February 26, 2007
له ماڵ ماومه‌ته‌وه. حاڵم زۆر باش نییه. ناخۆشترین به‌شه‌كه‌ی، تا و ژانه سه‌ره‌كه‌یه. له ده‌رێ به‌فر ده‌بارێ. ژوورێ سارده و من گه‌رم گه‌رم. له سه‌ر سۆفاكه ڕاكشاوم. په‌توو شینه‌كه‌م به خۆم داداوه و چاو له ده‌رێ ده‌كه‌م. به‌فر ده‌بارێ. به‌فرێكی ورد و بڵاو. ئه‌وه‌نده بڵاو كه ناتوانی ڕوانینی سه‌رلێشێواوت له هیچكامیان گرێ بده‌ی و وه‌دوای كه‌وی. بۆ یه‌ک‌چركه ئه‌و ده‌نكه ورد و بڵاوانه‌م وه‌ک مرۆڤه‌کان دێنه به‌ر چاو. هه‌ر كه‌سێک به ڕێگه‌یه‌ک‌دا، هه‌ر كامیان به دوای ئاواتێكدا، له یه‌ک دوور و له هه‌مان كاتدا- زۆر جار- شان به شان. ڕووبه‌ڕووی یه‌کن و كه‌چی یه‌كتر نابینن و له پشت تاسه‌ی ئاواتێک كه هیچ ناوێكیان بۆی نییه یه‌ک ون ده‌كه‌ن، خۆشیان ون ده‌بن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی هه‌ن و نین. ئه‌وانه‌ی یان سێبه‌ری یادێكی كۆنن یان ده‌ستكردی خه‌یاڵێكی دوور. به‌فر هه‌ر ده‌بارێ. ژوورێ هه‌ر سارده. من هه‌ر گه‌رمم. بیره بڵاوه‌کانم كۆ ده‌كه‌مه‌وه. بیر له ژیان ده‌كه‌مه‌وه. له‌م چركه‌یه‌دا. له‌م پاش‌نیوه‌ڕۆیه خۆڵه‌مێشییه و له‌و به‌فره ورد و بڵاوه‌ی ده‌بارێ. بیر له ژیان ده‌كه‌مه‌وه و له جوانییه‌كانی ژیان كه ده‌بێ، ده‌بێ ده‌بێ وه‌بیر خۆمی بێنمه‌وه. له‌و چركه كورت و كاڵانه‌ی جێ پێیان ده‌هێڵنه‌وه و بزه‌ت ده‌خه‌نه سه‌ر لێو. ئه‌و چركانه‌ی ته‌نیاییه‌كانت ده‌دزن و بیرت له بیرێكی ناسک و نه‌رم گرێ ده‌ده‌ن و ناهێڵن دڵته‌نگی دووری و دره‌نگی بوون و نه‌بوون بیته‌وه. ئه‌و چركانه ڕیز ده‌كه‌م. با كه‌م بن. با كاڵ بن. بیر ده‌كه‌مه‌وه خۆ بوون. خۆ هه‌ن! بیر ده‌كه‌مه‌وه له ده‌نگی عود له نیوه شه‌وێكی نیوه تاریک‌دا، له تێكه‌ڵ بوونی ده‌نگی هه‌ناسه‌کانمان. بیر ده‌كه‌مه‌وه له ئاسمانی ده‌وه‌شار و ئه‌ستێره‌كانی، له فریشته، له شاشا، له شه‌وانی مه‌ستی خۆم و مینا و ئارامی دڵان، له قاقای پێكه‌نینه‌كانمان كه ڕێی به هه‌نا‌سه‌مان ده‌گرت، له‌و په‌یامه كورتانه‌ی په‌ری و كوبی ده‌ینێرن، له‌و ئارامییه‌ی هه‌ندێ جار له‌خۆیدا ده‌مشارێته‌وه، له‌و ته‌نیاییه‌ی زۆر جار تێیدا هه‌ڵده‌ستمه‌وه و له‌و ده‌ستانه‌م كه سڕن ... و بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌وانه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه ژیانن و من نابێ، نابێ له بیرم بچێته‌وه ... له ده‌رێ هێشتا به‌فر ده‌بارێ. من هێشتا گه‌رم گه‌رمم و ژوورێ هێشتا سارده. دوو دڵۆپه فرمێسک له چاوه‌کانما قه‌تیس ماون. نازانم بـــــــۆ! ته‌نیایی ئه‌م پاش‌نیوه‌ڕۆ خۆڵه‌مێشییه‌م به‌م چه‌ند دێڕه له‌ت له‌ت كرد. پێویستم بوو تۆزێ ڕه‌نگ بپڕژێنمه سه‌ر چرکه‌کانی ئه‌م که‌وه‌ڕۆژه... هه‌میشه هه‌ر وایه. كه نه‌خۆش ده‌بم دڵم ناسكتر له هه‌میشه‌یه...
Comments:
Post a Comment
|