April 1, 2007
به بیانووی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می ڕێكخراوه‌ی "مافی ژنی كورد، مافی مرۆڤ" ** ژنان: لێره، له باشوری كوردستان، گروپێک هه‌یه به ناوی گروپی هه‌ڵوێست که له چه‌ند ڕێکخراوه‌ی ژنان پێک هاتووه. سه‌ره‌تای پێکهاتنی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌ڵوێستی ژنان به‌رامبه‌ر هه‌ندێ له یاساکانی ده‌ستوری عێراق که مافه‌کانی ژنانی به ئاشکرا پێشێل کردووه. یه‌کێ له به‌رهه‌می چالاکییه‌کانیان هه‌مان په‌سه‌ند کردنی ماده‌ی 59 یه که کوشتن به بیانووی شه‌ره‌ف وه‌ک قه‌تڵی ئاسایی چاوی لێده‌کرێت و سزاکه‌ی که‌متر له سزای قه‌تلی تر نییه. هه‌ر وه‌ها یاسای 62 سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی فره ژنی بوو که ئاڵوگۆڕێکی تێدا پێکهات و بۆ فره ژنی مه‌رجی دانا. دیاره ژنانی هه‌لوێست به‌مه ڕازی نه‌بوون و چالاکییه‌کانیان بۆ گۆڕینی ته‌واوی ئه‌و یاسایه به‌رده‌وامه. ماوه‌یه‌ک پێش ئه‌و گروپه کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان بوو له سه‌ر ماده‌ی 41ی ده‌ستوری عێراق. به پێی ئه‌و ماده‌یه هه‌رێمه‌کانی وڵات ده‌توانن به پێێ مه‌زهه‌به‌کانی خۆیان بڕیار له سه‌ر پرسیاره‌کانی سه‌ر به "احوال شخصی" بده‌ن به‌و مه‌رجه له چوارچێوه‌ی یاسای گشتی ئێراق که هه‌مان شه‌ریعه‌تی ئیسلامه، لانه‌ده‌ن. پارێزه‌رێکی ژن هاتبوو و له ڕووی یاساییه‌وه خاڵه به هێز و بێ هێزه‌کانی ئه‌و یاسایه‌ی ڕوون ده‌کرده‌وه. دواتر کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تر کرا تا ئه‌ندامه‌کانی گروپه‌که ڕاوبۆچوونه‌کانی خۆیان بێننه ئاراوه و بڕیــار بده‌ن بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌سته‌که‌یان، واته نه‌که‌وتنه گڕی ئه‌و یاسایه له هه‌رێمی کوردستان، چی بکه‌ن. مه‌به‌سی گروپه‌که ئه‌وه‌یه که بنه‌ما و چوارچێوه‌ی یاساکان به پێی خاڵه په‌سه‌ندکراوه‌کانی جارنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ بێت و نه‌ک شه‌ریعه‌تی ئیسلام که تێیدا به ئاشکرا مافی ژن پێشێل ده‌کرێت. ئه‌وانه ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌کی بچووک له چالاکییه‌کانی ژنان لێره‌یه. باری کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی بۆ چالاکی ژنان ئه‌وها نییه که کارئاسانی بکات. هه‌ر هه‌نگاوه‌ی که به‌ره‌و پێش ده‌چن، ناچار چه‌ند هه‌نگاوێک به‌ره‌ودواوه دوور ده‌خرێنه‌وه. به‌ڵام کۆمه‌ڵێک له ژنان هێشتا به‌رده‌وامن و کۆڵ‌یان نه‌داوه. کارکردن لێره ئاسان نییه. هه‌ندێ جار ئه‌وه یاسا نییه بۆته کۆسپی سه‌ر ڕێیان، به‌ڵکوو عه‌قلییه‌ت و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پیاو و ژنی ده‌وروبه‌ره که ڕێ گره! هه‌ندێ شت هه‌ن یاسایان له سه‌ر نییه، به‌ڵکوو داب و نه‌ریت و زه‌ینییه‌تی خه‌ڵکه‌که وا ده‌کات ڕێ به هه‌موو هه‌نگاو و ده‌نگێکی جیاواز ده‌گرێت. شتێک که لێره سه‌رنجی ڕاکێشاوم جیاوازی کاری ژنانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناوه‌وه‌یه. له ده‌رێ، به هه‌ندێ دروشمی گه‌وره‌تر كاره‌كان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و زۆرجار به داخه‌وه هێشتا تا نیوه‌ی ڕێگه نه‌هاتوون، ده‌وه‌ستێن. لێره کاره‌کان له چوارچێوه‌ی بارودۆخی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کرێت و پرسیار به پرسیار، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ڕۆنه پێش. بۆیه زۆر جار لێ تێگه‌یشتنیان ئاسانتره . له ده‌ره‌وه‌ی وڵات جۆڕه ئایدیالیسمێک هه‌یه که له ناو قاڵبێکی به‌ر ته‌سکی ئایدۆلۆژیاییه‌ک خۆ ده‌نوێنێت. له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دروشمه‌کان گه‌وره‌تر و هه‌نگاوه‌کان بچووکترن. