November 21, 2007
شته‌كان ده‌توانن له چاولێكدانێکدا ڕوو بده‌ن. ژنێک قیژاندی "مۆبیل، كێ مۆبیلی پێیه؟" ئێمه دوورتر دانیشتبووین، باسی ئێمه باسی ژیان و مه‌ستی بوو. ژنێک هاواری كرد "دڵی لێ نادات ... دڵی له لێدان كه‌وتووه". چركه‌یه‌ک! چركه‌یه‌ک پێویست بوو بۆ برشی مردن هێلهنجم پێ بێنێت. چركه‌یه‌ک پێویست بوو وه‌بیرم بێته‌وه بوون و نه‌بوون، مان و نه‌مان پاڵیان به پاڵی یه‌كه‌وه داوه. چركه‌یه‌ک پێویست بوو وه‌بیرم بێته‌وه مه‌ودای نێوان مانه‌وه و ڕۆچوون یه‌ک هه‌ناسه‌یه. مۆبیله‌كه‌م ده‌ده‌مه ده‌ستی ژنێک كه نایناسم. چاو له له‌شی له‌رزۆكی ژنێک ده‌كه‌م له سه‌ر عه‌رزێكی ڕووت هه‌ناسه‌یه‌کی له نێوان ژین و مردن به‌ش كردووه و هیچكامیان ده‌ست له به‌شه‌كه‌ی خۆیان هه‌ڵناگرن. ده‌نگه‌كان تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه. ده‌نگه‌كان هێنده تێكه‌ڵ بوونه‌ته‌وه كه ئیتر ناناسرێنه‌وه. ژنێک خه‌ریكه ده‌گه‌ڵ مردن یانش ژیان شه‌ڕده‌كات. یه‌ک هه‌ناسه یانی ژیان. یهکههناسه یانی مردن. هه‌موو باسی ئه‌و ژنه ده‌كه‌ن. ژنێک كه قه‌ت به له‌رزۆكی نه‌یاندیبوو. یه‌كیان ده‌ڵێ چركه‌یه‌ک پێشتر وه‌ستابووین قسه‌مان ده‌كرد. ئه‌وه‌ی تریان ده‌ڵێ به‌یانی دیم له خۆی نه‌ده‌چوو. باسی له‌شێکی له‌رزۆک و هاوارێكی سه‌ربڕاو ده‌كه‌ن، نا، له هاوار نه‌ده‌چوو. وه‌ک ناڵه وابوو. ناله‌ش نا. له هیچ نه‌ده‌چوو. ده‌نگێكی نامۆ بوو. كه‌س هیچ ناوێكی بۆی نه‌بوو. منیش! له پڕ شتێک ڕووی دا. هیچ كه‌س هیچی له سه‌رئه‌و ژنه نه‌ده‌زانی. هیچ كه‌س ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی زۆر ساڵ ناسیویانه. پرسیاره‌كان بێ وڵام ده‌مێننه‌وه. كه‌س له مێژووی ئه‌و له‌شه له‌رزۆكه شاره‌زا نییه. كه‌س هیچی لێ نازانێت. ئه‌و ژنه، ئه‌و له‌شه له‌رزۆكه له سه‌ر ئه‌و عه‌رزه ڕووته ته‌نیایه. ته‌نیا خۆیه‌تی و یه‌ک هه‌ناسه كه ژین و مردن شه‌ڕی له سه‌ر ده‌كه‌ن! دوكتوره‌كه په‌نجه سارده‌كانی ژنه‌كه ده‌گرێته ده‌ستی. پرسیار ده‌كات و پرسیاره‌كانی له نێوان سه‌رسووڕمانی ئێمه‌دا ون ده‌بن. له ناكاو " ئــان" ئه‌و ژنه‌ی پێمان وابوو ده‌یناسین، ته‌نیا له‌شێكی له‌رزۆكی بێگانه‌یه و به‌س. كه‌س هیچی له سه‌ر نازنێت! هه‌میشه وایه، نا؟ مردنه شته‌كانمان ده‌خاته‌وه بیر. هه‌میشه نه‌مانه. دابڕانه، له كیس دانه وه‌بیرمان دێنێته‌وه كه له پێكهوهبوونهكانماندا چه‌نده له‌یه‌ک دوورین، چه‌ند كه‌م له سه‌ر یه‌كترین ده‌زانین. بۆ هه‌میشه كاتێ دره‌نگ بووه وه‌بیرمان دێته‌وه؟
Comments:
Post a Comment
|