October 21, 2007
لێره كه من دانیشتووم سه‌رچڵی داره‌كانی پێش ماڵه‌كه‌مم لێ دیاره و هه‌ر ئه‌م ئێواره‌یه‌ش بوو بڕیارم دا ئه‌و له‌ته ئاسمانه‌ی پشت په‌نجه‌ره‌كه‌م به ناوی خۆم بكه‌م. با هی من بێت. با بۆ من بێت! داوێنی ئه‌و له‌ته ئاسمانه وه‌ک بلێی تێكه‌ڵی زه‌رد و ناره‌نجی سه‌رچڵی داره‌كان بۆته‌وه و خۆشی تا چاو بڕ ده‌كات خۆڵه‌مێشییه. خۆڵه‌مێشییه‌ک كه له به‌ر تیشكی بێ تینی خۆری ئێواره‌پایز بریقه‌ی دێت... من ئێستا له‌تێک ئاسمانم هه‌یه! ڕۆژه‌كان به ئه‌سپایی ده‌گه‌ڵ خۆم تێده‌په‌ڕن. شته‌كان ڕووده‌ده‌ن و شوێنه‌كان ڕه‌نگی بیره‌وه‌رییه‌كانی من به خۆیان ده‌گرن. هه‌ر دوو ڕۆژ پێش بوو "گه‌ملا ستان" منی خسته‌وه بیری وه‌سوه‌سه‌ی به‌رده‌وامی ده‌ست بردن بۆ شته بڤه‌كان، لادان له خه‌ته سووره‌كان، پیاله‌یه‌ک شه‌رابی سپی، پێک گه‌یشتنی دوو ژن كه له‌ت و په‌تی چیرۆكه‌كانیان له یه‌ک ده‌چێت، مارگاریتا، گرمه گرمی مۆسیقایه‌ک هیچی لێ نابیستم، ڤودكا لایم، پیاسه‌ی شه‌وانه، ته‌زی بایه‌کی نیوه سارد و له‌رزی له‌شێكی ته‌واو سڕ، لێوه سووره‌كانی كوڕێكی دانماركی، چه‌ند شات تێكیلا، سست بوونی ئه‌ژنۆكان، قاقا پێكه‌نین به هیچ، برنج و مریشكی ساعه‌ت پێنجی به‌یانی .. و كه زه‌ینم پڕ ده‌بێت له هه‌را و هوریای ئه‌و بیرانه به ده‌ست خۆم نییه پێده‌كه‌نم و هاوكات پێكه‌نینم دێت به ڕوانینی پڕ‌له پرسیاری خه‌ڵک كه ده‌بینن ژنێک به ته‌نیا ده‌ڕوات و پێده‌كه‌نێت و بیرده‌كه‌مه‌وه بڵێی ئه‌گه ده‌نگه ده‌نگی ناو زه‌ینی منیان بیستبا دیسانیش هه‌ر سه‌یریان پێ هاتبا ... بیرده‌كه‌مه‌وه زۆربه‌ی ڕووداوه گه‌وره و خۆش و ناخۆشه‌كانی ژیانی من له پایزدا ڕوویان داوه. وه‌ک له دایکبوونم، كۆچی دوایی دایكم، پایزه سه‌یره‌كه‌ی ساڵی دووهه‌زار و دوو، كۆچی دوایی باوكم، چوونم بۆ كه‌مپ، ده‌ستپێكی زۆربه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی هێشتا هه‌من و خۆشمده‌وێن، هاتنی هه‌واڵێک كه گه‌وره‌ترین ئاڵوگۆڕی له ژیانما پێكهێنا و ... بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌ركام له ڕووداوانه به شێوه‌ی خۆیان شوێنیان له سه‌ر ڕه‌وتی ژیانم داناوه و له بارێكه‌وه خستوویانه‌ته سه‌ر بارێكی تره‌وه. نازانم، وه‌ک بڵێی خۆمیان له خۆم نزیكتركردبێته‌وه، سه‌رنجم بۆ هه‌ندێ شت زۆرتر ببێت یان چاوم به ڕووی هه‌ندێ له ڕاستییه‌كانی ده‌ورووبه‌رم كرابێته‌وه. بیرده‌كه‌مه‌وه هه‌موو ساڵێ پایز كه دێت وه‌ک بڵێی لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و یادانه هه‌ڵده‌درێنه‌وه و دیسان وه‌بیرم دێته‌وه چاوبگێرم، ببینم، سه‌رنج بده‌م و هه‌ست پێبكه‌م. وه‌بیرم دێته‌وه دوای هه‌ر كه‌وتنێک هه‌ستاومه‌ته‌وه، عه‌رزی ژێر پێم جێی مه‌تمانه‌یه و تروسكه‌ی هیوایه‌ک پاڵم پێوه‌ده‌نێت به‌ره‌و پێش بچم، به‌ره‌و ژیان. وه‌بیرم دێته‌وه له ترسه‌كانم نه‌ترسم. ڕۆژئه‌ژمێری ئه‌وساڵ به وێنه‌ی ئارام و ڕۆنیاوه له سه‌ر مێزه‌كه‌مه. لیوانێک چای گه‌رم و پێنووسێكی ڕه‌ش. ده‌فته‌ڕێكی تازه‌شم كڕیوه. له گۆشه‌ی چه‌پی سۆفاكه‌م خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م. خشه‌ی پێنووس له سه‌ر كاغه‌ز شتێكی تره. ده‌مێک بوو ده‌ست خه‌تی خۆمم نه‌دیبوو. هێشتا هه‌ر پێم جوانه! ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی تێپه‌ڕین دڵنیایان كردم ده‌بێ بنووسم. هه‌را و هوریای ناو زه‌ینم تا ڕزگار نه‌بن هه‌دا ناده‌ن!
Comments:
Post a Comment
|