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که ژنانی کورد له هه‌نده‌ران خاوه‌ن ئه‌زمۆن نین. به پێچه‌وانه، ئه‌زمۆنیان هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه توانایی که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زمۆنه‌کانیان نییه. یه‌کیش ئه‌وه که په‌ویوه‌ندی نێوان ژنانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه زۆر که‌مه یان هه‌ر نییه. له ئه‌زمۆنی یه‌کتری که‌ڵک وه‌رناگرن. ژنان له ده‌ره‌وه زۆر شتیان له ده‌ست نایه، یه‌کێ له هۆیه‌کان دوور بوونیان له هه‌ڵومه‌رج و بارودۆخی کوردستان و نه‌ناسینی زه‌ینییه‌ت و مێنتالیته‌ی ژن و پیاوی کورده( به هه‌ر چوار پارچه‌یه‌وه)، به‌ڵام زۆر توانایی و ئه‌زمۆن و بینین و تێڕوانینیان هه‌یه که ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ری ژنانی ناووڵات بێت. له باری فیکری، مه‌عنه‌وی و یان هیچ نه‌بێت گه‌یاندنی ده‌نگی ژنانی ناو وڵات به ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان. بۆ نموونه لێره نووسراوه له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژنانی جیهان ده‌ست ناكه‌وت. خوێندنه‌وه‌ی مێژووی خه‌باتی ژنان له وڵاتانی تر باشترین ڕێگه‌یه بۆ فێربوون و ئه‌زمۆن وه‌رگرتن و ئه‌وه مه‌خابن لێره زۆر به هه‌ند ناگیرێت. لێره نووسین له سه‌ر شێوازی ڕێکخستن و ئیش کردن له بواره جۆراوجۆره‌کانی چالاکی ژنان نییه و گرنگی په‌روه‌رده كردنی فیكری ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ڵ گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئیش ده‌كه‌ن له به‌رچاو ناگیرێت. جێی چۆڵی نووسراوه‌ی به پێــــز له بواری ده‌روونناسی، کۆمه‌ڵناسی ، سایکۆلۆژیای کۆمه‌ڵ و شێوه‌ی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه ده‌گه‌ڵ گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه زۆر به ڕوونی هه‌ست پێ ده‌کرێت. گرفته‌كان به وردی و به شێوه‌یه‌كی عیلمی پێناسه ناكرێن و زۆربه‌ی كات، به تایبه‌ت كاتی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه ده‌گه‌ڵ توند وتیژی دژ به ژن، به شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌یان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه! زانیاری ژنان له سه‌ر یاسا و مافه‌كانی خۆیان زۆر كه‌مه. زمانی كتێبی یاسا زمانێكی ئاسان نییه و هه‌موو ژنێكیش خوێنده‌وار نییه. به‌ڵام گه‌وره‌ترین بۆشاییه‌ک كه هه‌ستم پێ كرد نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی خوێندنه‌وه‌یه له ناو ژنانی خوێنده‌وار و چالاک! گرنگ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وام و پته‌وه که تا ئێستاکه نییه. بۆ نموونه هه‌ر بۆ پشتیوانی کردن له ئه‌و چالاکیییانه‌ی بۆ گۆڕێنی هه‌ندێ یاسای سه‌ر به "احوال شخصی" كه لێره به‌رده‌وامه، ده‌كرا بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوری سازدرابا. ژنانی کوردی چالاک له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌یانتوانی به نووسین له سه‌ر گرنگی ئه‌و هه‌نگاوانه، به کۆ کردنه‌وه‌ی ئیمزا، به نووسینی نامه بۆ ڕێکخراوه‌کانی چالاک له بواری مافی مرۆڤ له هه‌موو وڵاته‌کانی تر، پشتیوانی خۆیان له ژنانی باشوور ده‌ربڕێبا. ئه‌وه هه‌م زه‌خت ده‌خاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات له ناو وڵات و هه‌م په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ژنان ساز ده‌کات. جیا له زۆر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی، ژنان له زۆر خاڵ ده‌توانن ده‌نگێکی یه‌کگرتوو بن. ئه‌مڕۆ بۆ خوشکه‌کانیان له باشوور، کێ ده‌ڵێ به‌یانی نۆره‌ی ژنانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکووری کوردستان نییه؟ ** ئه‌و نووسراوه‌یه، هی ئه‌و كاته‌یه له كوردستان بووم و ئێستا لێره‌ی داده‌نێم!
Comments:
Post a Comment
|