December 15, 2007
accidentally in love وه‌ک زۆربه‌ی جارانی پێش تا ئاخرین چركه‌ش ته‌نانه‌ت، نازانم ده‌چم یا نا. نازانم له ئاخر پلیكان سه‌رده‌كه‌وم یا ملی ڕێ ده‌گرم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه! له ناو قه‌تار كه دانیشتم تازه وه‌بیرم هاته‌وه گواره‌كانم له بیرچووه له گوێ بكه‌م. چ حه‌یف. ئه‌و گواره سه‌وزانه هه‌میشه هه‌ستێكی خۆشمدا پێده‌ده‌ن. ده‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوه‌م، نه‌رم ده‌جووڵێنه‌وه و "خله‌یان" دێت. دیسان دڵه‌كوته‌كان دێنه‌وه. یانی بگه‌ڕێمه‌وه؟ شتێک وه‌ک دوو دڵی پڕم ده‌کات ... که‌چی له سه‌ر ئاخر پلیكان كه وه‌ستاوم، نه ترس، نه دڵه‌كوته، نه بیری گه‌ڕانه‌وه، هیچی نه‌مان. ده‌رگاكه كه له پشت سه‌رم داده‌خرێت منم و بزه‌یه‌كی نه‌رم له گۆشه‌ی لێوم. پێكه‌نینم دێت به‌و هه‌موو شێتایه‌تییه. شه‌وێكی وشک و سڕی ستۆكهۆلم، شار نه زۆر چۆڵه دڵت بیگرێت نه ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵغ بێده‌نگی داڕووشێت. بێده‌نگی؟ ئه‌ڕێ، به‌ڵام چه‌ند چركه‌یه‌كی كورت. بێده‌نگییه‌كی نه‌رم. په‌لی ته‌زیوی داره‌كانی قه‌راغ ئاوه‌كه خۆڵه‌مێشی ده‌نوێن. هه‌رچی تاریكی شه‌وه وه‌ک بڵێی ڕژاوه‌ته ناو چه‌می لای چه‌پ، ڕه‌ش ڕه‌شه. ئاسمان ڕووت ڕووت. ڕێگه‌كه چۆڵ چۆڵ. من ئارام ئارام. جار نا ڕاده‌چڵه‌كێم، سه‌یرم پێ دێت، وه‌ک بڵێی له‌تێک له له‌ته‌كانی خۆم شان به شانم ده‌روات. سه‌یرم دێت كه له‌ته‌كه‌ی شانی ڕاستم به ده‌نگێک كه هیچ له ده‌نگی من ناچێت باسی ئه‌و شتانه ده‌كات من قه‌ت بۆم باس نه‌كردووه، ئه‌و شتانه‌ی من ڕۆژێک له ڕۆژان له لای خۆم بیرم لێ كردوونه‌وه و له بیرم بردوونه‌وه. بزه‌م له سه‌ر لێو ون نابێت. نازانم بۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه ویستوومه حاشای لێ بكه‌م. من هاتووم تا هه‌موو ڕۆژه‌كانی بوونم عاشق بم. عاشقی ئه‌و چركانه‌ی دڵه كوتمه‌وه، ئه‌و چركانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌م پڕ بن له خله‌ی گواره سه‌وزه‌كانم. ئه‌و چركانه‌ی جارنا ده‌گه‌ڕێمه‌وه و پشت سه‌رم چاو لێ ده‌كه‌م وجێ پێی خۆم ده‌بینم. ئه‌و چركانه‌ی ئیتر گرنگ نییه به كام لادا ده‌ڕۆم، كه‌ی به كوێ ده‌گه‌م. تێده‌گه‌ی؟ نازانم ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆ ویستوومه حاشای لێ بكه‌م؟
Comments:
Post a Comment
|