August 12, 2007
ناوی كتێب:" شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" نووسه‌ر: به‌ختیار عه‌لی چاپخانه‌ی ڕه‌نج - 2005 سه‌رجه‌م ئه‌و چیرۆک و ئه‌و ژماره كه‌مه له ڕۆمانی كوردی كه من دیومن كه‌م تا زۆر له سه‌ڕ بنه‌مایه‌کی هاوبه‌ش دامه‌زراون له‌وانه قاڵبێكی به‌رچاوی باوه‌ڕێکی سیاسی یان كوردایه‌تێكی "تۆخ"، حه‌زی ئێمه بۆ ڕه‌ش‌یا سپی دیتنی شته‌كان، ڕاست یا درۆ بوونی ڕووداوه‌كان یان شه‌ڕی جوانی و ناحه‌زی و بێگومان سه‌ركه‌وتنی جوانییه‌كان له كۆتاییدا به زه‌قی خۆیان ده‌نوێنن. ڕۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" به‌ڵام جگه له‌وه‌ی بابه‌تێكی تایبه‌تی بۆ گێرانه‌وه هه‌ڵبژاردوو ڕوانگه‌یه‌كی تازه و تایبه‌ت و دارشتنێكی تازه و تایبه‌تیشی بۆ ئه‌م گێرانه‌وه هه‌یه. نووسه‌ر به شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی نیشان ده‌دات سنووره‌كانی نێوان "پاكی و ناپاكی" و "ئه‌خلاق و بێ ئه‌خلاقی" و "جوانی و ناحه‌زی" چه‌ند به ئاسانی تێكه‌ڵ‌ده‌بن و قه‌واره دامه‌زراوه‌كان چه‌ند به ئاسانی تێکده‌ڕووخێن. به‌ختیار عه‌لی باوه‌ڕه‌كان و بایه‌خه‌كان ده‌باته ژێرپرسیار و به پێچه‌وانه‌ی دابی باو كه هه‌وڵێكی بێ بڕانه‌وه‌یه بۆ "وڵامی ئاماده له پێش خوێنه‌ر دانان"، شته‌كان ته‌نیا زه‌ق و زیندوو ده‌كاته‌وه و ماناكان ده‌پشكنێت و پرسیاری تازه ساز ده‌كات و لێ ده‌گه‌رێت خوێنه‌ر خۆی بڕیاری خۆی بدات. ڕۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" چیرۆكی مێژوویه‌كه كه خۆمان تێیدا ده‌ژین به‌ڵام نایبینین و به ته‌نیشتیدا تێده‌په‌ڕین. به‌ختیار عه‌لی وه‌بیرمان دێنێته‌وه مرۆڤ بوون و مرۆڤایه‌تی قوڵتر و به‌ربڵاوتر له‌و قاڵبه كلیشه‌ییه ئێمه په‌سه‌ندمان كردووه. ده‌ستی چاره‌نووس قاره‌مانه‌كانی ڕۆمانه‌كه جه‌لاده‌تی كۆتر به‌ڵگه‌ی زیندووی ئه‌نفاڵ، دالیا سه‌راجه‌دین كچه كوردێكی له‌شفرۆشی عاشق، دوكتور مو‌سا بابه‌ک ئایدیالیستێكی پیر و سامیری بابلی ئه‌فسه‌رێكی دڕه‌نده‌ی سوپای دوژمن، له شارێکی تۆزاوی ، که له سه‌ر هیچ نه‌خشه‌یه‌ک په‌یدا نابێت ، تووشی یه‌ک ده‌كات. چیرۆكی هه‌ركام له‌وانه په‌رده له سه‌ر نه‌هێنییه‌کانی دونیایه‌کی پڕ له ترس، په‌شیمانی، په‌له‌قاژه‌ی تێگه‌یشتن، زیندوومانه‌وه و به‌رده‌وام بوون هه‌ڵده‌داته‌وه. جه‌ڵاده‌ت به ده‌ست بكوژه‌كه‌ی خۆی له مردن ڕزگاری ده‌بێت، كاروانێک - کۆمه‌ڵێک مرۆڤی بێگانه - دالیا - كه براكانی له سه‌ر خۆشویستنی كوڕێكی عه‌ره‌ب فڕێیانداوه‌ته ناو چالاوێكه‌وه تا بمرێت- له مردن ڕزگار ده‌كه‌ن، موسای بابه‌ک بۆ ڕزگاری دونیا باوه‌ڕی به پاراستنی جوانییه‌كان هه‌یه و سامیری بابلی دڵنیایه هیچ دادگایه‌ک ناتوانێ تاوانه زۆره‌كانی ئه‌و سزا بدات و بۆیه به گێرانه‌وه‌ی ڕاستی ڕووداوه‌كان بۆ قوربانییه‌كان ده‌یه‌وێ به