Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 27, 2007



هاوڕێم،

وه‌ک شتێک تۆش بۆ زانینی هه‌واڵی مان و نه‌مانم سه‌ردانی ئێره‌ ده‌كه‌ی و كه‌م نووسین و نه‌نووسینی من یانی بێ خه‌به‌ر مانه‌وه‌ی تۆش. ڕاست ده‌كه‌ی! ئه‌و ساڵانه‌ی ئاخر ئێره بۆت به په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووک ڕوو به ژووره‌ بچووكه‌كه‌م كراوه‌ته‌وه. چه‌ند ساڵێكه شین و شادیم لێره بوون به وشه و به جێ ماون تا تۆش جارنا كه ڕێت لێره ده‌كه‌وێ بمخوێنییه‌وه. دوورییه‌كان ئاوا كورت ده‌كه‌ینه‌وه. كورت ده‌بنه‌وه پێت وایه؟ ورده ورده ڕه‌نگی چاوه‌كانت له بیرده‌كه‌م ئه‌وه یانی چه‌نده له‌یه‌ک دووركه‌وتووینه‌وه؟

لێره به‌ڵام شته‌كان كه‌م تا زۆر له خۆیان ده‌چن و كه‌چی هیچ شتێک وه‌ک هه‌میشه نییه. ئه‌وه یانی چیرۆكه‌كانی من گۆڕدراون. ئه‌وه یانی كه‌متر لاده‌ده‌م و كه‌متر ئاورده‌ده‌مه‌وه. سێبه‌ره‌كان هه‌مانن. ناوم لێنان و وه‌لامنان. ئه‌وه یانی زۆر باشم. سه‌یر نییه خۆ ئه‌گه‌ر جارنا وه‌ک پشیله‌یه‌كی بریندار خۆ مات كه‌م و برینه‌كانم بلێسمه‌وه. ئه‌وه یانی ژیان سه‌رو خواری خۆی هه‌ر ماوه و ئه‌وه‌ش خۆی ئاساییترین مانای بوونه. ئه‌وه یانی من هێشتا هه‌م و بوونم پێ خۆشه ئه‌گه‌رچی هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه هه‌موو گیانم پڕ له خۆزگه‌ی فڕین بوو. هاوڕێم، هه‌موو داوه‌كانم پساندووه. پرسیاره گه‌وره و بچووكه‌كان له لام وه‌ک یه‌كن. له‌ هیچ ناگه‌ڕێم و هه‌رچی هاته سه‌ر ڕێم ماوه‌یه‌ک پێی سه‌رقاڵ ده‌بم، كایه‌ی پێ ده‌كه‌م، ده‌گه‌ڵی پێده‌كه‌نم و جارنا پێی پێده‌كه‌نم و كه كاتی ڕۆیشتن هات ده‌ڕۆم. ده‌ڕۆم تا دیوارێكی تر ڕێم لێ ده‌بستێ یان شتێک یان كه‌سێكی تر سه‌رقاڵی خۆیانم ده‌كه‌ن. هه‌موو داوه‌كانم پساندووه، هه‌موویان! جارنا ژنه ئه‌مڕۆییه فره‌زانه‌كه‌ی ده‌روونم دێته ڕوو، به هیچ رازی نییه و به هه‌رچی هێزی هه‌مه پاڵم پێوه‌ده‌نێت و ده‌یه‌وێ له كه‌مترین كاتدا به زۆرترین ئاواته‌كانی بگه‌م. جاریش هه‌یه ژنه ئارامه بێده‌نگه‌كه‌ی ناخم داگیرم ده‌كات، خۆی له ناو په‌توویه‌کدا ده‌پێچێته‌وه و له گۆشه‌ی سۆفاكه پاڵده‌داته‌وه و كتێبێكی تازه‌ی كاغه‌ز كاهی ده‌گرێته‌ ده‌ست و هه‌زار كاریشم هه‌بێت لێم ناگرێ ده‌ست بۆ یه‌کیان به‌رم. ژنه كابانه‌كه‌ی ده‌روونم كه وه‌ده‌رده‌كه‌وێت خواردنی هه‌فته‌یه‌كم پێ سازده‌كات، ماڵم پێ كۆده‌كاته‌وه جله‌كانم دانه دانه پێ ئوتوو ده‌كات ... ده‌بینی، لێیان ده‌گه‌ڕێم سه‌رهه‌ڵبده‌ن، شه‌ڕبكه‌ن، جێ له یه‌ک ته‌نگ كه‌ن و زۆرجار به ڕۆژ و چه‌ند ڕۆژ هه‌راو هاواریانه له سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ ڕاست ده‌كات. پڕم ده‌که‌ن له ده‌نگ. یه‌كیان ده‌گری، ئه‌وه‌ی تریان پڕه له گرمه‌ی قاقا و پێكه‌نین. یه‌كیان پرسیاره‌ گه‌وره‌كان ڕیز ده‌كات، ئه‌وی تریان شان هه‌ڵده‌خاته‌وه و چاوه‌رێیه‌ به‌فر ببارێ. یه‌كیان شێعره‌كانی شه‌ریف ده‌ڵێته‌وه، ئه‌میان بیری ده‌‌نگی عود ده‌كات.

....

هاوڕێم ئه‌وه ترسه‌كانمه پێت ده‌ڵێت، مه‌ودای ده‌سته‌كان ڕه‌نگی ئاشنای نێوان دڵه‌كان كاڵ ده‌كاته‌وه. مه‌ودای نێوان من و سێبه‌ره‌كان شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن. من به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م له ناو ئه‌و هه‌موو قاوه‌ییه‌دا، ڕه‌نگی قاوه‌یی چاوه‌كانت له‌بیر نه‌كه‌م...

ئاگات له خۆت بێت!
له‌یلا






Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------