Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 14, 2007



چوار ژن. چوار چیرۆک. یه‌ک وێنه!

قاقا و پێكه‌نینی چوار ژن، له ده‌وری مێزێكی باریكی له‌ق، ده‌نگده‌داته‌وه. هیچیان له هیچیان ناچن. هه‌موو به‌ڵام داوه هاوڕه‌نگه‌كانی ناو چیرۆكه‌‌كانیان ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وه له یه‌کیان نزیک ده‌كاته‌وه یا نا، به یه‌کیان ده‌شوبهێنێت. هیچیان هاوته‌مه‌ن نین. له هه‌مان شار و شارۆچكه‌ش‌ گه‌وره نه‌بوون. به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌ی هیچكامیان له یه‌ک ناچێت، كه‌چی شتێک، نا زۆر شت به یه‌كیان گرێ ده‌داته‌وه. چاویان لێ ده‌كه‌م و بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌و هه‌موو شته‌مان له یه‌ک ده‌چن و ئه‌و هه‌موو له یه‌ک دوورین؟ چیرۆكه‌كانمان پڕه له داوی هاوڕه‌نگ و ئه‌و هه‌موو ته‌نیاین؟ پڕین له ده‌نگ و ئه‌و هه‌موو بێده‌نگین؟ ئه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ئێمه كه‌ی، كێ بیگێرێته‌وه؟

********

ده‌گه‌ڵ‌ هه‌ستێكی سه‌یر، هه‌ستێک له نێوان ته‌م و توڕه‌یی ده‌‌ستی پێ كرد، ته‌مه‌نی یانزده ساڵی خۆم ده‌ڵێم! یانزده ساڵانه‌ بووم و ده‌نگه‌كان له گوێیاندا ده‌خوێندم كه گه‌وره بووم و كه ده‌بێت ژیــــــــر بم. ڕه‌نگه ئه‌وه سه‌ره‌تای ته‌مه‌نێک "خۆ نه‌دیتن" و "حاشا له خۆكردن" بوو. نازانم! شته‌كان كاڵن. هه‌ندێ شت هێنده حاشایان لێ ده‌كرێت كاڵ ‌ده‌بنه‌وه، ده‌توێنه‌وه یان له بیرده‌چنه‌وه. وه‌ک ‌سه‌رده‌می منداڵیمان. منیش هه‌ر سه‌ره‌تای ڕۆژانی یانزده ساڵیم بوو كه فێربووم ده‌بێ حاشا له خۆم بكه‌م. له گوتنی شتێک‌ وه‌ک‌ بڵێی بێ به‌ش كرابێم. شتێک نا، زۆر شت. زۆریانم هێشتا نه‌‌ده‌زانی چین. به‌ڵام ده‌مزانی هه‌ن و نابێ دان به بوونیان دابێنم. بیری ئه‌و ئێوارانه‌ی به تاسه‌وه چاوم له یاری تۆپێنی کوڕه‌کانی گه‌ره‌ک ده‌كرد و من، كه چه‌ند ساڵێک‌ منداڵتر له هه‌موویان بووم، ئیتر ئه‌وه‌نده گه‌وره ببووم ده‌بایه وه‌ک ‌سێبه‌ر هاتبام و ڕۆیشتبام تا نه‌بیندێرم. تا نه‌بیسترێم. له بیرم نایه قه‌ت خۆزگه‌ی ئه‌وه‌م خواستبێت كه كوڕ بایه‌م. به‌ڵام هێشتا جوان له‌بیرمه خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی لێم گه‌ڕابان كه‌مێكی تر منداڵ بمێنمه‌وه، پڕی كردبووم. من یانزده ساڵم بوو. ده‌مویست وه‌ک منداڵه یانزده ساڵه‌كانی تر له خاک‌ و خۆڵێ كۆڵان بگه‌وزم و پیس و تۆزاوی بم، به دیواره‌كاندا سه‌ركه‌وم و له به‌رزاییه‌كانڕا بازده‌م. حه‌زم ده‌كرد لێم گه‌ڕابان كه‌مێكی تر منداڵ مابامه‌وه و ئه‌وه‌نده زوو تۆڕ نه‌ده‌درامه‌ دونیای گه‌وره ساڵه‌كان. نا، نا، دونیای گه‌وره ساڵه‌كانیش نه‌بوو. ئه‌وه‌نێ کوڕه‌کانی گه‌ره‌ک هه‌موو چه‌ند ساڵ گه‌ورتر بوون و هه‌ر ده‌نگی پێكه‌نین و هه‌رای یاری تۆپێنیان گوێی گه‌ره‌كی كه‌ڕ كردبوو. من یانزده ساڵم بوو و تۆڕدرامه دونیای پڕ له عه‌یب و حاشای ژنانه! دونیایه‌ک‌ پڕ له وا مه‌كه و وا مه‌ڕۆ. دونیایه‌ک كه به سه‌ر هه‌ڵدانی دوو خاڵی ورد ورد له سه‌ر سنگم ده‌ستی پێ كرد. دوو خاڵی ورد كه من ده‌بایه تا دره‌نگ نه‌بووه، دامپۆشیبان. به كوڕ بوونه‌وه، به جلی هه‌زارجار له خۆم گه‌وره‌تر شاردبامنه‌وه تا سه‌یدزاده‌ی هاوسێمان هێنده چاو نه‌بڕێته سنگم و پێم نه‌ڵێت "شه‌رم ناكه‌ی، ژنێكی ته‌واوی و له كۆڵان كایه ده‌كه‌ی!" ، ڕه‌نگه ئاوا بوو خۆشم باوه‌ڕم ‌كرد كه گه‌وره بووم كه ژنێكی ته‌واوم و كه ده‌بێ خۆزگه‌ی خۆشییه‌كانی منداڵی له‌بیر بكه‌م. ئاوا بوو كه ئه‌و داوه ناسكه‌ی منی به منداڵی گرێ دابووه پسا و من تۆڕدرامه دونیای پڕ‌له عه‌یبه و حاشای ژنانه ...

