November 4, 2007
وه‌ک شتێک ده‌بێ باوه‌ڕ بكه‌م هیچكام له ژنه‌كانی ده‌روونم ئیتر به قسه‌ی من ناكه‌ن. نا نایكه‌ن! ده‌بێ باوه‌ڕ بكه‌م هه‌ر له‌ته‌م له‌یلایه‌كی ته‌واوه و ژیانی خۆی ده‌كات و دونیا و دڵدارییه‌كان و دڵته‌نگییه‌كانی خۆی هه‌یه. ده‌بێ دان به‌م ڕاستییه دابێنم جار هه‌یه ده‌ره‌قه‌تی خۆم نایه‌م چۆک داده‌ده‌م. وه‌ک ئه‌مڕۆ. وه‌ک ئه‌مڕۆ كه من ئارام بووم و له‌تێک له له‌ته‌كانم بێ‌قه‌رار. كه من ئارام بووم و له‌تێک له له‌ته‌كانم وێران. من دوور بووم و دابڕاو. له‌یلایه‌ک بوو به‌ڵام دڵی سه‌یر گیرابوو. نه ته‌ر بوون له ژێر بارانی به‌یانی ئارامی كرده‌وه نه نووقم بوون له كار و كار و كار. ته‌نانه‌ت هیچ ده‌یخسته‌وه بیری تۆ كه هه‌زار ساڵه خۆی لێ لاده‌دات. ڕه‌نگه‌كان. ته‌رحی گوڵه سپی چندراوه‌کانی به‌رگه باڵه‌نجه‌كه‌ش بۆنی تۆیان لێ ده‌هات. پڕ بوون له بۆنی مێخه‌ک. ناخۆش ئه‌وه بوو تا دره‌نگانێک نه‌مده‌زانی ئه‌و هه‌موو دڵته‌نگییه له كوێڕا به‌سه‌رما ڕووخاوه. گێژ بووم! تا دره‌نگانێک نه‌مده‌زانی بۆ تۆ له هه‌ر كه‌لێن و قوژبنێک به دیار دڵی مندا دانیشتووی و پڕم ده‌كه‌ی له یادی خۆت. خۆ هه‌موو هه‌وڵی من ئه‌ویه ژیانم پڕ نه‌كه‌م له ڕۆژه‌كان. نا. من ده‌ره‌قه‌تی خۆم نایه‌م. كه ده‌گاته تۆ من ته‌نانه‌ت خۆمم له چنگ خۆم پێ ڕزگار نابێت. كه ده‌گاته تۆ من هێند ده‌ست كورتم ناتوانم له‌ته‌كانم بلاوێنمه‌وه، من ته‌نانه‌ت كاتێ ئاگام لێ نییه، كاتێ له بیرم نییه كاتێ نامه‌وێ، هه‌ر بیری تۆ ده‌كه‌م. بیرت ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده كه ئێشی دێت. ئه‌وه‌نده كه جار نا ده‌ستم ده‌له‌رزێ. ئه‌وه‌نده‌ت بیر ده‌كه‌م كه پڕ ده‌بم له گریان. سه‌یره نا؟ ژانی نه‌بوونی تۆ هێشتاش چۆكم پێداده‌دات. هێشتا وه‌گریانم ده‌خات. له‌تێک له له‌ته‌كانی من هێشتا شانزده ساڵێتی و له پایزی ساڵێكی دووردا ده‌خوولێته‌وه، ڕێی ون كردووه. له‌تێک له له‌ته‌كانی من هێشتا له ڕۆژێكی وه‌ک ئه‌مڕۆدا گرووی تۆم پێده‌گرێت. ده‌ی من چی بكه‌م؟ چۆن ده‌ره‌قه‌تی بێم؟ خۆ من پێت ده‌ڵێم له مندا ده‌یان له‌یلا ده‌ژین، هه‌ر كامه‌یان دونیای خۆیان، دڵدارییه‌كان و دڵته‌نگییه‌كانی خۆیانیان هه‌یه، ئه‌و‌یان دڵته‌نگی بۆنی باوه‌شی تۆیه و من پڕ‌ده‌كات له دڵته‌نگییه‌كانی خۆی بۆ تۆ. وه‌ک ئێستا كه پڕم له خۆزگه‌ی بوونت!
Comments:
Post a Comment
|