Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

June 18, 2007



ڕه‌نگه‌كه‌ی خۆڵه‌مێشییه. ڕه‌نگێک كه من هیچ پێم جوان نییه. ته‌رح و مۆدێله‌كه‌شی شتێک نه‌بوو چاوم بگرێ و كه‌مێكیش گران بوو. به‌ڵام دوو گیرفانی گه‌وره‌ی هه‌یه نه‌مده‌توانی دڵی لێ بكه‌مه‌وه. سه‌یره كه دوو گیرفانی كراسێک بتوانن هه‌ستێكی ئه‌وه‌نده خۆشت تێدا زیندوو كه‌نه‌وه. كراسه‌كه‌ی كه له‌به‌ر ده‌كه‌م گیرفانه‌كانی ده‌كه‌ونه ته‌نیشته‌‌كانی. دوو گیرفانی گه‌وره. هه‌روا كه ده‌ڕۆم ده‌سته‌كانم ڕێک ده‌خه‌مه ناو گیرفانم و كایه به سه‌رپه‌نجه‌كانم ده‌كه‌م...

دوو ڕۆژه هه‌ور و هه‌ڵایه. هه‌ر ئێستاش نه‌رمه بارانێكی خۆش ده‌بارێ. هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له ڕووحی ئه‌وه‌ی "هێدفۆن" و " ئێم پی پلێیه‌ر"ی سازكرد. له هه‌ر كوێ بیت ده‌توانی بۆشایی نێوان خۆت و دونیا به پارچه مۆسیقایه‌ک ، به ده‌نگێكی گه‌رم و شێعرێكی جوان پڕ كه‌یه‌وه. ده‌ڕۆیی، باران لێت ده‌دا، هه‌موو گیانت پڕه له ده‌نگی سه‌نتور و نه هاژه‌ی ئوتومبیله‌كان، نه هه‌رای ئه‌و كچ و كوڕه‌ گه‌نجانه و نه هه‌ڵات هه‌لاتی ژن و پیاوی ماندوو و به‌په‌له سه‌رقاڵی خۆیانت ده‌كه‌ن. تۆ له گۆشه‌یه‌ک‌ داده‌نیشی. نه په‌له‌ته بۆ گه‌یشتن، نه ڕۆیشتنت مه‌به‌سته. نه باران توڕه‌ت ده‌كات، نه ته‌نیایی ده‌ترسێنێت. هه‌موو شتێک ڕێک له‌م چركه‌دا مانا په‌یدا ده‌كات و ئه‌وه‌ی نه‌بێت، ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وێت كه هه‌بێت، نییه و ئازارت نادا. ژیان ده‌توانێت ئاوا ساكار بێت. هه‌ر ئێستا. نه چركه‌یه‌ک پێشتر و نه یه‌ک چركه دواتر. نه تاسه و حه‌سره‌تی ڕابردوو، نه ترس و دڵه‌كووته‌ی داهاتوو. هه‌ر ئێستا. ئه‌و چركه‌یه كه ئه‌گه خۆ مات كه‌ی ده‌نگی تێپه‌ڕبوونی ده‌بیستی...

ژیان شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ر نییه. به‌خته‌وه‌ریش!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------