July 7, 2007
Live Earth - concert له ساعه‌ت ده‌ی ئه‌مڕۆ به‌یانییه‌وه تا ده‌ی شه‌و كۆنسێرێكی په‌خشی ڕاسته‌وخۆ له كاناڵی دووی ئێره بڵاو ده‌بێته‌وه، بۆ پاراستنی زه‌وی و ئاگاداركردنه‌وه‌ی جه‌ماعه‌تی دانیشتووی ئه‌م ئه‌ستێره خۆڵاوییه تا زۆرتر و باشتر ئاگایان له ژینگه بێت و فێربن چۆنی بپارێزن، زۆر پیرۆزه و جێی خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ی من بیرم بۆی چوو ئه‌وه‌یه ڕه‌نگه ئه‌و بۆمبانه‌ی له عێراق، ئه‌فغانستان و وڵاته‌كانی تر ده‌ته‌قێته‌وه هیچ زیانێكی ئه‌وهایان نییه بۆ زه‌وی و سووتانه‌كان و ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركووک و هه‌ولێر و كابۆل و ئیسلام ئاباد و ... وه‌ک "كایه‌یه‌كی بێ خه‌ته‌ر" ده‌توانین ببینین. گرنگ نییه ئه‌و بۆمبانه له كوێڕا دێن و به كێ ده‌فرۆشترێن! خۆشتر له هه‌مووی ئه‌وه‌یه ئه‌وانی ئه‌م كۆنسێرته‌یان سازداوه، به ئوتومبیل و فرۆكه شه‌و و ڕۆژ له سه‌فه‌ر دان و به شێوه‌ی خۆیان زیانێكی زۆر به ژینگه ده‌گه‌یه‌نن ... ئه‌وانه‌م گوت كه‌وتمه‌وه بیری شاری سلێمانی، جێ به جێی شه‌قامه‌كانی پڕ بوون له زبڵ و زار، زێراوه‌كان هه‌ڵقه‌ندراو و هه‌روا به جێ ما‌و، دووكانداره‌كان و ماڵه‌كان پێش ده‌رگاكانی خۆیان گه‌سک ده‌دا یان به‌م بێ ئاوییه شیلانگیان تێده‌گرت و زبڵه‌كانیان ده‌ڕشته ناو جۆگه‌له‌كان و قه‌راغ شه‌قامه‌كان ... له ناو گوزه‌ری شار، دووكانداره‌كان كه باریان ده‌كرده‌وه، كارتۆنه‌كانیان هه‌روا تۆڕده‌دایه ده‌رێ و زۆركه‌سیش گوڵه به‌ڕۆژه‌یان ده‌تروكاند و فڕێیان ده‌دایه پێش ده‌میان ... ڕه‌نگه باوه‌ڕ نه‌كه‌ن چه‌نده بوتڵی پلاستیكی ئاو لێره و له‌وێ فڕێدراوه ... ڕاست ده‌كه‌ی به من چی! ***** دیسان تی‌ڤی: كانالی یه‌ک زنجیره به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه به ناوی " شوێنی ژنان"، باسی ژنانێكه كه تایبه‌تمه‌ندیان هه‌یه و له چوارچێوه‌ی داب ونه‌ریتدا ناگونجێن. ئه‌مڕۆ ژنێكی گه‌نجی ئێرانی كه له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه له ئا‌مریكا گه‌وره بووه باسی گرفته‌كانی مێردكردن ومێرد دیتنه‌وه‌ی ده‌كرد. ژنه‌كه خۆی فیلمی ده‌گرت و ده‌گه‌ڵ كه‌س و كار و خزم و دایكوباوک و دۆست كوڕه‌كانی پێشووی قسه‌ی ده‌كرد و پرسیاری لێ ده‌كردن. ته‌نانه‌ت به كامێراوه ده‌گه‌ڵ خوازبێنیكه‌ره‌كانی داده‌نیشت و شتی لێ ده‌پرسین ... هه‌ر