Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 8, 2007



چركه‌یه‌ک:

له سه‌ر پشت ڕاكشابووم. نه خه‌و ده‌هات نه خه‌م ده‌ڕۆیشت. نه دڵته‌نگییه‌كانم له پێچ و په‌نای كۆڵانی زه‌ینم ون ده‌بوون و نه خۆمم له ناو كه‌لافی ئالۆزی بیره‌كانمدا ده‌دیته‌وه. كات ده‌ڕۆیشت و من له سه‌ر پشت ڕاكشابووم. كات تێده‌په‌ڕی و من بیرم له خۆم و ئه‌و كاتانه‌ی تێ په‌ڕم كردووه ده‌كرده‌وه: سه‌ر و ژێری ساڵه‌كانی ژیانم. له‌وان ساڵانێک بوون پڕ له عاشق بوون، له ئامێزگرتن، له ماچ كردن، پڕ بوون له خه‌و دیتن، له ژێر باران ته‌ڕبوون، له خۆشه‌ویستی كردن! بیرم چوو بۆ ئه‌و كاتانه‌ی پڕ بوون له هیچ. پڕبوون ‌له ترس. پڕ‌ بوون له ته‌نیایی و توڕه‌یی و تاسه. پڕ بوون له بێزاری و بێده‌نگی و بێ باوه‌ڕی. به خۆم ده‌ڵێم چركه‌ی وا هه‌بوون ماونه‌ته‌وه. ده‌مێننه‌وه. ئه‌و چركانه‌ی له‌تێكی خۆمم دیتۆته‌وه. به خۆم گه‌یشتوومه‌ته‌وه. چركه‌كانی پڕ له سه‌رهه‌ڵدان، له گه‌وره بوون. له سارێژبوونه‌وه‌ی برینێک، ئه‌و چركانه‌ی تێیدا حه‌ساومه‌ته‌وه. ئارام بوومه‌ته‌وه. بیرم له‌و چركه‌ی كرده‌وه كه چی تر بۆم گرنگ نه‌بوو "بــــــــۆ؟"، چی تر بۆم گرنگ نه‌بوو شته‌كان بۆ وایان لێ هات. ئیتر گرنگ نه‌بوو بزانم ئه‌و و ئه‌و و ئه‌و بــــــــــــــۆ وایان كرد ... بیرم له‌و كاته‌ی كرده‌وه دیم به‌دوای ئه‌وه‌یدام بزانم "چــــــــۆن؟"، چۆن‌ شته‌كان جۆرێكی تر ساز كه‌مه‌وه تا ڕۆژه‌كانم ڕه‌نگێكی تر بن. ئه‌و كاته‌م بیركه‌وته‌وه گرێی بوغزێكی كۆنم قوت داوه و چاوم له ئاسمان كرد كه داوێنه‌كه‌ی سوورمه‌یی و په‌مه‌یی بوو. منێک كه زۆر ساڵ چاوه‌رێی هاتنی ڕۆژێک بووم كه " له هیچ ڕۆژێکی تر ناچێت" و قه‌رار بوو بێت تا ببێته سه‌ره‌تای شته‌ تازه‌كان، ڕۆژێک، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه كه له سه‌ر پشت ڕاكشابووم و نه خه‌و ده‌هات نه خه‌م ده‌ڕۆیشت و نه دڵته‌نگییه‌كانم له پێچ و په‌نای كۆڵانی زه‌ینم ون ده‌بوون و نه خۆمم له ناو كه‌لافی ئالۆزی بیره‌كانمدا ده‌دیته‌وه، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه، ماندوو له چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ بڕانه‌وه، بڕیارم دا هاتنی ئه‌و ڕۆژه وه‌پێش خه‌م و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش بوو، "ڕۆژێک كه له هیچ ڕۆژێكی تر نه‌ده‌چوو" هات و ژیان ده‌ستی پێ كرد! هه‌ر ئاوا بوو كه له ته‌نیاییه‌كانم خۆش بووم. ڕۆژێک ماندوو له بۆ برشی ته‌نیاییه‌كان بڕیارم دا له ته‌نییاییه‌كانم خۆش بم! بۆ هه‌موو ئه‌و ئێواره دره‌نگانه‌ی به په‌نجه‌ی تیژی ڕۆحمی بریندار كردبوو. بۆ هه‌موو ئه‌و شه‌وانه‌ی تا به‌یانی وه‌ک ژان داگیری كردبووم و له ناخمدا ڕشابووه. بۆ هه‌موو ئه‌و پاش نیوه‌ڕۆ دڵته‌نگانه‌ی و‌ک پڕمه‌ی گریانێكی بێ وه‌خت به سه‌رمدا ڕووخابوو. بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی سێبه‌ری خستبووه سه‌ر چركه‌كانم و ده‌نگمی لێ دزیبووم. لێی خۆش بووم. ڕۆژێک ماندوو له بۆ برشی ته‌نیاییه‌كانم بڕیارم دا ده‌ست له‌و شه‌ڕه بێ مانایه هه‌ڵگرم. شه‌ڕ ده‌گه‌ڵ‌ ته‌نیایی شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ره. ئێستا من مابوومه‌وه و بیره شیی بووه‌كانی ڕابردووم. ئه‌و داوێنه تیتۆڵ تیتۆڵ كراوه‌ی چنگم لێ قایم كردبوو تا ڕۆنه‌چم. له‌و په‌له‌قاژه‌یه‌دا بوو تاقه ڕۆژێكی به‌هاری سێ ساڵ پێشم كه‌وته‌وه بیر. ئه‌و ڕۆژه‌ی من و "به‌شێک له ڕابردووم" تووشی یه‌ک بووینه‌وه. ده‌ستی یه‌كترمان گرت. له ژێر باران ته‌ڕ‌بووینه‌وه. شه‌و تا به‌یانی له ئامێزی یه‌کدا گوتمان و پێكه‌نین و له كۆڵانی بیره‌وه‌رییه‌كانماندا خوولاینه‌وه. كه‌چی بۆشاییه‌كان پڕ نه‌بوونه‌وه. دیم ئه‌و به‌شه ئیتر هی من و بۆ من نییه. ده‌با تێپه‌ڕیبام. به‌ڵام ته‌نیا پاییزی پار، كه به لاساری، گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانم و پێم وابوو سه‌هۆڵبه‌ندانی هه‌موو دڵته‌نگییه‌كانم ده‌توێنه‌وه، وێرام ده‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستییه ڕووبه‌روو ببمه‌وه. ئیتر دڵنیا بووم له دابڕان.

