July 31, 2007
هه‌واڵی ده‌رچوونی حوكمی له داردانی عه‌دنان حه‌سه‌نپور و هیوا بوتیمار له ڕۆژنامه‌كان و كاناله‌كانی تیڤی لێره بڵاوكراوه. گوتیان تاوانی ئه‌و دوو كه‌سه "دوژمنایه‌تی کردن ده‌گه‌ڵ خوایه". من ده‌مێک بوو ده‌مزانی مه‌لاكان خۆیان به نوێنه‌ری خوا له سه‌ر زه‌وی ده‌زانن، به‌ڵام هێشتا تێنه‌گه‌یشتبووم كه كار به‌وێ گه‌یشتووه كه خۆیان به خوا بزانن. نازانم عه‌دنان و هیوا چی‌یان نووسیوه وچۆنیان نووسیوه كه دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ خوای پێوه دیار بووه و ڕاستیت ده‌وێت گرنگیش نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا هه‌موومان ڕوون بووینه‌وه كه خوا كێیه، له كوێیه و به چ زمانێک قسه ده‌كات! ****** ناوی سوزانه، پێی د‌ڵێن سوزی. ئارامه. شیرینه. گه‌نجه. زۆر گه‌نج. ده‌ڵێ زۆر ده‌ترسم ته‌نیا بمێنمه‌وه. ده‌ڵێ له گۆڕینی ڕوتینهكانی ژیانم زۆر ده‌ترسم. ده‌ڵێ هیچ هه‌ستێكم بۆی نه‌ماوه به‌ڵام ناوێرم په‌یوه‌ندییه‌كه ته‌واو بكه‌م. ده‌ڵێ له هه‌رچی گۆڕانكارییه ده‌ترسم. گوێی بۆ ڕاده‌گرم و چاو له چاوه شینه جوانه‌كانی ده‌كه‌م و بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌و ترسه چۆن ده‌توانێت وا به بێده‌نگی بێت كه تا به ته‌واوی داگیرمان نه‌كات به بوونی نازانین. بیرده‌كه‌مه‌وه چی ده‌بێت كه عاده‌ت جێی خۆشه‌ویستی و دڵه كووته ده‌گرێته‌وه؟ حه‌ز ده‌كه‌م پێی بڵێم مه‌ترسه ته‌نیایی خۆشتره له عاده‌ت كه له ناخه‌وه مرۆڤ ده‌توێنێته‌وه...
Comments:
Post a Comment
|