April 28, 2007
هه‌ر توڕه‌م. توڕه‌ییه‌ک كه نایناسمه‌وه. ترسێكی تێكه‌ڵاوی خه‌م و ژانێكی سه‌یر له دڵما هه‌ست پێ ده‌كه‌م. وه‌ک منداڵێک ده‌ستی له گۆشه‌ی چارشێوی دایكی به‌ربووه و ون بۆت. وه‌ک منداڵێک دایكی له سه‌ر ڕێ دایده‌نێت و پشتی تێده‌كات. ژانی دایكێكم هه‌یه جگه‌رگۆشه‌كه‌یان له به‌رچاوه‌كانی سه‌ر بڕیوه. توڕه‌یی جارانم نییه. نا. توڕه‌یی جارانم، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، كه به درێژایی مێژووی ژیانم، ده‌گه‌ڵ خۆم هێناوه وبردووه، ده‌ناسمه‌وه. ده‌سته‌مۆ بووه. توڕه‌یی جارانم ده‌توانی بیخه‌مه ناو له‌پی ده‌ستم و په‌نجه‌كانم له یه‌ک گرێ بده‌م و بیكه‌م به مست. توڕه‌یی جارانم ده‌توانی له بێده‌نگییه‌كی تاڵ حه‌شار بده‌م. له ڕوانیینێكی به‌تاڵ. توڕه‌ییه‌ی ئێستام به‌ڵام ناناسمه‌وه. ده‌ماره‌كانمی پڕكردووه. نازانم به‌ره‌و كوێم ده‌بات. ده‌سته‌مۆ نییه ... ده‌ڵێ فه‌رقی ئه‌مجاره‌یان ده‌گه‌ڵ جارانی پێش چییه؟ ڕه‌نگه ڕاست بكات. ڕه‌نگه فه‌رقی نه‌بێت. نازانم! ئه‌و گه‌شبینییه كه‌رانه‌ی جاران، قه‌ت نه‌یهێشتووه ئاوا وه‌ک ئێستا ڕه‌شاییه‌كان ببینم. جاران تاق و لۆق ناویان هه‌بوو. ده‌زانی، جاران مامی پێڵا بوو. جاران باوكی فادیمه بوو. جاران ئامۆزای سارا بوو.جاران برای هێشوو بوو. تاق و لۆق. لێره و له‌وێ. ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام گارانێک بوون. ده‌زانی، گارانێک. فه‌رقی زۆره! جاران ده‌تگوت "تاكه‌كه‌سن" بڵاو بوونه‌ته‌وه له ناوماندا. ناسینه‌وه‌یان ئاسانه. ژماره‌یان كه‌مه. ئێستا به‌ڵام ئه‌گه ته‌نیا گوندێک، چووزانم ئه‌گه ته‌نیا شارۆچكه‌یه‌كی ئاوا بچووک ئه‌و هه‌موو بكوژه‌ی لێ بێت، تۆ بڵێی سه‌رجه‌م چه‌ند سه‌د هه‌زار دانه بن؟ به چی تێر ده‌بن؟ كه‌ی تێرده‌بن؟ قه‌ت تێرده‌بن؟ ده‌ڵێ فه‌رقی ئه‌مجاره‌یان ده‌گه‌ڵ جارانی پێش چییه؟ ده‌ڵێ كوشتن هه‌ر كوشتن نییه؟ ده‌ڵێ ئێوه كچه‌كانتان ده‌نێژن! ده‌ڵێ ئێوه كچه‌كانتان به زیندووی ده‌نێژن، یان له كونجی ژووره‌كان ده‌یانبه‌ستنه‌وه یان له حه‌وشی ماڵه‌كان ده‌یانكوژن یان له مه‌یدانی خۆڵاوی گوند و شاره‌كان به‌رده‌بارانی ده‌كه‌ن ... ده‌ڵێ كوشتن هه‌ر كوشتن نییه پێت وایه؟ ده‌وره‌ی جاهیلییه‌تی پێش ئیسلامتان له بیره؟ كچیان زینده به چاڵ ده‌كرد. خۆمان تا كه‌ی فریو بده‌ین؟ به‌سه! به‌سه تۆمه‌تباركردنی ئیسلام و دین و ئایین. هه‌ر ئه‌و دینه مه‌گه به ده‌ست و په‌نجه‌كانی مرۆڤ خۆی نه‌نووسراوه؟ به‌سه! تاوانه‌كان مه‌خه‌نه سه‌ر شانی خــــــوا. كام خـــــــــــوا؟ كـــام خــــــــــوا؟ هه‌ر ئه‌و خوایه مه‌گه ده‌ستكردی زه‌ینی به‌شه‌ر نییه؟ هه‌ر ئه‌و زه‌ینه‌ی ئه‌مڕۆ فه‌توا له سه‌ر كوشتنی ئینسان ده‌دات؟ حیسابی دین ئه‌گه بێت هه‌موو ڕێساكانی ژیانمان دژ به دینه. له دزی كردن و درۆ گوتن تا خواردنه‌وه و ده‌ستدرێژی كردن. له نوێژ و ڕۆژووگرتنه‌كان تا ... ده‌وێرین دان به‌م ڕاستییه‌دا بێنین؟ ئێمه میلله‌تێكی نه‌خۆشین. میلله‌تێکی دڵره‌قین. مانای شادی نازانین. مانای جوانی نازانین. مانای كه‌رامه‌تی ئینسانی نازانین. مانای مرۆڤ بوون نازانین. هه‌رچی ده‌كه‌ین تاوانبارێكی بۆ ده‌دۆزینه‌وه، قه‌ت هیچ شتێک تاوانی خۆمان نییه. كوردستان نێت نووسیوێتی " شه‌هید كردنی دۆعا" ... ته‌ح! به‌دبه‌ختییه‌كانمان یه‌ک و دوو نییه. سه‌ڵا به حاڵی ئه‌و میلله‌ته‌ی پێویستی به شه‌هید بێت. سه‌ڵا به حاڵی ئه‌و گه‌له‌ی ڕۆڵه‌كانی خۆی به ده‌ستی خۆی له خوێن بگه‌وزێنێت. با چاو بگێرین. چیمان هه‌یه؟ دار و دیواری ده‌وروبه‌رمان ئاسه‌واری ده‌وره‌ی جاهیلییه‌تی لێ ده‌بارێ. هه‌ر به مێشک و زه‌ینی سه‌رده‌می جاهیلییه‌ت بیر ده‌كه‌ینه‌وه. ئاخر دینێک فه‌توا به كوشتنی مرۆڤ ده‌دا دین نییه. خوایه‌ک به ناویی مرۆڤ ده‌كوژرێت خوا نییه. وڵاتێک منداڵه‌كانی خۆی له خوێن ده‌گه‌وزێنێت وڵات نییه. وڵاته؟ چ فه‌رق ده‌كات، عه‌ره‌بی ده‌وره‌ی جاهیلیه‌ت كچی به مه‌لۆتكه‌یی زینده به چاڵ ده‌كرد، ئێستا له لای ئێمه به گه‌وره ساڵی... چ فه‌رق ده‌كات؟ ترسی ئه‌مجاره وه‌ک هیچ جارێكی پێش ناچێت. جاران ده‌مزانی مامی پێڵا هه‌یه، به‌ڵام ده‌متوانی پێم وابێت مامی پێڵا شتێكی هه‌یه، نیشانه‌یه‌كی هه‌یه له "پیاوه‌كانی" تر جیاوازی ده‌كاته‌وه. دڵنیا بووم شتێكی پێوه دیاره. دڵنیا بووم ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام... بــۆ "دایــكی نیشتمان" پشتی له ڕۆڵه‌کانی خۆی كردووه؟
Comments:
Post a Comment
|