September 2, 2007
تاریكی شتێكی به‌سامه. یه‌ک ڕێگه و هه‌مان ڕێگه‌یه و تۆ بست به بستی ڕێگه‌كه ده‌ناسی. هه‌موو ڕۆژێ، ڕۆژی چه‌ند جار هه‌مان ڕێگه گه‌ز ده‌كه‌ی. داره چڕوپڕه‌كانی ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ری ڕێگه‌كه ده‌ناسی، ڕه‌نگی باڵكۆنی ماڵه‌كان، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كانی سهرشهقامهكهش. هه‌مان ڕێگه‌یه. ده‌زانی ده‌ستی ڕاستت كتێبخانه‌یه، دیوار به دیواره‌كه‌ی مه‌دره‌سه‌ی منداڵان بووه. ده‌زانی سێ پلیكان ئه‌گه وهسهركهوی زه‌وی كایه‌ی بهسكێته كه كچ و كوڕه گه‌نجه‌كان ئێواران له‌وێ كۆده‌بنه‌وه. هه‌زار جار به ژێر پرده‌كه‌دا تێپه‌ڕیوی. نووسراوه‌ی سه‌ر دیواره‌كانت له‌به‌ره و دووچه‌رخه خێچ و خواركراوهكه هێشتاش، كه‌س نازانێ له كه‌یه‌وه، له هه‌مان شوێن، له‌ناو گیاوگۆڵهكهدا تۆڕدراوه. هه‌مان ڕێگه‌یه، كه‌چی به تاریكی شه‌و شته‌كان هه‌موو وه‌ک بڵێی ده‌گۆڕدرێن. داره‌كان لێت ده‌بن به‌و سێبه‌رانه‌ی خۆیان مات كردووه ڕێت پێ بگرن، خشه‌ی گه‌ڵاكانت لێ ده‌بێته خشپه‌ی پێ و ده‌نگی دووری چه‌ند ڕێبوارێک ده‌بێته قیژه‌یه‌كی به‌رز له په‌نا گوێتدا. تاریكی شتێكی به‌سامه. به ده‌نگی پێی خۆت ئاوڕوو ده‌ده‌یه‌وه، سه‌رپه‌نجه‌كانت له یه‌ک گرێده‌ده‌ی و ئاماده‌ی مست له تاریكی بوه‌شێنی." هه‌مان ڕێگه‌یه" ، خۆت به خۆت ده‌ڵێی، كه‌چی تاریكی كه به سه‌رتدا ده‌ڕشێته‌وه، ترس قوتت ده‌دا به ده‌ست خۆت نییه. ترس به‌ڵام كاتی وا ته‌نیا هاوڕێته. هێزی وه‌ت پێده‌دا هه‌نگاوه‌كانت خێراتر كه‌ی. وا ده‌كات هه‌موو ده‌نگه‌كان ببیستی و هه‌موو سووچه‌كان به وردی و له دووره‌وه بپشكنی. ترسه یارمه‌تیت ده‌دا له تاریكی تێپه‌ڕ بی. من نازانم دۆینێ شه‌و چی قه‌وما كه من له تاریكی ئه‌و بسته ڕێگه‌یه وا سه‌یر ترسا بووم. من نازانم ئه‌و ترسه تا كوێی ناخی من ڕۆچوو بوو كه هه‌موو دڵهكووتهكان و ترسه‌كانی ساڵانی پێشی تێدا زیندوو كردبوومه‌وه. هه‌رچی بوو یه‌ک شتی وه‌بیر هێنامه‌وه: ئه‌گه ترس نه‌با من به هیچكام له ئاواته‌كانم نه‌ده‌گه‌یشتم، هیچكام له ئهزمۆنهكانی ژیانمم نه‌ده‌بوو و قه‌ت به قه‌د ئه‌مڕۆ خۆمم نه‌ده‌ناسی. ترس له‌وه‌ی به قه‌د بیری خۆم نه‌ژیم، ترس له‌وه‌ی ڕۆچم، ترس له‌وه‌ی كۆڵ بده‌م، ترس له‌وه‌ی ده‌رفه‌تی تهجرهبهكردن ده‌ست نه‌دا، ترس له‌وه‌ی ئیتر عاشق نه‌بم وای كرد قه‌ت نه‌وه‌ستم، ڕۆنه‌چم، وای کرد هه‌موو جارێ هه‌ستمه‌وه و درێژه بده‌م.
Comments:
Post a Comment
|