********

به‌ڵام ئاخر دونیای ژنانه چی بوو؟ چۆن بوو؟ بۆ كه‌س نه‌بوو به من بڵێت منداڵێكی یانزده ساڵانه‌ چۆن بێت یان چی بكات تا ژنێكی ته‌واو بێت؟ كه‌س نه‌بوو كه‌ڵافی ئاڵۆزی پرسیاره‌كان هه‌ڵكاته‌وه. ڕۆژه‌كان به خێرایی تێده‌په‌ڕێن و منیش ئیتر، وه‌ک بڵێی، سڕ ببووم. ئیتر ته‌می ئه‌و ساڵانه‌ی منداڵی كه لێیان دزیم ته‌پ و تۆزی له سه‌ر نشتبوو، توڕه‌ییه‌كانم به‌ڵام هه‌میشه ده‌گه‌ڵم مان. دواتر زۆر دواتر كه هێشتا هه‌ر توڕه بووم، ئیتر وه‌بیرم نه‌ده‌هات بۆ ئه‌وه‌نده توڕه‌م. به‌ڵام هه‌ستم به قورساییه‌كه‌ی هه‌ر ده‌كرد. ده‌مزانی نابێ ئاوا بێت. ده‌مزانی شتێک له شوێنێک هه‌ڵه‌یه. هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ش‌، قه‌ت، خۆزگه‌ی وه‌م نه‌بوو كه بریا ژن نه‌بایه‌م. به‌ڵام هێشتا، منێ كه له ته‌مه‌نی یانزده ساڵییه‌وه مۆری ژن بوون له ناوچاوانم درابوو، نه‌مده‌زانی ژن بوون یانی چی. هه‌موو تاقه‌كانی ماڵه‌ بچووكه‌كه‌مان پڕ بوو له كتێب. نوقمی كتێبه‌كان بووم. هه‌موو كتێبێک و هه‌ر كتێبێكم ده‌خوێنده‌وه به‌و هیوایه‌ی پرسیارێک له پرسیاره‌كانم كه‌م بێته‌وه. به‌ڵام هیچكام له كتێبه‌كانیش وڵامێكی بۆ من تێدا نه‌بوو. نا، ژن بوون خه‌می ئه‌وانی تر نه‌بوو! پرسیاره‌كانم ده‌گه‌ڵ‌ خۆم گه‌وره بوون و وڵامه‌كان تاسه‌یان هه‌ر نه‌ده‌شكاندم. من قه‌ت نه‌مزانی ئه‌گه كوڕێک به‌دوامدا دێت بۆ هه‌ڵه‌ی منه؟ من قه‌ت نه‌مزانی ئه‌گه پیاوێک قسه‌م پێ ده‌ڵێت، چاوم لێ داده‌گرێت یان ده‌ستم بۆ دێنێت بۆ منم كه شه‌رم ده‌كه‌م؟ بۆ منم كه ده‌گریم؟ من قه‌ت نه‌مزانی بۆ ده‌بێ شه‌رم له دوو خاڵی وردی سه‌ر سنگم بكه‌م؟ من قه‌ت نه‌مزانی بۆ جلی ژێری ژنانه عه‌یبه‌؟ من قه‌ت نه‌مزانی بۆ من به دزی و براكه‌م به ئاشكرایی دڵداریمان ده‌كرد؟ مه‌گه‌ر یه‌ک شت و هه‌مان شت نه‌بوو؟ گوتیان "وا مه‌كه. وا مه‌ڕۆ. جوان دانیشه. به ده‌نگی به‌رز پێ مه‌كه‌نه. به ده‌نگی به‌رز قسه مه‌كه. چاو له چاوی كه‌س مه‌كه. دڵ به كس مه‌ده..." گوتیان ئه‌وانه یانی "ژن بوون".

