April 20, 2007
ئه‌و نامانه‌ی قه‌ت به‌ڕێ ناكرێن: ده‌پرسی چۆنم، باشی باش كه نا، به‌ڵام خراپ نیم. هه‌م! دێم. ده‌ڕۆم. پێده‌كه‌نم، به‌ڵام له خۆشی هیچ شتێک هه‌ڵناخه‌مه‌وه. قژم له به‌ر خۆرێكی بێ گیان وشک ده‌كه‌مه‌وه. ئه‌گه نه هه‌موو ڕۆژێ كه زۆربه‌ی ڕۆژه‌كان ملی ڕێ ده‌گرم و به ته‌نیشت گۆمێكی مه‌ند دا تێده‌په‌ڕم و زۆر شت و زۆر كه‌س له بیرده‌كه‌م. كتێب ده‌كڕم و نایانخوێنمه‌وه. ئه‌و ڕۆژانه به‌ڵام تا بڵێی له مۆسیقا دا ون ده‌بم. به‌هاریش هێشتا له ئه‌گه‌ری هات و نه‌هات دایه. هه‌ر ئێستا به‌ڵام بارانێكی خۆش ده‌بارێ. خۆشه. زۆر خۆش! ده‌گه‌ڵ هاوڕێیان كه یه‌ک ده‌بینین، باسی هه‌موو شت ده‌كه‌ین. له ڕۆژنامه‌وانی و مێدیای كوردی تا قه‌واره و چوارچێوه‌كان. له ڕێكخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ تا حیزبی سیاسی، له "ڕۆناكبیری" و "ڕۆناكبیر بوون" كه بۆ هێنده كه‌س له دۆخین بۆ خواره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا فێمینیزمی كوردی كه به قاب نه‌شووشتن و خواردن ساز نه‌كردن مانا كراوه‌ته‌وه. و مافی منداڵ له باربردن بۆ ژن و دواتر دیسان پرسیاری هه‌میشه‌یی ژیان چییه و كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات و ... هه‌م. هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌گه‌ڵ ڕۆژه‌كان تێپه‌ڕ بم. هه‌ندێ جار به‌ڵام به جێ ده‌مێنم. له ژێر سێبه‌ری بیرێكی دوور ده‌گیرسێمه‌وه و هه‌ندێ جار به خێرایی نازانم چی له كات تێده‌په‌ڕم و وه‌پێش ده‌كه‌وم و ناچار له گۆشه‌یه‌ک په‌نا ده‌گرم تا چركه‌كان بگه‌نه‌وه و دیسان پێكه‌وه دوور بینه‌وه تا نازانم كوێ ... ده‌پرسی چیم ده‌وێت له ژیان! بیرده‌كه‌مه‌وه ده‌بێ بزانم؟ ... ده‌زانم و نازانم. هه‌ندێ جار سه‌ر به هه‌موو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی زه‌ینمدا ده‌كه‌م و جێ پێی هیچ خۆزگه و بریایه‌ک نابینمه‌وه. وه‌ک بڵێی هیچ نه‌ماوه بمه‌وێ یان هێزێک بۆ ویستن و كه‌چی هه‌ندێ جار پڕم له دڵه‌كوته‌ی ئاواتی شین و ناره‌نجی. ئاواتی گه‌وره و بچووک. بۆ خۆم و بۆ ئه‌وانی تر. بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر ئه‌و له یه‌ک نه‌چوونی منه‌كانی منه كه ڕایگرتووم. ئه‌وه كه ژنه‌كانی ده‌روونم هه‌ر كام به لایه‌كدا ڕامده‌كێشن و هه‌ر كامیان له سه‌ر ویسته‌كانی خۆیان سوورن. بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئاواتێک به ناوی هیچ ڕۆژ و ڕێكه‌وتێكی تایبه‌ت نه‌كراوه تۆزی خۆله‌مێشی ترسی نه‌گه‌یشتن ده‌ته‌كێنێت. ده‌زانی چركه‌كان، خه‌مه‌كان، شادییه‌كان ده‌بێ ڕه‌نگیان هه‌بێت. ده‌بێ ناویان هه‌بێت به‌ڵام نابێ هیچ ڕۆژێكیان به ناو بكه‌ی. حه‌یفه. زۆر حه‌یف! وه‌ک عاشق بوون وایه. تۆش پێت وانییه؟ عاشق نابی چونكه ده‌بێ عاشق بیت، چونكه كاتی وه‌ی گه‌یشتووه كه عاشق بیت. یان هه‌ر چونكه كه‌سێک ئاشقی تۆ بووه. ده‌بێ دڵت بله‌رزێ. دڵه كوته‌كانی عاشق بوون ده‌توانن له چاوه‌ڕوان نه‌کراوترین چركه بگه‌نه به‌ر و به‌رۆكت بگرن. چی ده‌كه‌ی ئه‌و كات؟ عاشق بوون ده‌بێ ڕه‌نگ بێ. وه‌ک ئه‌و ده‌مانه‌ی گۆنات به ڕه‌نگی گوڵه‌باخه. عاشق بوون كات و ڕۆژ و ڕێكه‌وتی نییه. دێت و قوژبنێكی دڵت داگیر ده‌كات. بته‌وێ یا نا... ئه‌وه‌ت له بیر بێت! ده‌پرسی به‌ره‌و كوێ؟ سه‌یره. ئه‌م پرسیاره هه‌میشه من وه‌بیر قسه‌كانی گوڵی كه‌ویر ده‌خاته‌وه كه به شازده بچكۆله‌ی گوت. له‌بیرته؟ ئه‌وده‌مه‌ی له وڵامی شازده‌دا گوتی: " بنیامه‌كان؟ ... با ده‌گه‌ڵ خۆی ده‌یانبا. ئاخر نه‌كا بنیامه‌كان ڕیشه‌یان نییه ..." چی بڵێم! ئیتر ناترسم "با" ده‌گه‌ڵ خۆی بمبا. ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسم ڕۆچوونه. ڕازی بوونه! ئێستاش وه‌ک جاران حه‌ز ده‌كه‌م زیڕه‌ی ڕیشه‌كانم به بۆنی خاک ئارام كه‌مه‌وه. به‌ڵام ده‌مه‌وێ فێر بم بۆنی خاكیش وه‌ک بۆنی یاس و گوڵه‌باخ ده‌گه‌ڵ خۆم بگێرم. ده‌پرسی له كێ ده‌چم؟ ده‌زانی ئه‌مڕۆ دلجان باسی دایه گه‌وره‌ی خۆی كرد. دایكی دایكی. كه چۆن وه‌ک بێوه‌ژنێكی سی ساڵه، نه‌خوێنده‌وار و بێ ئیش و بێ پاره، له كوردستان، ته‌نیای ته‌نیا شه‌ش منداڵ، شه‌ش كچی به‌خێو كردووه و پێ گه‌یاندووه. بیرم كرده‌وه ئه‌وانه ئه‌و قاره‌مانانه‌ن له هیچ چیرۆكێکدا باسیان لێ ناكردرێت. بیرم كرده‌وه بریا چیرۆكه‌كان سه‌ر له نوێ بنووسرێنه‌وه. بیرم كرده‌وه بریا له‌و چیرۆكه‌كانی بۆ منداڵه‌كانی ده‌گێرینه‌وه فێریان بكه‌ین نه‌ک هه‌ر سێوێک، كه هه‌موو سێوه مه‌منووعه‌كان لێ كه‌نه‌وه! نازانم تا ئێستا له كێ چووم، له‌مه‌و به‌دوا به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له دایه گه‌وره‌ی دلجان بچم و نه‌ترسم له هیچ. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مانه‌ی هه‌موو ترسه‌كانی بوون له ناخما ده‌ڕشێنه‌وه... ده‌زانی حه‌ز ده‌كه‌م ئیتر له ترسه‌كانم نه‌ترسم. ...... تا جارێكی تر!
Comments:
Post a Comment
|