Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 26, 2007



ئه‌و هه‌موو ڕ‌ق و كینه بۆ؟

له فلیكر چه‌ند توركێک له لاپه‌ڕه‌كه‌ی من كامنتیان داناوه كه "وڵاتێک به ناوی كوردستان نییه". له سه‌ر نه‌خشه‌ی دونیا بۆی بگه‌ڕێی ڕاسته. نییه. به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه بۆنێكی تری لێده‌هات. بۆم نووسی " هووووم، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی شتێک به ناوی جنوسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان له مێژووی توركیه‌دا نییه!" . كامێنته‌كه‌می سڕییه‌وه. گوتم قه‌ی ناكات!

جووجه شۆڤێنیستێک له فلیكر بۆی نووسیوم "بمرێ كوردی تێرۆریست" و "فاک‌ یوو تێرۆریست" و هه‌ندێ شه‌كری تری ئه‌وها. بۆم نووسی " سیاچاڵه‌كانی زیندانی ئێوین، خاوران، تێرۆری قاسملو و شه‌ره‌فكه‌ندی، مرۆڤ كوژه‌كانی حیزب الله ... زهرا كازمی ..." كامێنته‌كه‌می سڕییه‌وه. گوتم قه‌ی ناكات!

دۆینێ به‌‌ڵام له ڕۆژنامه‌كانی ئێره‌دا وێنه‌یه‌كی دڵته‌زێنم دی كه ناتوانم بڵێم قه‌ی ناكات. وێنه‌یه‌كی دڵته‌زێن كه ده‌ست و دڵمی له‌رزاند. وێنه‌كه خۆپێشاندانی خه‌ڵكی ئاسایی توركیه بوو كه داوا ده‌كه‌ن ئیزنیان پێ بدرێت چه‌ک‌ هه‌ڵگرن تا دژ به پ پ ک شه‌ڕ‌بكه‌ن. له وێنه‌كه‌دا ڕق و كینه‌یه‌كی سه‌یر به‌سه‌ر ڕووخساری ساردی خه‌ڵكه‌كه‌‌وه‌ مێوی بوو. به سه‌ر ڕووخساری ژن و پیاو و منداڵیان. ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیش!

نا. بۆ یه‌ک ‌چركه‌ش پێموانییه كه تورک و كورد ده‌بێ و مه‌جبورن "برا" بن. منیش ده‌زانم نه‌زانی و ده‌مارگرژی و بیرنه‌كردنه‌وه چی به سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌هێنێت. به‌ڵام هه‌رچی چاوه خڕه‌كانی ئه‌و كوڕه بچووكه‌ی ناو وێنه‌كه‌م ده‌دیت به ده‌ست خۆم نه‌بوو ده‌كه‌وتمه‌وه بیری له‌یلای نۆ ده ساڵانه كه هه‌موو به‌یانیان ده‌بایه هاواری كردبا "مرگ بر آمریكا" به‌ڵام نه‌یده‌زانی ئه‌مریکا چییه یا كێیه، "مرگ بر منافقین و مرگ بر اسرائیل" و هه‌زار مرده باد و زنده باد ی تر دروشمی هه‌موو ڕۆژمان بوو كه‌چی هیچ هیچ هیچ له ماناكه‌یان تێنه‌ده‌گه‌یشتین. له‌یلایه‌كی نۆ ده ساڵانه كه پێش ئه‌وه‌ی بزانێ ئیسرائیل چییه ده‌یزانی كه ده‌بێ ڕقی لێی بێت. كه پێش ئه‌وه‌ی بزانه ئاڵا نیشانه‌ی چییه و بۆ هه‌یه هه‌موو ڕۆژێ پێی ده‌خسته سه‌ر ئاڵای وڵاتانی "دوژمن" ... ‌


چاوم له وێنه‌كه ده‌كرد و خۆمم وه‌بیر ده‌هاته‌وه. ئه‌و كوڕه بچووكه من بووم. هاوڕێكانی من بوون. ئێمه‌یه‌كی كه به ڕق و كین گه‌وره كراین و زۆربه‌مان قه‌ت فێر نه‌بووین باوه‌ڕه‌كانمان به بیركردنه‌وه هه‌ڵبژێرین. تێناگه‌م، چۆن دڵمان دێ منداڵه‌كانمان تووشی ئه‌و ئازاره بكه‌ین كه فێری قین و ڕق وكینه‌ بن له شتێک‌ و كه‌سێک كه نایناسن و هیچی لێ نازانن. تێناگه‌م چۆن دڵمان دێت دڵی پاكیان به قین ڕه‌ش كه‌ین؟ ئیتر ناتوانم بڵێم قه‌ی ناكات!

ئه‌و هه‌موو ڕق وكینه بۆ؟







Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------