May 6, 2007
توێژینه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره، دۆعا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، مێدیای ڕه‌سمی xxxxxx نامه‌كان و ناڵه‌كان: ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕیوه. ئه‌گه‌رچی كورت! چه‌ند كه‌سێک له سه‌ر ئه‌و خاڵه هاوده‌نگن كه شتێک ڕووخا. سنوورێک شكا. بۆ من زۆر مانا چوونه‌ته ژێر پرسیار. زۆر مانا كه ڕه‌نگه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بلۆک و خوێن و سه‌ری هیچ كیژۆڵهیهكهوه نه‌بێت. له یه‌ک شت دڵنیام. تازه هیچ شتێک ئاسایی نابێته‌وه. لانی كه‌م بۆ من! نامه زۆر نووسران. گۆرانی زۆر گوتران. شێعری زۆریشی پێدا ههڵگوترا. ئیمزاش كۆكرانه‌وه. هه‌ر كۆش ده‌كرێنه‌وه. من نامه بۆ هیچ بكوژێكی خۆم ئیمزا ناكه‌م. ئه‌و بكوژه پێویست ناكات سهرپهنجهكانی به خوێنی كه‌س سوور ببێت. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕاگرتنی كوشتنی مرۆڤێكی هه‌بێت و بێده‌نگ بمێنێته‌وه له كوشتندا به‌شداره. ئه‌وه یانی هه‌موو ئه‌وانی بلۆكیان به سه‌ری ئه‌و دادا. ئه‌وه یانی هه‌موو ئه‌وانی هاواریان كرد و هێلهیان كێشا. ئه‌وه‌یانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ستان و چاویان لێ كرد. ئه‌وه یانی گه‌وره‌ی عه‌شیره و میر و سه‌رۆک... ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌واڵ و ڕووداوه ناخۆشانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه دڵته‌نگم ده‌كات په‌له‌قاژه‌ی ئه‌مان و ئه‌وانه بۆ كه‌ڵک وه‌رگرتن له ناوی كه‌سێک كه بێ هیچ هیچ هیچ تاوانێک كوژرا. دڵته‌نگم له‌وه‌ی ئێمه هێشتا له "شه‌هید" ده‌گه‌ڕێین! بۆ هه‌ر ئه‌وه به‌س نییه كه ئه‌و و ئه‌وانه‌ی به ده‌یان شێوه‌ی تر كوژران نه‌ده‌با كوژرابان و بێ‌تاوان بوون و هیچ تاوانبارێكیش ته‌نانه‌ت نابێت ئاوای ده‌گه‌ڵ بكردرێت؟ بۆ ده‌بێ بكرێن به ڕه‌مزی ئازادی، یان به ئاڵا هه‌ڵگری "خه‌باتێک" كه ڕه‌نگه ئاگاشان لێی نه‌بووبێت؟ ئه‌ی ئه‌و ژن و منداڵانه‌ی تا ئێستا له بێده‌نگیدا نه‌مان و ون بوون ڕه‌مزی چین؟ بمبوورن! دۆعا بۆ من ڕه‌مزی ئازادی نییه. كوشتنی دۆعا به‌ڵام بۆ من نیشانه‌یه‌كی زه‌قی تری نه‌خۆشی كۆمهڵگهیهکه كه تێیدا مرۆڤ هه‌رزانترین كاڵا و مرۆڤایه‌تی بێ ماناترین بایه‌خه! گرفتی ئێمه نه‌بوونی ناو نییه. سه‌دان و هه‌زاران ژن بوون به قوربانی ده‌مارگرژی پیاو و ژنی ئه‌وێ. گرفتی ئێمه خولانه‌وه‌مان له ناو بازنه‌یه‌كی داخراوه، گرفتی ئێمه تازه نه‌بوونه‌وه‌ی ماناكان و مه‌رجه‌كانه. ئه‌و ڕۆژه هاورێیه‌ک به ده‌م گریانه‌وه گوتی خوزگه گولله‌یه‌كیان لێ ده‌دا و ده‌یان كوشت! دڵم ته‌زی. بروانه چیان لێ كردووین و به چی ڕازی ده‌بین. با بمانكوژن، به‌س ئاوا نا!
Comments:
Post a Comment
|