Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

June 19, 2007



هاورێم،

خۆزگه به جێی ئه‌و بیرانه‌ی ئێستا مێشكیان پڕكردووم، ده‌متوانی دانیشم نامه‌یه‌كی عاشقانه بنووسم بۆ ئه‌و كوڕه‌ی ڕۆژێک دێت خۆشمبوێت. خۆزگه به جێی هه‌موو ئه‌و هه‌را و هاواره‌ی شه‌وی ڕابردوو و دووپات بوونه‌وه و دووركه‌وتنه له خۆمان و له یه‌كتر بیره‌وه‌رییه‌كی خۆش و جوانمان بۆ یه‌ک به یادگار دانابا. ده‌متوانی تومارێکت بۆ بنووسم كه له كوێ وه‌ستاوین، بۆ ئاواین كه هه‌ین و چی ڕووی دا ڕێگه‌ی ئێمه‌ی وا له‌یه‌ک جیاكرده‌وه. ده‌متوانی لاپه‌ره‌كانت بۆ ڕه‌ش كه‌مه‌وه به سكالا. سكالا له‌و شته‌ی كه هه‌یه، له ته‌نیایی، له‌و ئازارانه‌ی له هیچی خۆڕایی به یه‌كی ده‌گه‌یه‌نین، له‌ نامۆیی. سكالا له‌و هه‌موو نه‌دیتنه، نه‌بیستنه، گوێ ڕانه‌گرتنه، له یه‌كتر تێنه‌گه‌یشتنه.

به‌ڵام ده‌زانی، با به‌س بێت. من ئیتر تاقه‌تی ئه‌و په‌له‌قاژانه‌م نییه. ئیتر تاقه‌تی كه‌لله ڕه‌قی و لاسارییه بێ بڕانه‌وه‌كانی تۆم نییه. تاقه‌تی دووپات كردنه‌وه‌ی شته هه‌زارپات كراوه‌كانم نییه. با به‌س بێت ئه‌و شه‌ڕه به‌رده‌وامه‌ی كه‌س تێیدا سه‌رناكه‌وێت. شه‌ڕێک كه هه‌ردوو لا تێیدا ده‌دۆڕێنن، دۆڕاون.

هاوڕێم من ده‌ڕۆم، نه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆیشتن ئاسانتره. خواكان ده‌زانن چ ژانێکی هه‌یه ئه‌م دابڕانه. نا، ئاسانتر نییه به‌ڵام ئێستا ته‌نیا ڕێگه‌یه. لانیكه‌م بۆ من. بۆ مێشكی ماندووی من. بۆ ڕۆحی ماندووی من كه دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه ته‌نیا شتێكی ده‌یه‌وێت تۆزێک حه‌سانه‌وه‌یه. ده‌مبیستی، تۆزێک حه‌سانه‌وه! ڕاستیت ده‌وێت زۆر ده‌ترسم بمێنمه‌وه وه‌ک ‌ئێوه‌م لێ بێت. قسه له سه‌ر باشی و خراپی كه‌سێک نییه. قسه له سه‌ر جیاوازی ویست و تواناییه‌كانمانه. من ڕۆژێکی دووری ساڵێكی دوور بریارم دا وا نه‌بم كه ئێوه هه‌ن. چونكه من به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕق و نه‌فره‌ته‌ی سێبه‌ری خستۆته سه‌ر ڕۆژه‌كانی ئێوه، ناگرم. من ده‌ڕۆم چونكه ئاواتی ترم هه‌یه بۆ ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی ده‌رفه‌تی ژیانم پێ دراوه. من ناتوانم ژیانی تۆ بژیم. من به قه‌د خۆم خۆشمده‌وێی به‌ڵام نه ده‌توانم و نه ده‌مه‌وێ وه‌ک تۆ بژیم. منیش لاسارم. به‌ڵام له بیرم نایه لاسارییه‌كانی من ئازارێكی به تۆ گه‌یاندبێت. من بۆ گه‌یشتن به‌و شته‌ی ده‌مه‌وێ لاسارم. وه‌ک كابراكه‌ی سه‌ر پرده‌كه‌ی پێ ده‌چه‌قێنم و هه‌موو ڕێگاكان تاقی ده‌كه‌مه‌وه. هه‌ر ئه‌و لاسارییه‌ش بووه منی ئه‌و هه‌موو ساڵه ڕاگرتووه به‌و هیوایه‌ی له شوێنێک به شێوه‌یه‌ک بتوانین له قسه‌كانی یه‌ک تێبگه‌ین. نه‌بوو.

نابێت!

له منت نه‌وێت له بچووكی دونیاكه‌تان نه‌‌ترسم. له منت نه‌وێت خۆ له‌و شه‌ڕه بێ مانایه گێژ كه‌م یا تێكه‌ڵی بم. من ده‌ڕۆم چونكه ده‌ترسم وه‌ک ئێوه‌م لێ بێت. ده‌ترسم دونیاكه‌م ئاوا بچووک‌ بێته‌وه، ده‌ترسم له خۆم به‌ده‌ر هیچ كه‌س نه‌بینم و هه‌ست به هیچی تر و كه‌سی تر نه‌كه‌م. خۆت ده‌زانی من ناتوانم ئاوا بم!


ئاگات له خۆت بێت.





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------