سزای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بگات. بۆچوونه‌كان له سه‌ر عیداڵه‌ت، لێبووردن، ڕاستی و وجوانی و ئه‌خلاق زۆر سه‌ره‌نج ڕاكێشن و به‌شێكی هه‌ره جوانی ڕۆمانه‌كه‌ن. له‌وناوه‌دا قسه‌كانی قوربانییه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه به‌رده‌وامه ده‌یان بیر و پرسیار له لای خوێنه‌ر ساز ده‌که‌ن. یه‌كێ له قوربانییه‌كان نه‌سرین غه‌بووره، ژنی پێشمه‌رگه‌یه‌ک كه سامیر بابلی و سه‌ربازه‌كانی ده‌ستدرێژیان لێ كردووه و مێرده‌كه‌شی هه‌ر به‌م هۆیه ته‌لاقی داوه‌و و ژنی تری هێناوه! نه‌سرین داوای كوشتنی سامیر ده‌كات." پێمگوت سه‌یدی بمكوژه و ئه‌تكممه‌كه، گوتم سه‌یدی مه‌عز بۆ خوا، مه‌عز بۆ پێغه‌مبه‌ر، مێرده‌كه‌م ده‌مكوژێت و منداڵه‌كانیشم هه‌تیوده‌كه‌ون ... سه‌یدی دوایی تا مردن پێم ده‌ڵێن ئه‌وه ئه‌و ژنه‌یه كه ئه‌وه‌نده عه‌ره‌ب سواری بوون لنگی بۆ جووت ناكرێت ..." - لاپه‌ره‌ی 428- ترسه‌كان و ئازاره‌كانی نه‌سرین غه‌فوور چه‌نده ساكار، چه‌نده جوان چه‌نده به هێز سه‌روژێری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه كه "ناموس" به جه‌سته‌ی ژن ده‌به‌ستێته‌وه، ده‌خاته ڕوو. كه له شه‌ڕدا ژن له هه‌موو لایه‌ک و لایانێكه‌وه ده‌بێت به ئامرازێک و كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێت و قوربانییه. حه‌لیم شێواز قوربانێكی تری ئه‌م شه‌ڕه‌یه، نیوه‌ی ده‌مووچاوی به ده‌ست سامیری بابلی له ناو چووه و شه‌ش ساڵه ده‌رگای ژوورێکی تاریكی له سه‌ر خۆی گاڵه‌داوه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به دوونیای ده‌ره‌وه نه‌ماو ، له دادگا و سه‌ر حوكمی کوشتنی سامیری بابلی ده‌ڵێت :"* من به ئێوه ده‌ڵێم، كوشتنی ئه‌م پیاوه چ ئاسووده‌گییه‌ک بۆ سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه ده‌هێنێت؟ ها ... بۆ ئێوه ئاسووده ده‌بن گه‌ر بیكوژن؟ مردنی ئه‌م برینی چ یه‌كێک له ئێمه سارێژده‌كات؟ مردووی چ یه‌كێک له ئێمه زیندوو ده‌كاته‌وه؟ ئه‌وه‌ی ئێوه ناویده‌نێن عه‌داڵه‌ت، ئه‌وه‌ی ئێوه به ناوی خوداوه جێبه‌جێیده‌كه‌ن ته‌نیا تینوویێتی خۆتانه بۆ تۆڵه.*" - لاپه‌ره‌ی 518- ڕۆمانی "شاره مۆسیقاره سپییه‌كان" چیرۆكی ئه‌نفاله له زمانی ژنه كوردێكی له‌شفرۆشی عاشق و ئه‌فسه‌رێكی دڕه‌نده‌ی سوپای دوژمن و ... له زمانی تاوان لێكراوه‌كان و تاوانباره‌كانه‌وه. ئه‌م ڕۆمانه چیرۆكی ئه‌و بڕیارانه‌یه دوای نه‌مانی دیكتاتورییه‌كان ده‌بێت بدرێت، ئه‌و بڕیارانه‌ی له سه‌ر ڕاستییه‌كان و له جه‌نگه‌ی شه‌ڕ و دوای شه‌ڕ و بۆ سازكردنه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات ده‌بێ بدرێت، ئه‌و بڕیارانه‌ی شوێنی ڕاسته‌وخۆ له سه‌ر داهاتووی ئه‌م خاكه خوێناوییه داده‌نێت. ****** سوپاس بۆ چومان که ئه‌م کتێبه‌ی به دیاری پێدام
Comments:
Post a Comment
|