June 3, 2007
ئه‌و ماوه‌یه شتی زۆر ڕوویان داوه. گۆڕانكاری گه‌وره و بچووک. خۆش و ناخۆش كه بوونیان پێویسته و باس له به‌رده‌وام بوونی ژیان ده‌كه‌ن. له ته‌واو كردنی كتێبێک ده‌چێت ماوه‌یه‌كه به ده‌ستته‌وه و ده‌یخوێنییه‌وه و ئێستاش كه گه‌یشتوویته دوا لاپه‌ڕه‌كان، هێشتا كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ت هه‌ر بۆ ئاشكرا نابێت و ناچار له به‌شی دوو و سێ و چواری كتێبه‌كه ده‌گه‌ڕێی و خۆت بۆ خوێندنه‌وه‌ی فه‌سلێكی تازه له چیرۆكێکی كۆن ئاماده ده‌كه‌یی ... ئه‌گه‌رچی شته‌كان به‌رده‌وام به‌ره‌و پێش ده‌چن و كاتی وه‌ستانت پێ ناده‌ن، به‌ڵام پێش دێت چركه‌ی وا كه مه‌ودای نێوان كۆتایی به‌شێک و ده‌ست پێكردنی به‌شێكی تازه لێت ده‌بێت به بۆشاییه‌كی بێ بن و نازانی به چی پڕی بكه‌یه‌وه و ترسێک داگیرت ده‌كات كه نه‌كات له‌م بۆشاییه بێ بنه نوقم بیت و نه‌یه‌یته‌وه ڕوو. دیسان له ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری مانه‌وه و ڕۆیشتن دام. خه‌یاڵی باركردن و ویستی ڕیشه داكووتان له‌تیان كردووم. حه‌ز ده‌كه‌م بڕۆم، ده‌مه‌وێ بمێنمه‌وه! بیرده‌كه‌مه‌وه بڵێی خه‌وبینین هی ته‌مه‌نێكی تایبه‌ت بێت؟ یانی ڕۆژێک دێت ئیتر هیچ ئاواتێكی گه‌وره یان خه‌ونێكی تایبه‌ت سه‌رقاڵی خۆیانت نه‌كه‌ن؟ بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه له هیچكام له‌و چوارچێوه سازكراوانه‌ی هه‌ن نه‌گونجێی، ده‌بێت چی بكه‌ی؟ ده‌كرێ ته‌واوی ژیانت لاده‌ر بیت؟ بیرده‌كه‌مه‌وه تا كه‌ی ده‌توانی له ترسی ڕۆچوون یان ڕووخان له ژێر قورسایی سێبه‌ری ساته سارد و سڕه‌كان هانا به‌رییه‌وه ناخی خۆته‌وه و نه‌توانی یان نه‌وێری به كه‌س بڵێی ژانی چییه وردت د‌كات؟ ڕه‌نگه هه‌موو ئه‌و ساته سه‌رلێشێواوانه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه ده‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ستپێكه تازه‌کان. ڕه‌نگه ئه‌و پرسیارانه پێویسته بۆ هه‌ڵبژاردن. بۆ ساغ بوونه‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی چیت، چۆن و له كوێ ده‌وێت! ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌رانه نیشانه‌ی ڕۆنه‌چوونه. نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی من هێشتا ئاگام لێیه و ده‌زانم و ده‌مه‌وێ بزانم چی هه‌ڵده‌بژێرم ... ڕه‌نگه نیشانه‌ی ترسی من بێت له‌وه‌ی بكه‌ومه "ناعیلاجی" و له ڕووی "ناچارییه‌وه ڕازی بوون". ڕه‌نگه ده‌زانم به‌رگه‌ی زۆر شت ده‌گرم به‌رگه‌ی " ناعیلاجی" نه‌بێت. ....
Comments:
Post a Comment
|