Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

June 16, 2007



شتێک وه‌ک ژیان ...

نازانم. قه‌تم نه‌زانیوه. له سه‌رت ده‌بیستمه‌وه. باست ده‌كه‌ن. به خۆم ده‌ڵێم یانی ئه‌وانه ده‌توانن تۆ بن؟ یانی تۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له سه‌رت ده‌گوترێت؟ گومان ده‌كه‌م. دوایی هه‌ڕچی بیرده‌كه‌مه‌وه تۆ قه‌ت هیچ شتێک له‌و شتانه‌ی من گوتوومه نه‌بووی. ئه‌و وێنه‌یه‌ی من له تۆم داڕشتبوو ڕێی ناكه‌وێته‌ ناو خه‌ونه‌كانیشته‌وه‌. حه‌یف! ئه‌وا كه من تۆم سازكردبوو زۆر جوانتربووی. شته‌كان زیندوو ده‌بنه‌وه. بیره‌كان خۆیان وه‌بیرده‌هێننه‌وه. نامه‌وێ باوه‌ڕ بكه‌م. نامه‌وێ باوه‌ڕ بكه‌م تۆ ئاوای كه ئه‌وان ده‌ڵێن. نامه‌وێ بزانم. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی قه‌تم نه‌ویستووه بزانم. نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی خۆشمبوێیت هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی تا ئێستا خۆشمویستووی. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆم نه‌ڕووخێم و ڕق پڕم نه‌کات. من به‌رگه‌ی نه‌فره‌ت ناگرم. ئه‌وه‌م هه‌میشه زانیوه. نه‌ک ئه‌‌وه‌ی بمه‌وێ یان بتوانم ڕقم له خۆت بێت. نا، من ڕقم له‌وكارانه‌یه كه ده‌یكه‌ی. قێزیان لێ ده‌كه‌م و ڕشانه‌وه‌م دێت.

نازانی. قه‌تت نه‌زانیوه. ڕه‌نگه گرنگ نه‌بێت. تۆ مل كه‌چتری. تۆ ئاسانتر سه‌رداده‌خه‌ی بۆ چاره‌نووس. بۆ "ناعیلاجی". بۆ تۆ ئاسانتره بیر نه‌كردنه‌وه، پرسیار نه‌كردن، خۆ ئه‌سپاردن به شه‌پۆلی هات و نه‌هات. خۆزگه هه‌موو شتێک له ئێواره ته‌ڕه‌كه‌ی ئیساكه‌ند ته‌واو ده‌بوو. خۆزگه سه‌د خۆزگه هه‌وڵم نه‌ده‌دا هیچ شتێک له سه‌ر وێرانه‌كانی نێوانمان سازبكه‌مه‌وه. خۆزگه له مه‌هاباد ڕا تا سه‌رده‌شت ئه‌و قسانه‌ت نه‌ده‌كرد. خۆزگه هیچت نه‌ده‌گووت! من حه‌زم نه‌ده‌كرد ئاخر بیری من له تۆ ڕه‌نگی درۆی پێوه دیار بێت. من حه‌زم نه‌ده‌كرد كه حه‌ز نه‌كه‌م ئیتر بیرت لێ بكه‌مه‌وه یان تۆم وه‌بیر بێته‌وه. من حه‌زم نه‌ده‌كرد تۆ یه‌كێک له‌وانه بیت كه من له پشت سه‌رت داده‌نێم.

چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و پێش ده‌گه‌ڵ ‌په‌روین باسم ده‌كردی. تۆ له‌وانه‌یه له بیرت نه‌مابێت. من نۆ ساڵم بوو. تۆ له سه‌فه‌ر هاتبوویه‌وه. كتێبێكی به‌رگ سووری گه‌وره‌ت به دیاری بۆ من هێنابوو. كه‌مێک دواتر ئه‌و ڕۆژه‌ی كه هاتن كتێبه‌كانیان كارتۆن كارتۆن برد، من ته‌نیا خه‌می ئه‌و كتێبه‌م بوو. ئێستاش له بیرم دێت چه‌نده گریام بۆی. تۆ نازانیت. من له‌و ڕۆژه‌وه فێربووم كتێبم خۆشبوێت و هه‌میشه له بیرم ده‌مێنێت تۆ منت فێری ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ كرد. به‌س خۆزگه خۆزگه خۆزگه ده‌مزانی خۆت كه‌ی هه‌رچی خۆشه‌ویستییه له بیرت كرد؟ خۆزگه ده‌مزانی چۆنه ماڵی دڵت هێنده به‌رته‌نگه؟ له كوێ چیت ون كرد كه وات لێ هات؟ زۆر جار بۆ زۆر شت زۆر دره‌نگه. زۆر جار وه‌ک ئێستا ئیتر هیچ ناكرێت. شته‌كان ئاوان و هه‌ر ئاواش ده‌مێننه‌وه. لاساری و كه‌لله ڕه‌قی هه‌ر ماندوویه‌تی به‌دواوه و هیچی تر. وه‌ک ئه‌مڕۆی من كه ئه‌وه‌نده ماندووم له‌و هه‌موو په‌له قاژه‌یه‌.

ئه‌وه‌ش ژیانه ...




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------