كه ته‌مه‌نی ببوو ه بیست و پێنج، دایكی لێی وه‌خۆ كه‌وتبوو و زوو زوو خوازبێنی بۆ ده‌دیته‌وه. پێوانه‌ی یه‌كه‌م و هه‌ره گرنگی دایکه‌که ده‌وڵه‌مه‌ندی پیاوه‌كان بوو. گرنگ بوو كه كچه‌كه‌ی بدات به كه‌سێک كه بتوانێت ژنه‌كه‌ی "به‌خێو" بكات ... دونیای فكری كچه‌كه زۆر جیاواز بوو. پێشتر ده‌گه‌ڵ چه‌ند كوڕی ئامریكایی هاوڕێیه‌تی كردووه و ئێستاش بیری له‌وه ده‌كرده‌وه مێردی داهاتووی هاتوو ئێرانی بوو چۆن ده‌توانێ ئه‌م ڕاستییه قه‌بووڵ بكات كه ژنه‌كه‌ی پێشتر سێكسی ده‌گه‌ڵ هاوڕێ كوڕه‌كانی هه‌بۆوه .. ئێستا مه‌به‌ستم نییه باسی ئه‌م ژنه گه‌نجه بكه‌م. یه‌ک دوو شت بوو سه‌رنجیان ڕاكێشام. له شوێنێک كچه‌كه له دایكی ده‌پرسێت "تۆ قه‌ت عاشق بوویت؟" دایكه‌كه به ڕاشكاوییه‌وه گوتی "ئێمه فێر ده‌بین، فێر ده‌كرێین كه‌سێكمان خۆشبوێت" گوتی گرنگ ئه‌وه‌یه پیاوه‌كه بتوانێ هه‌موو شتێكت بۆ دابین بكات ... ئه‌وه‌ش له حاڵێكدا بوو كچه‌كه خۆی ئیشێكی باشی هه‌بوو، خۆمان گوته‌نی ده‌ستی له گیرفانی خۆیدا بوو و سه‌ربه‌خۆ بوو ... له یه‌كێک له خوازبێنیكه‌ره‌كانی پرسیاری كرد "تۆ چیت ده‌وێت له ژنی داهاتووت؟" پیاوه‌كه قوومێكی شه‌راب خوارده‌وه گوتی "گوێ بگره، من پیاوم، هه‌موو پیاوێک هه‌ندێ ژنی بۆ ڕابوواردن ده‌وێت و هه‌ندێكیانی بۆ هێنان ده‌وێ. پیاو ئاوان!" واته ڕابوواردن بۆ پیاوان شتێكی ئاساییه له حاڵێكدا ئه‌و كچه غه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو كه "په‌رده‌ی كچێنی" نه‌ماوه! كوڕه ئامۆزایه‌كی ئه‌م كچه ژنێكی ئامریكایی هێنابوو. ئه‌م پیاوه گوتی " دیاره ئه‌گه ئه‌و ژنه ده‌ستی له به‌شێک له سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌ڵنه‌گرتبا و ویستبای هه‌روا سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه، ژیانێكی سه‌خت و ناخۆشمان ده‌بوو!" یانی به‌ڕاستی سه‌ربه‌خۆیی ژن ئه‌وه‌نده بۆ پیاو ناخۆشه و بۆی سه‌خته قه‌بووڵی بكات؟ خاڵی سه‌رنج ڕاكێشی تری زۆر تێدا بوو، وه‌ک ئه‌و گه‌ورانه‌ی بیست سی ساڵ بوو له‌وێ ده‌ژیان به‌ڵام پێوانه‌كانیان هیچ هیچ هیچ نه‌گۆڕدرابوو. له شوێنێک ئه‌م كچه گه‌نجه به دایكی گوت "تۆ ڕوانین و قسه‌كانت گۆڕدراوه، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی تری كه نه‌گۆڕدراون. هۆیه‌كی چییه؟" ***** سه‌رنجت داوه ڕێکه‌وتی ئه‌مڕۆ چه‌ند شیرینه: 07/07/07
Comments:
Post a Comment
|