Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 5, 2007

پێی ده‌ڵێم ئه‌گه هه‌روا بچێته پێش، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه. ئه‌مڕۆش و دۆینێ شه‌ویش كه تا دره‌نگانێک دانیشتبووین و باسی ئاخ و داخه‌كانمان ده‌كرد، گرێی بوغزێک، قورگم به‌رنادات. له‌وه‌ی كه چه‌نده هه‌موو شت له وشه‌كاندا ڕه‌نگ ده‌دۆڕێنن و چه‌نده هه‌موو شته‌كان له دوورییه‌کاندا مانای خۆیان ون ده‌كه‌ن. له دووره‌وه كه هه‌واڵه‌كان ده‌بیستی، هه‌ست به بێ‌ده‌سه‌ڵاتی و شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ی. له دووره‌وه كه هه‌واڵه‌كان ده‌بیستی ژانی دابڕان پڕت ده‌كات و ئێشی بێ‌ڕیشه بوون ده‌ڕشێیه‌وه و هه‌ر ئارام نابییه‌وه.

باسی فڵانی و فڵانی و فڵانی ده‌كه‌ی، خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی شته‌كان له لایان جۆرێكی‌تر بایه. بریای ئه‌وه‌ی شتێک‌ هه‌بایه ئه‌وانی لێت گرێ داباوه. له دووره‌وه نه ده‌توانی ده‌ست به برینه‌كان دابێنی نه ده‌توانی سڕی سه‌رپه‌نجه‌كانت له گه‌رمای پێكه‌وه بوونه‌كاندا، شان به شان چوونه پێش و پێکه‌وه که‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌کاندا له بیر به‌رییه‌وه. تا شه‌ودره‌‌نگانێک داده‌نیشین، به وشه كاڵ و كه‌مه‌‌كان شته‌كان وه‌بیرخۆمان دێنینه‌وه و له خه‌یاڵێكی خاودا ڕێگه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌كان، پێگه‌یشتنه‌كان و تێگه‌یشتنه‌كان ساف ده‌كه‌ینه‌وه، بریاكان و خۆزگه‌كان له لای یه‌ک هه‌ڵده‌چنین و بناغه‌ی دونیایه‌كی جوانتر بۆ ئه‌وانی دوای ئێمه دێن داده‌ڕێژین ... حه‌یف، حه‌یف، حه‌یف هه‌مووی هه‌ر له ڕه‌نگی ئاواتێكی دووره.

هه‌واڵه‌كان ده‌خوێنمه‌وه. گریانم دێت. نه بۆ ئه‌وان. بۆ سه‌رلێشێواوی مرۆڤێک كه منم. بۆ سه‌رسورماوی ژنێک كه منم. بۆ ئه‌و هه‌موو هاواره‌ی كه له دایک نابن و له ژانی ئه‌و هه‌موو برینانه‌ی به درێژایی مێژووی ژیانم به بالامه‌وه دیارماوه. هه‌موو خه‌ونه‌كان پێشكه‌شتان. من له خه‌ون بینین ماندووم. شتێک نزیكتر، ڕاستی تر و ڕاستر له خه‌ونم پێویسته گرێی ئه‌و بوغزه بكاته‌وه. شتێک كه جیاواز بێت، كه گه‌رمم كاته‌وه، باوه‌ڕی بوونی هیوایه‌کم پێ بدات. شتێک كه پێم بڵێ ئه‌و ڕۆژه دوور و دره‌نگ نییه. شتێک كه ئیمانم تێدا زیندوو بكاته‌وه.

هه‌واڵه‌كان ده‌خوێنمه‌وه و له خۆم ده‌پرسم لێره‌چی ده‌كه‌م؟ تا كه‌ی؟ چۆن؟



پێی ده‌ڵێم ئه‌گه هه‌روا بچێته پێش، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه!



Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------