Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 12, 2007



له ماڵپه‌ڕی روانگه به‌ڕێزێک نووسراوه‌یه‌كی كورتی له سه‌ر ژنان نووسیوه و ئاوا ده‌ست پێده‌كات:

""درکم به‌و راستییه‌ کردووه‌، که‌ ژنان و کچان خۆیان ریَگرن بۆ زۆر شت که‌ ئازادییه‌کانی خۆیان پاوان کردووه‌، تا ماوه‌یه‌کی پیَش ئیَستا نکوڵیم له‌و راستییه‌ ده‌کرد، هه‌ر ده‌مویست خۆم ئیقناع بکه‌م که‌ وانییه‌، به‌ڵام شتیَکی به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ که‌وایه‌ ژنان وکچانی ئه‌م وڵاته‌ خۆیان ریَگرن له‌کۆیله‌کردنی خۆیان"


و له درێژه‌ی قسه‌کانیدا زه‌حمه‌ت ده‌كێشن و چه‌ند نموونه‌یه‌كیش ده‌هێننه‌وه. به‌ڵام من بۆ تێگه‌یشتن له‌م چه‌ند دێڕه و ئه‌و نووسراوه‌یه پێویستم به یارمه‌تی ئێوه هه‌یه. ده‌مه‌وێ بزانی ئه‌و دێڕه یانی چی:

" ژنان و كچانی ئه‌و وڵاته خۆیان ریگرن له كۆیله‌كردنی خۆیان"

ئایا ئه‌مه به‌و مانایه‌ هاتووه كه ژنان و كچان ڕێ به كۆیله‌كردنی خۆیان ناده‌ن و ڕێی لێ ده‌گرن؟ ئایا ڕێگرتن له كۆیله‌كردن ئیشێكی باشه یا ده‌بێت به زوویی فه‌توا له سه‌ر نه‌مانی بدرێت؟ ئایا به‌ڕێزیان گلێی له ژنان و كچانی ئه‌م وڵاته ده‌كه‌ن كه بۆ "ریگرن"؟

پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه به‌ڕێزیان فه‌رموویانه "شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته كه‌وایه ...."،

"به‌ڵگه نه‌ویسته" یانی چی؟ ئایا ئه‌مه به‌و مانایه هاتووه كه چوونكه ئه‌م به‌ڕێزه توانیوێتی خۆی "ئیقناع" بكات، ئیتر ئێمه‌ش كه به‌ هه‌ڵكه‌وت قسه‌كانی ده‌خوێنینه‌وه نابێ به‌ڵگه‌مان لێی بوێت تا بزانین چی به‌م قه‌ناعه‌ته‌ی گه‌یاندوه؟ ئایا كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت به "ئیقناع" بوونی پیاوێک بێ هیچ لێكدانه‌وه و لێ قووڵبنوونه‌وه‌یه‌ک و هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ک بخرێته به‌ر باس و سه‌رنج؟

به‌ڕێزیان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌نووسێت:

"بیَگومان ئه‌و کرده‌وانه‌ ره‌وشه‌که‌ به‌ره‌و خراپی ده‌بات که‌ کچان و ژنان خۆیان هۆن له‌پیَش ئازادبوونی خۆیان ..."