********

ئاوا بوو كه "به ژن كراین!"

********
ئه‌میان گوتی چه‌ند دڵۆپه خوێنی یه‌كه‌مم كه دی پێموابوو "بنم ڕژاوه". گوتی بیرم له خۆكوشتنیش كرده‌وه ئه‌و شه‌وه، و من دڵم بۆ ته‌نیاییه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی كچۆڵه‌یه‌كی دوانزده ساڵانه سووتا و ژانی ئه‌وه‌ی هیچ باوه‌شێک نه‌بوو ترسه‌كانی له بیربه‌رێته‌وه، تاڵی كردم! كچۆڵه‌یه‌كی دوانزده ساڵانه، منداڵێكی دوانزده ساڵانه كه ده‌یزانی، حاڵی كرابوو "بن" چییه و نه‌یده‌زانی، كه‌س پێی نه‌گوتبوو ئه‌و چه‌ند دڵۆپه خوێنه‌ی دوانزده ساڵی ترسی ناوێ. ژانی هه‌یه به‌ڵام ترسی نییه!

********

توڕه‌ییه‌كه‌م هه‌ر ما. توڕه‌ییه‌ک كه له یانزده ساڵییه‌وه ده‌ستی پێ كرد و ڕیشه‌ی داكوتا و به هێزتر بوو. مه‌گه‌ من چیم ده‌ویست؟ له شه‌ڕه‌كانی ته‌مه‌نی شانزده ساڵیم ده‌گه‌ڵ براكه‌م تا یاغی بوونی بیست ساڵیم به‌رامبه‌ر خوا و خه‌ڵک‌ و خۆم، هه‌موو هه‌وڵی من بووه بۆ تێگه‌یشتن. من شتێكی سه‌یرم نه‌ویستووه. من ده‌مویست كه‌سێكی ئاسایی بم. هه‌ر ئه‌وه! نه زیاتر. نه كه‌متر! ده‌مویست ژیانێكی ئاسایم هه‌بێت. نه‌مده‌ویست شه‌رم بكه‌م. له خۆم. له له‌شم. له ژن بوونم. ده‌مویست به ده‌نگی به‌رز پێبكه‌نم، قسه بكه‌م، بیر بكه‌مه‌وه. ده‌مویست ده‌رفه‌تی هه‌ڵه كردنم هه‌بێت و ده‌رفه‌تی خۆناسین. ده‌مویست عه‌یبه‌كانی من و براكه‌م له یه‌ک بچن. ده‌مویست ئه‌وه‌ی بۆ من عه‌یبه بۆ ئه‌ویش عه‌یب بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌و به ئاشكرا ده‌یكات منیش، ئه‌گه ویستم، به ئاشكرا بۆم هه‌بێت بیكه‌م! به‌ڵام له دونیای ژنانه هیچ شتێک ئاسایی نه‌بوو. ژن بوون له خۆیدا ئاسایی نه‌بوو. قائیده و قانوونی سه‌یری هه‌بوو. یاسا ئه‌وه بوو ژن ناز بكات. لاروله‌نجه‌ی هه‌بێت. دڵی پیاو ڕابگرێت. بڵێت نا ته‌نانه‌ت ئه‌و كات خۆی حه‌زی لێیه‌تی. نه‌ده‌با قسه‌ی دڵی راسته‌وخۆ گوتبایه. چاوی كه له چاوی پیاوێک كردبا، به ڕووی پیاوێک كه پێكه‌نیبا، ژنه "خراپ" بوو. "خراپه" بوو!

....

*********

چوار ژن دانیشتوون. قسه ده‌كه‌ن. پێده‌كه‌نن. فرمێسكی قه‌تیس ماوی چاوه‌كانی یه‌كیان، برژانگه‌کانی ته‌ڕ ده‌کات. ئه‌مه‌ی تریان، بێده‌نگ، به مێهره‌بانی ده‌ستی ده‌خاته سه‌ر ده‌سته‌كانی ئه‌و. چوار ژن چوار چیرۆكی جیاواز باس ده‌كه‌ن و هه‌موو، ته‌نیا یه‌ک وێنه ده‌خه‌نه به‌ر چاو. چوار ژن كه ڕه‌نگێكی خۆڵه مێشی ناو وێنه‌كه به یه‌كیان گرێ ده‌داته‌وه. چوار ژن كه هه‌موو چه‌ند جارێک له چه‌ند شوێنێک گرێ پووچكه‌ی بوغزێكی گه‌وره‌یان قوت داوه‌ته‌وه، ترساون و گریاون. چوار ژن كه چه‌ند جارێک له چه‌ند شوێنێک كه‌وتوون و كه‌وتوون و كه‌وتوون به‌ڵام هه‌ستاونه‌ته‌وه.

چوار ژن كه هه‌زار جاری تریش بترسێن، بگرین، بكه‌ون، هه‌ر هه‌ڵده‌ستنه‌وه!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------