Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 15, 2007



تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی له سه‌ر سنگم داناوه نییه. له ده‌رێ بای دێت. ئاسمان شینه. چه‌ند په‌ڵه هه‌وری سپی و هیچی تر. ڕامین تله‌فوونی كرد. باوكی ‌شادی كۆچی دوایی كردووه. زۆر ده‌مێكه ئیتر به بیستنی هه‌واڵی هیچ مردنێک هه‌ڵنابه‌زمه‌وه. جاربووه به بیستنی هه‌واڵی نه‌مانی هه‌ندێ كه‌س دڵم بۆ ته‌نیا مانه‌وه‌ی خۆم سووتاوه. و هیچی تر! بیستنی هه‌واڵی كۆچی دوایی باوکی شادی منی خسته‌وه بیری گه‌لاوێژ. گه‌لاوێژ دایکی شادی بوو. زۆر ساڵ بوو ئاوام بیر لێ نه‌كردبووه. جارنا به بیانووی گێرانه‌وه‌ی بیرێكی دوور باسیم كردووه. هه‌ر ئه‌وه‌نده. گلاوێژم زۆر نه‌دیوه به‌ڵام باشم وه‌بیر دێت.

ئه‌سمه‌ر بوو. نه‌رم بوو. زۆر زوو به شوو درابوو. گه‌لاوێژ زڕدایكی هه‌بوو.

گه‌لاوێژ خوشکی من بوو به‌ڵام زۆرتر له چه‌ند جار نه‌مدیوه ئه‌ویش ته‌نیا چه‌ند جارێک كه چووینه سه‌رده‌شت بۆ لای. هه‌موو جارێ یادی گه‌لاوێژ من ده‌خاته‌ بیری دایکم. و من ئه‌مڕۆ كه‌وتوومه‌ته‌وه بیری ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌ر ده‌رگام كرده‌وه ده‌نگی گریانی دایكمم بیست. ئێواره بوو. دایكم كراسێكی ونه‌وشه‌یی له به‌ردابوو. قژی خاو و سپییه‌كه‌ی له ژێر سه‌رپۆشێكی نه‌رمی سپی دیار بوو. چه‌ند كه‌سێكی له ده‌ورووبه‌ر بوو. من هیچم نه‌پرسی. كه‌سێک گوتی "گه‌لاێژ مردووه". تا ئه‌و ڕۆژه قه‌ت هیچ دایكێكم كه جگه‌ر گۆشه‌كه‌ی مردبێت له نزیكه‌وه نه‌دیبوو. دایكمم له خه‌می كه‌ماڵدا دیبوو چۆن ده‌تواوه. به‌ڵام تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ما، باوه‌ڕی نه‌كرد كه‌ماڵ نه‌ماوه. بۆ گه‌لاوێژ به‌ڵام هیچ ڕێگه‌یه‌كی تری نه‌بوو.

ده‌نگی گریانی دایكم ژانێكی سه‌یری تێدابوو. وا نه‌بوو به ده‌نگی به‌رز بگریت و هاوار بكات، نا. جۆرێک وه‌ک بڵێی كه‌س نایبینێت و له خه‌می خۆیدا نوقم بووه. خۆی ڕاده‌ژاند وه‌ک‌ بڵێی به ته‌مایه زیڕه‌ی دڵی ئارام كاته‌وه. هه‌موو داوایان لێ ده‌كرد نه‌گریت. نازانم چی ڕووی دا، ئه‌و جۆره‌ی دایكم چاوی له چاوم كرد حه‌زم كرد سری دایكم له سه‌ر سنگم دانێم و پێی بڵێم به‌ قه‌د هه‌موو ژانی جه‌رگه بڕاوه‌كه‌ی بگریت تا به‌شكوو ئارام بێته‌وه ...

دوایی گه‌ڵاوێژ دایكم زۆر گۆڕدرا. وه‌ک‌ بڵێیی دایکێک جگه‌رگۆشه‌یی ده‌مرێت ده‌كه‌وێته ئه‌و په‌ڕی ئه‌و په‌ڕی هه‌رچی ژانه. نازانم، هیچ وشه‌یه‌كم بۆی نییه. زۆر جار هه‌ستم ده‌كرد دوایی گه‌لاوێژ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڕووخێت خۆی مه‌جبوور ده‌كات باوه‌ڕ بكات كه‌ماڵ هه‌ر ماوه...






Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------