یه‌كه‌م پرسیار بۆ من ئه‌وه بوو "كام ئازادی؟" ئایا وه‌ک ژن له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سوننه‌تی و گرێدراوی داب ونه‌ریتی كۆن، ژن هیچ چه‌شنه ئازادییه‌كی شایانی باسی هه‌یه؟ بۆ نموونه ئازادییه‌کی سه‌ره‌تایی و ئاسایی وه‌ک ئازادی بیركردنه‌وه و بڕیاردان؟ له‌و‌ه‌ش دڵته‌زێنتر ئایا له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ‌وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری ئێمه هه‌ر فه‌رهه‌نگی "ئازاد بوونمان" هه‌یه؟ مانای ئازادی به گشتی و ئازادی ژن به تایبه‌تی یه‌كێک له سه‌ره‌كیترین كێشه‌كان و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ک كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه. دواتر به‌ڕێزیان ئایا هیچ بیریان له یاسا و ئه‌و كێشانه‌ی یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كان ده‌یخه‌نه سه‌ر ڕێگه‌ی ژنان كردۆته‌وه؟ له وڵاتێكدا ژن هێشتا ئازادی هه‌ڵبژاردنی ڕێسای ژیانی خۆی و مافی هه‌ڵبژاردن و جیابوونه‌وه‌ی له هاوسه‌ر و هاوڕێیی نییه، له وڵاتێكدا ژن مافی به سه‌ر منداڵه‌كانی خۆیه‌وه نییه و هه‌موو مافه یاساییه‌كانی ژن ته‌نیا به هۆی ژن بوونی له پیاو كه‌متره، له وڵاتێكدا بایه‌خی ئینسانی، میرات، دیه و مافی شایه‌تی ژن نیوه‌ی پیاوه، له وڵاتێكدا قه‌تڵی نامووسی، ژن به ژنه، ماره‌كردنی منداڵی سه‌ر لانكه، گۆڕینه‌وه یان به‌خشینه‌وه‌ی ژن له كێشه بنه‌ماڵه‌یی یان خێله‌كی و خه‌ته‌نه كردنی ژنان هێشتا له ئاسایترین و باوترین دابه‌كانه، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا مافێكی سه‌ره‌تایی وه‌ک خوێندن و كاركردن بۆ ژن و پیاو یه‌ک نییه، تاوانی ژن له به‌رده‌وام بوونی ئه‌و چه‌وسانه‌وه چه‌نده ده‌توانێت به‌رچاو بێت كاتێ یاساكان به ده‌ست پیاو بۆ پیاو و به عه‌قڵییه‌تی پیاوانه ده‌نووسرێنه‌وه؟

من قه‌ت قه‌ت حاشا له ده‌ور و ئه‌رکی ژن خۆی بۆ باشتر كردنی هه‌ڵومه‌رجی ژیانی ناكه‌م. من قه‌ت حاشا له‌و ڕاستییه‌ش ناكه‌م كه ژن هه‌ن عه‌قڵییه‌تی پیاوانه‌یان هه‌یه من به‌ڵام باوه‌ڕم ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی ئێستا له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌رده‌وامه كێشه‌یه‌كی كۆمه‌لایه‌تییه كه داوێنی ژنان ده‌گرێته‌وه و هۆیه‌كانی ده‌توانین له زۆر شت و شوێندا بدۆزینه‌وه. تۆ ناتوانی بڵه‌یه‌ت ئه‌وه كێشه‌ی ژنانه و ژنان و ته‌نیا ژنان خۆیان ده‌بێ كێشه‌كه چاره بكه‌ن. ئه‌وه‌ی گرنگه گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بیروباوه‌ڕ و عه‌قڵییه‌ته‌كان به گشتی و بیروباوه‌ڕی پیاوان و عه‌قڵییه‌تی پیاوانه‌ی حاکم به سه‌ر یاسا و كۆمه‌ڵگه‌دایه.

تۆ ناتوانیت ئاوا به ئاسانی بێیت و ژنان به تاوانبار بزانی كاتێ هه‌موو كۆمه‌ڵگه له سه‌ر بنه‌مایه‌كی دژه مرۆڤ دامه‌زراوه. تۆ بۆت نییه ئاوا به ئاشكرایی خۆ له ڕاستییه‌كان گێژ كه‌ی و به‌رده‌وام بوونی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان وه‌ک ڕاستییه‌كی "به‌ڵگه نه‌ویست" به تاوانی خۆیان بزانی. وه‌ک مرۆڤ، وه‌ک هاوولاتی، وه‌ک پیاو ئه‌ركی سه‌رشانته یاساكان بخه‌یه ژێر پرسیار. ئه‌ركی سه‌رشانته هه‌ڵوێست بگری و ئه‌ركی سه‌رشانته ده‌وری خۆت له‌م ئاڵوگۆڕه‌دا ببینی و ئه‌رکی خۆت به جێی بهێنی.



به‌ڕێز ئه‌وه یاسایه ئیزن به پیاو ده‌دات به ناوی نامووس ژن بكوژێت و به‌رده‌بارانیان بكات، ئه‌وه پیاوه یاساكان ده‌نووسێته‌وه، دینه‌كانیش ته‌نانه‌ت به ده‌ستی پیاو نووسراونه‌ته‌وه و حه‌دیس و حوكم و لێكدانه‌وه‌كانیش بۆ پیاوانه. بناغه‌كان پیاو دایمه‌زراندووه، عه‌قڵییه‌ته‌كان پیاوانه‌ن ...

هێشتا پێتوایه ژنان "خۆیان هۆن له‌پیَش ئازادبوونی خۆیان؟."




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------