Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 30, 2007



له‌ت و په‌ته‌كانی دۆینێ كه شه‌ممه بوو:

یه‌ک ئه‌وه‌ی كه گوڵه مێخه‌كه‌كه‌ی داتبوومێ ئه‌مڕۆ خۆت خۆش! گوڵدانه‌كه‌م چه‌ند جار برد و هێنامه‌وه سه‌ر مێزه‌كه‌م. نه ده‌متوانی ڕایگرم و نه ده‌مویست لایبه‌م. به‌ڵام ده‌زانی دیتنی گوڵێكی سیس زۆر دڵته‌نگم ده‌كات بۆیه بڕیارم دا به جێی گوڵه‌كه، بیری ئه‌و ئێواره‌یه‌ی له ناو قه‌تاردا گوڵه‌كه‌ت دامێ و من دڵم گه‌رم بوو ڕاگرم.

دوو ئه‌وه‌ی كه بیری بۆنی كاغه‌زی كاهیم كردووه. بۆیه پێش نیمه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له دووكانه كۆنه فرۆشییه‌كه‌ی سلووسێن، دانه دانه كتێبه‌كانم هه‌ڵده‌گرت و چاوم له لاپه‌ڕه زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام وا نه‌بوو تاسه‌ی بۆنی كاغه‌زی كاهی بشكێنن. جۆرێک ‌بۆنی نمیان لێ ده‌هات، زۆرتر بیری كتێبه‌كانی ناو ته‌لیسی ژێرعه‌رزیان له لا زیندوو ده‌كردمه‌وه. دڵم گیرا. ماوه‌یه‌كه به دوای ده‌فه‌ته‌رێكی بچووكی كاهی دا ده‌گه‌ڕێم. نه زۆریش بچووک. نازانم ده‌مه‌وێ چۆن بێت ده‌زانم به‌ڵام هه‌ر بیبینم ده‌یناسمه‌وه!

سێ ئه‌وه‌ی كه به ڕێی ماڵه‌وه بیرم ده‌كرده‌وه كه چه‌نده لێره هه‌موو شت به پێچه‌وانه‌ی عاده‌ته‌كانی ئێمه‌یه. لێره عاده‌تی "كۆ" بوون كاڵ و كه‌م ده‌بێته‌وه. لێره بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له لای ئێمه وه‌ک سێرویسی شه‌ش یان دوانزده كه‌سی ده‌فرۆشترێت، ده‌توانی به تاک بیكڕی. یه‌ک كه‌وچک، یه‌ک پێشده‌ستی، یه‌ک لیوان. بۆ تاک. بۆ مرۆڤی تاک. بۆ مرۆڤی ته‌‌نیا. به ته‌نیا چوون به سینه‌ما هه‌ر دێت و ئاسایی تر ده‌بێته‌وه. یان به ته‌نیا چوون بۆ ڕێستوران ...