‌دابڕام!

ژیان به‌رده‌وامه. چی تر به سه‌ر چوارخانه به‌تاڵه‌كاندا بازناده‌م. ساتێک ده‌گیرسێمه‌وه. هه‌میشه تۆزێک ڕه‌نگ هه‌یه له سووچێكی به یادگار داینێم. ئێستا ئیتر ترسه‌كانم له جنسێكی ترن. خه‌ماكنیشم. هێشتا جارنا، دڵته‌نگ ده‌بم. هێشتا ته‌ڕایی سه‌رگۆنام به پشتی ده‌ست ده‌سڕمه‌وه. هێشتاش هه‌موو ئێواران به لای گۆمه مه‌نده ناوچاوان گرژه‌كه‌ی لای ماڵی خۆمدا كه تێده‌په‌ڕم، ژنێک ده‌بینم به ناو ئاوه‌كه‌دا ده‌ڕوات و گیرفانه‌كانی پڕكردووه له به‌ردی گه‌وره گه‌وره، دوور و دوورتر ده‌بێته‌وه، ڕۆده‌چێت و بچووک و بچوکتر ده‌بێته‌وه ... به‌ڵام من ئیتر بیر ناكه‌مه‌وه به‌دوایدا بڕۆم! چاو له سۆناكان ده‌كه‌م. وێنه ده‌گرم. گۆرانی ده‌ڵێم و ده‌ڕۆم و دوور ده‌بمه‌وه. بێ ئه‌وه‌ی په‌له‌یه‌كم هه‌بێت بۆ گه‌یشتن... یان ویستێک بۆ گه‌ڕانه‌وه!

ژیان به‌رده‌وامه!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------