‌ڵده‌ستم و گوێ ڕاده‌گرم. ده‌نگی ده‌رگا نایه‌ت. ده‌نگی پێ، ده‌نگی هه‌ناسه و ده‌نگی سرته نایه‌ت. ترسێكی سه‌یر داگیرم ده‌كات ... " و هه‌ر ئه‌و ترسه‌ی وا له‌ناكاو، له ناخما ده‌ڕووخێت، وه‌خه‌به‌رم دێنێت. چركه‌یه‌ک ده‌خایه‌نێت وه‌بیرم بێته‌وه له كوێم و وه‌بیرم دێته‌وه بیستنی ده‌نگی ده‌رگا ته‌نیا هی ناو خه‌ونێكی قۆڕی تر له خه‌ونه قۆڕه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه بووه و هێشتا ساعه‌ت هه‌ر سێی به‌یانییه و ده‌توانم بخه‌ومه‌وه ... ئه‌گه خه‌وم لێ بكه‌وێته‌وه! خه‌وم لێ ناكه‌وێته‌وه! له من ده‌بیستی، له ناو خه‌ودا خه‌ون ببینی که خه‌وتوی، شتێكی سه‌یر و تا بڵێی ناخۆشه. كه له خه‌ودا خه‌و ببینی خه‌وتووی و له خه‌وی ناو خه‌وه‌كه‌تدا خه‌ون ببینی و خه‌ونی ناو خه‌وی خه‌وكه‌ت خه‌ونێكی پر ترس و دڵه‌كووته بێت ... ده‌زانی, ئه‌وه یانی دوو جار ده‌بێ له خه‌و وه‌خه‌به‌ر بێی بۆ ئه‌وه‌ی له چنگ خه‌ونێکی ناخۆش ڕزگارت بێ. . خه‌وی ناو خه‌و و خه‌ونی خه‌وی ناو خه‌و وه‌ک بڵێی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه تاریكترین و قوڵترین به‌شی كه‌س پێ نه‌زانی زه‌ینت و هه‌موو ترس و بیره ته‌ماوییه‌كانت ده‌خاته‌وه به‌رچاوت و توڵه‌ی هه‌موو خۆ گێژكردنه‌كانت لێ ده‌كاته‌وه... ***** كه‌وتمه سه‌ر پشت و چاوم كرده‌وه. رێک له‌وێڕا كه په‌رده كورته شینه‌كه ته‌واو ده‌بێت مانگ ده‌ستی پێ كردبوو. مانگی شه‌وی چارده. نزیک، وه‌ک بڵێی سه‌ری به په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌مه‌وه نابێت و به‌ته‌ما بێت بێته ژوورێ. چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌كه شینه. په‌رده‌كه‌ش. ده‌رێ تاریک تاریک و مانگ سپی سپی، نزیک نزیک ... زۆر ده‌مێک بوو شتێكی ئه‌وا جوانم نه‌دیبوو! ***** "له پشت په‌نجه‌ره‌وه چاوم له ده‌رێ ده‌كرد. به‌فر ده‌باری. نه‌رم نه‌رم. ورد ورد. یه‌كه‌مجارم بوو له ژووره‌كه‌م هه‌ستم به سه‌رما نه‌ده‌كرد. چراكانم كوژاندبووه. چوومه لای ته‌خته‌كه‌م. ده‌بینم ساكه ڕه‌شه‌كه‌ی هاورێیه‌كم له لایه. خۆی به‌ڵام دیار نییه. هه‌ڵده‌ستم به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێم. نیگه‌رانم. وه‌ک بڵێی ده‌بێ بۆ شوێنێک بچم و هه‌رچی بیرده‌كه‌مه‌وه نازانم كوێ! هه‌موو ژووره‌كان ده‌گه‌ڕێم دانه دانه. په‌نجه‌ره‌ی هه‌موو ژووره‌كان داخراوه و په‌رده‌كانیان دادراوه‌ته‌وه. ده‌گه‌ڕێمه‌وه لای ته‌خته‌كه‌م. ساكه‌كه‌ی لێ نه‌ماوه و هاوڕێكه‌ش هه‌ر دیار نییه. مۆبیله‌كه‌م زه‌نگ لێ ده‌دات، وڵام ده‌ده‌مه‌وه و هه‌رچی هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌نگم نایه‌ته ده‌ر. چاوده‌گێرم، له شوێنێكم قه‌تم نه‌دیوه. دارستانێكه ... " چاوده‌كه‌مه‌وه. سه‌رپه‌نجه‌كانم سارد سارده. سه‌رمامه‌و له سه‌رمان ده‌له‌رزم. ماندوو ماندووم. وه‌ک بڵێی چه‌ند شه‌و و ڕۆژه نه‌خه‌وتووم. دڵه‌كووته‌كه‌ی ناو خه‌وه‌كه‌م هه‌ر ده‌گه‌ڵه. ترسه‌كه هه‌ر له جێی خۆیه‌تی. هێشتا ڕۆژ نه‌بۆته‌وه و من ئه‌وه دوو جار له خه‌و ڕاچڵه‌كاوم. خه‌وم لێ ناكه‌وێته‌وه! له چی هێنده ده‌ترسم؟ چیم هه‌یه بۆ ون كردن؟ له ون بوونی چییه هێنده نیگه‌رانم؟ ئه‌و شوێنه كوێیه پێموایه ده‌بێ بچم و نایبینمه‌وه؟ شوێنی خۆم ون كردووه؟ شوێنی خۆم كوێیه، هه‌ر به‌ڕاست؟ كێ ماوه كه ڕۆیشتنه‌كه‌ی، نه‌گه‌رانه‌وه‌كه‌ی، وا ده‌مترسێنێت؟ ده‌توانم له‌مه ته‌نیاتر بم؟ ب ۆ ش ا ی ی . . .
Comments:
Post a Comment
|