Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

February 11, 2007



ما یک نفر بودیم.
بعد هم اندكی باران آمد ...*


ئه‌و ساڵانه ئه‌وه‌نده بێ تۆ و دوور له تۆ ژیابووم، كه هاتمه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت هه‌ستم به هیچ شتێكی تایبه‌تی نه‌كرد! قه‌ت ناتوانی بزانی ئه‌و نامۆییه‌ چۆنی سڕکردم. بیرم زۆرتر له لای به‌رده ڕه‌شه‌‌كه‌ی گۆڕه‌كه‌ت بوو تا له لای خۆت. بیرم زۆرتر له دوو خه‌ت شێعره‌كه‌‌ی سه‌ر سنگی به‌رده‌كه‌ت ده‌كرده‌وه تا له تۆ. كه هاتم، پاش نیوه‌ڕۆییه‌كی دره‌نگ بوو. هه‌موو شتێک له‌وێ بۆنی مردنی لێ ده‌هات، ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌لاییه‌ی هات ویستی فاتحه‌ت بۆ بخوێنێت و من ڕووم له‌ولا كرد. پێویستت پێی نییه، وایه؟ قه‌ت پێموانه‌بوو ئاوام لێ هاتووه. ئاوا كه ته‌نانه‌ت له سه‌ر خاكی گۆڕه‌كه‌شت هه‌ست به دووری، به نامۆیی ده‌كه‌م ده‌گه‌ڵت. كه ناتوانم ته‌نانه‌ت له‌وێش، كه ده‌زانم تۆی لێیه- یان تۆی لێ بووه- هه‌ست به بوونت بكه‌م. مردنت، نه‌‌مانت وا تێکه‌ڵی چوارده ساڵ نه‌دیتنت، تێکه‌ڵی ئه‌و هه‌موو ساڵه نه‌بوونت له ژیانمدا، بۆته‌وه، نه‌مده‌توانی، ناتوانم سنووره‌كانی له‌یه‌ک جیا كه‌مه‌وه. پێتوایه مرۆڤێكی زۆر خراپم كه ئاوا به‌ڕاشكاوی پێت ده‌ڵێم هه‌ستم پێ نه‌كردی؟ ... ئاخر چی بکه‌م، نازانم چی بڵێم، پێموایه تازه بۆ درۆكردن زۆر دره‌نگه، تۆش پێت وانییه؟ كه له‌وێ، له ته‌نیشتت ڕاوه‌ستابووم، بیرم ده‌كرده‌وه تۆ كه‌ی ته‌واو بووی؟ یان ڕه‌‌نگه ڕێک به پێچه‌وانه،‌ ئێستا كه نیت، بۆ هه‌رته‌واو نابیت؟ بۆ من هێشتا ده‌توانم لێت توڕه بم؟ بۆ ده‌توانم داوای وڵامی پرسیاره‌كانمت لێ بكه‌م؟ با تۆش وه‌ک هه‌میشه بێ ده‌نگ بمێنییه‌وه ...

تۆ له جێییه‌ک، جۆرێک ویستت یان وای لێهات كه له ژیانی مندا نه‌مای. ئه‌وه‌نده نه‌بووی، ئه‌وه‌نده نه‌بووی تا ڕۆژێک دیم خۆت کاڵ و که‌م بوویته‌وه و ته‌نیا تاسه‌ی بوونته ڕه‌نگی ماوه و قوتی داوم. دیم زۆر ساڵه به زه‌بری هه‌ندێ فێڵ، بۆشاییه‌کانی نه‌بوونتم به تاسه‌ی خۆزگه‌ی بوونت پڕ کردۆته‌وه. ڕۆژێک دیم ئه‌وه‌ی هه‌مه تۆ نیت، بریای بوونته و ناوی تۆم له سه‌رداناوه. ئه‌و ڕۆژه‌ش، له ژووره سارد و ڕووته‌كه‌، له ئیساكه‌ند، كه ویستی تۆم به سه‌ردا بڕووخێنێت، بۆ یه‌كه‌مجار به ده‌نگی به‌رز دانم به نه‌بوونتدا هێنا. كه زۆر ساڵه نیت، كه زۆر ساڵه بۆ من نه‌بوویت ... پاک له پاک، ها؟

دوو خه‌ت ‌شێعره‌كه‌ی سه‌ر سنگی گۆڕه‌كه‌ت چیرۆكی برینێكی چڵکنی ئه‌و ساڵانه‌یه. چیرۆکی هه‌ڵبڕان و دابڕان و دووربوونه‌وه‌، چیرۆكی ئێمه‌یه‌كی له ته‌واوی پێكه‌وه بوونه‌كانماندا ته‌نیاتر له هه‌میشه بووین. ته‌نیاییه‌ک كه ته‌نانه‌ت نه‌مانی تۆش، وای نه‌كرد لێی تێبگه‌ین و لێی بترسێین... حه‌یف، نا؟

ڕاستی ئه‌وه بوو سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و نه‌بوون و نه‌بوون و نه‌بوونانه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو توڕه‌ییه‌م، ئه‌و پاش نیوه‌ڕۆ دره‌نگه‌ی هاتم چاوم بۆت گێرا. ڕێک چۆن له بازاره قه‌ره‌باڵغه‌که‌ی شاری سلێمانی چاوم بۆ ده‌گێرای، ڕێک چۆن له نزیک مزگه‌وتی نووور و له ناو دووکانه بچووکه‌که‌ی ته‌نیشتی چاوم بۆت گێرا ...

گلێی بێ گلێی! ئه‌وجاره‌ش هه‌ر من بووم ڕێگه‌ی دوورم بڕی و هاتمه‌وه و ئه‌وجاره‌ش هه‌ر تۆ بووی له‌وێ نه‌بووی. له بیرت بێ!



* سید علی صالحی




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------