چوار ئه‌وه‌ی كه دیسان مێترۆ! چاوه‌ڕێم قه‌تار بێت. ئێواره دره‌‌گانێكه و هه‌زار ڕه‌نگ و ڕوخساری جیاواز وه‌ک من چاوه‌ڕێی قه‌تارن تا ماندوویه‌تی ڕۆژێكی فێنكی پایزی ده‌گه‌ڵ خۆیان به‌رنه‌وه ماڵ. كتێبه‌كه‌م كردۆته‌وه به‌ڵام چاوم له خه‌ڵكه. ژنێكی پیر، چه‌ند كوڕی گه‌نج، چه‌ند منداڵ. ڕه‌ش و سپی. له ڕۆژهه‌لاتی دوور و ناوڕاست. كابرایه‌ک به جلی مه‌لایه‌تی و ته‌سحێب به ده‌ست، ژنێكی كورته باڵای به ته‌مه‌ن كه سوواڵ ‌ده‌کات، كوڕێكی ڕه‌ش‌پێست و كچێكی قژ كاڵی ئوروپی، دوو پیاوی ئێرانی، كیژێكی گه‌نج به عه‌ره‌بی ده‌دوێت ... زۆرن و زۆربه‌یان تاک وه‌ستاون و وه‌ک بڵێی بیریان له شوێنێكی كه‌س پێ نه‌زانی زه‌ینیاندا ده‌خوولێته‌وه. هه‌موو تاکن و كه‌س ته‌نیا نییه. چاو ده‌گێرم. بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌وانه‌ش هه‌موو چیرۆكی ژیانی خۆیانیان هه‌یه. چیرۆكێک كه بێ گومان شوێنه‌واری هه‌بووه له سه‌ر كه‌سایه‌تی ئه‌مڕۆیان. چیرۆكێک كه ڕه‌نگه ئه‌وانیش بۆ كه‌سی نه‌گێڕنه‌وه. چیرۆكێک كه ڕه‌نگه ئه‌وانیش حه‌ز بكه‌ن له بیری بكه‌ن. چاوم له سه‌ر گه‌ڵا سه‌وزه‌كانی كراسی ژنه پیره سوواڵكه‌ره‌كه‌یه. داوێنی كراسه ڕه‌شه‌كه‌ی هه‌زار چینی تێدایه و هه‌ر هه‌نگاوێک كه هه‌ڵده‌گرێت شه‌پۆلێک ساز ده‌كه‌ن. گه‌ڵا سه‌وزه‌كان جارنا له به‌رچاو ون ده‌بن و ده‌رده‌كه‌ونه‌وه. سه‌ر‌پۆشێكی قاوه‌یی به سه‌ره‌وه. "دڵم پڕه له قاوه‌یی"، ده‌نگی به‌ڕۆژ ئاكره‌یی له گوێمدا ده‌نگ ده‌داته‌وه. پیره‌ژنه‌كه دێته لای من. به زمانی خۆی شتێک ده‌ڵێت. به پێچه‌وانه‌ی هه‌میشه كه شه‌رم ده‌كه‌م چاو له چاوی سوواڵكه‌رێک بكه‌م، چاو ده‌بڕمه چاوه‌ كاڵه‌كانی، وه‌ک دوو مه‌رمه‌ری خڕی ڕه‌نگكراوی ناو به‌تاڵ دیارن. هیچم پێ ناڵێن. چاوه‌کانی هیچ هه‌ستێکت تێدا زیندوو ناكه‌نه‌وه. چركه‌یه‌ک ده‌وه‌ستێت، پێموایه پێیوایه چوونكه چاو له چاوی ده‌كه‌م پاره‌ی پێ ده‌ده‌م. له ژیانما پاره‌م نه‌داوه به هیچ سوواڵكه‌رێک. نه له‌وێ، نه لێره. شه‌رم ده‌كه‌م. له دوورتر ده‌نگی مۆسیقا دێت. كه‌مێک دوورتر پیاوێكی پیری شپرزه له سه‌ر كارتۆنێک دانیشتووه و گوێی بۆ مۆسیقا ڕاگرتووه. كراسێكی چلكنی په‌مه‌یی له به‌ردایه و كۆتێكی چوارخانه‌ی شین. شینێكی كاڵ. له‌وه ده‌چێ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بێت ڕیشی نه‌تاشی بێت. نوكی لوتی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه، پێڵاوه‌کانی به‌ڵام بریقه‌یان دێت. چاوی له سه‌ریه‌ک داناوه و ده‌گه‌ڵ ڕیتمی مۆسیقاكه سه‌ر و شانه‌كانی ده‌له‌رێته‌وه. جارنا چین و چرۆكێک ده‌كه‌وێته ناوچاوانی، وه‌ک بڵێی هه‌وڵ ده‌دات شتێكی وه‌بیر بێته‌وه یان نازانم، له‌وانه‌شه هه‌وڵ بدات شتێک له كه‌لێن و قوژبنه‌کانی زه‌ینی حه‌شار بدات و له كۆڵ خۆی بكاته‌وه.

یه‌ک ده‌قه‌ی تر قه‌تار دێت. لێره هه‌زار ڕه‌‌نگ و ڕووخساری جیاواز ده‌بینی. كه‌س له كه‌س ناچێت. هه‌ر كه‌س چیرۆكی خۆی هه‌یه. لێره، له مێترۆ تۆ قه‌ت ته‌نیا نیت. هه‌موو هه‌موو به‌ڕێوه‌ن، كه‌س نه‌هاتووه كه بمێنێته‌وه. قه‌تاره‌كان ده‌گه‌نێ، مرۆڤه‌كان بارده‌كه‌ن و ده‌ڕۆن. مێترۆ به‌ڵام قه‌ت چۆڵ نابێت و ڕوو له هه‌ر لایه‌ک ده‌كه‌ی كه‌سێک ڕووبه‌ڕووت دێت.




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------