Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 12, 2007



هاوڕێم لێمی پرسی " له‌یـــــلا تازه‌ترین وشه‌ی نوێی كوردیت بیستووه؟"، گوتم نا و كه‌مێک قسه له قسه‌دا هات. بۆیه دیسان وه‌بیرم هێناوه و گوتم"نا، نه‌مبیستووه!" بۆی نووسیم :

فێمینیزم= ئافره‌تیسم
فێمینیست= ئافره‌تیست

بۆم نووسی "گاڵته ده‌كه‌ی، وایه؟ تكایه بنووسه كه گاڵته ده‌كه‌ی!" پاڕانه‌وه‌ و لالانه‌وه‌م چ سوودی نه‌بوو. هاوڕێم گوتی نا، باوه‌ڕ بكه ئه‌وه تازه‌ترین وشه‌ی نوێی كوردییه. پرسیاری دواتری سه‌رنجڕاكێشتر بوو. پرسی ده‌زانی داهێنه‌ری ئه‌م وشه‌یه كێیه؟ منێک كه جاروبار مێهره‌بانییه‌كانم سه‌یر گوڵ ده‌كات وتم: هیوا گوڵمه‌حه‌ممه‌دی؟ به‌داخه‌وه وا نه‌بوو. دوو سێ ناوی شێره‌ژن و كه‌ڵه پیاوی "ڕووناكبیر و نووسه‌ر و كوردی زانم" هه‌ڵدا. ناوی خزم و كه‌س و سۆره‌ و تۆره‌شم هێنا. به‌ڵام هیچیان ڕاست نه‌بوون. یارمه‌تی دام. گوتی "ڕاوێشكاریش بووه!" ناوێک، وه‌ک بۆمب له ناو زه‌ینمدا ته‌قییه‌وه. مه‌هاباد قه‌ره‌داغی! گوتی "یه‌پ!". ئیتر ئه‌مجاره‌یان خۆم ماندوو نه‌كرد بڵێم كه بڵێت كه گاڵته ده‌كات. نازانم چۆن - درۆ نه‌بێت ده‌زانم چۆن! - هیچ پێم سه‌یر نه‌بوو كه مه‌هاباد كارێكی ئاوا بكات.

كارێكی ئاوا؟ ڕاسته خۆ به‌ردی به كه‌به دانه‌داوه. ئاسمانیش نه‌كه‌وتۆته سه‌ر عه‌رز و هیچ شتێک نه‌گۆڕدراوه. به‌ڵام دیسان ئه‌وه‌م به لاوه "كارێكی ئاوا" هات. ئێمه میلله‌تێكی خۆشین. هه‌میشه له‌وسه‌ره‌وه بۆ شته‌كان ده‌چین. له‌وێ كه هیچ گرفێک نییه ڕێگه چاره‌ ده‌دۆزینه‌وه و ئه‌و شوێنه‌ی كه كاری پێویسته كات و هێزی له سه‌ر دانانێین. فێمینیزم وشه‌یه‌كه له كۆمه‌ڵگه جۆر به جۆره‌كان شوێنی خۆی كردۆته‌وه. گرفته‌كه قه‌ت ناوه‌كه‌ی نه‌بووه. پرس و باس و خواست له سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌لام هه‌میشه زۆر بووه و زۆره. فێمینیزم هێشتا پێی نه‌گه‌یشتۆته كوردستان، یان هێشتا - لاروله‌نجه‌یه‌تی- كه‌می له سه‌ر ده‌زانین و سه‌رچاوه‌مان بۆ فێربوونی، به زمانی كوردی كه‌مه.

له كوردستان خۆی وشه‌ی "ژن" گرفتێكه، جاوه‌ره تۆ "ئیسم"ی پێوه بلكێنه‌. له هه‌ر كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌کی ژنان كه دانیشتووم، له كۆنفرانس و سێمینار و كۆبوونه‌وه‌ی "گه‌وره پیاوانیش"، كه باسی ژن ده‌كه‌ن، لانی كه‌م سێ وشه‌ی "ژنان و ئافره‌تان و خوشكان" ڕیزده‌كه‌ن. كه‌س به ته‌نیا ناڵێت ژن. یان ئافره‌ت. "ژن" وشه‌ی په‌سه‌ندكراوی لایانێكه، "ئافره‌ت" به دڵی لایانه‌كه‌ی تره، "خوشكان" كه ڕه‌نگ و بۆی ئیسلامییه‌كانی به خۆیه‌وه گرتووه. شه‌ڕی براكوژی به ڕواڵه‌ت نه‌ماوه. به‌ڵام جێ پێی دووبه‌ره‌كانی به دارودیوار و ڕووخساری شار و خه‌ڵک و نووسراوه و وته‌كان، جوان دیاره. وشه‌ دابه‌شكراوه‌كان یه‌كێ له ساكارترین به‌ڵگه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته‌یه‌. گرفتی ئێمه وشه‌ی فێمینیزم نه‌بوو. كه ئێستا بێین بیكه‌ن به ئافره‌تیسم. گرفت ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش نه‌بووه كه چالاكی بواری ژنان به خۆیان بڵێن فێمینیست كه ئێستا بێین بیكه‌ن به ئافره‌تیست! گرفتی ئێمه حه‌رام بوون، عه‌یب بوون، مه‌منووع بوون، نادیاربوون و ژێرچه‌پۆكه بوونی ژنه به پێی یاسا، داب و نه‌ریت و عه‌قلییه‌ت و زه‌ینییه‌تی په‌سه‌ندكراوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان. كێ باوه‌ڕ‌ده‌كات گۆڕینی وشه - ئه‌ویش بۆ وشه‌یه‌ک‌ كه په‌سه‌ندی ته‌نیا لایانێكه- له زه‌خت و زۆرییه‌كانی سه‌ر ژنان - ببوورن ئافره‌تان و خوشكانیش - كه‌م كاته‌وه؟

"كارێكی ئاوا" به‌لامه‌وه خۆ گێژكردن له گرفته سه‌ره‌كییه‌كه‌یه و به‌س. به جێی داهێنانی "وشه‌ی تازه"، خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی مێژووی ژیان و خه‌باتی ژنانی كورد بین باشتر نییه؟ خۆمان به كۆكردنه‌وه و نووسینه‌وه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه سپییه‌كانی مێژووی ژیان و خه‌باتی ژن ماندوو بكه‌ین باشتر نییه؟




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------