January 12, 2008
كه‌ڵافی ئاڵۆزی بیره‌كانی ئه‌مڕۆ كه شه‌ممه بوو: گۆشه‌یه‌كی دڵم پڕ له نه‌گوتراوه‌كان، قورسایی خستۆته سه‌ر سنگم. دڵته‌نگی شتێكم كه نازانم چ ناوێكی له سه‌ر دابنێم و تاقه‌تی گوتن له دڵد‌ارییه‌كانم نییه و ماندووم له دڵداریدانه‌وه‌ی ئه‌و دڵانه‌ی خۆیان ڕه‌سمی دڵداریدانه‌وه نازانن. وشه‌كان ده‌توانن بڕۆخێنن و كه‌من ئه‌وانه‌ی پێش قسه كردن بیربكه‌نه‌و و وشه‌كانیان به دانسته هه‌ڵبژێرن. خۆم ده‌دزمه‌وه له‌و سێ لاپه‌ره نامه‌یه‌ی له سه‌ر كتێبخانه‌كه‌م له ژێر كتێبه نه‌خوێندراوه‌كانمدا شاردوومه‌ته‌وه. خۆزگه شاردنه‌وه یانی نه‌بوون. یانی نه‌مان! لیوانه چایه‌كه‌م بۆ جاری نازانم چه‌نده‌م سارد ده‌بێته‌وه، ده‌نگی سه‌نتوور دوورم ناكاته‌وه و هه‌رچی ده‌كه‌م ئه‌م وشیارییه ده‌ست له به‌رۆكم به‌رنادات. وشه‌كان به لاسارییه‌وه له زه‌ینمدا ده‌زرینگێنه‌وه. بۆ یه‌ک چركه‌ش بیر له ڕاست و درۆبوونیان ناكه‌مه‌وه ده‌زانم هیچی ڕاست نین. نا دڵته‌نگی ئه‌وه نیم. دڵته‌نگی ئه‌وه‌م مرۆڤه‌كان ئاوا به ئاسانی ورد ده‌كرێن و دڵته‌نگی ئه‌وه‌م چۆن مرۆڤه‌كان ئاوا به ئاسانی خوو به ورد بوونی خۆیان ده‌گرن.دڵته‌نگی ئه‌وه‌م مرۆڤه شكاوه‌كان چه‌ن نامێهره‌بان قۆڵ بۆ شكاندنی ئه‌وانی تر هه‌ڵده‌ماڵن. كه‌وه ڕۆژه. ته‌م و مژی پشت په‌نجه‌ره، بێده‌نگی ژوورێ و هات و هاواری ده‌یان بیری سه‌یر و سه‌مه‌ری ناو زه‌ینم تێكه‌ڵن. وشه‌كان به لاسارییه‌وه له زه‌ینمدا ده‌زینگێنه‌وه، ده‌گه‌ڕێمه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا، چۆن بووم و چۆنم. چۆنه كه ئێستا ئاوام و ده‌مه‌وێ چۆن بم كه نیم یا چۆن نه‌بم كه هه‌م. ناتوانم بیره‌كانم كۆ كه‌مه‌وه. قه‌ت نه‌متوانیوه، بۆیه زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانم نیوه‌ته‌واون و له گۆشه‌یه‌كی زه‌ینم ده‌خووڵێنه‌وه. سه‌ره‌تاكان كاڵ و كاڵتر بوونه‌ته‌وه. وه‌ک ئه‌و جاره‌ی په‌یامم بۆ كوبی دانا كه چی بكه‌م زۆر ده‌ترسم، سه‌ره‌تاكانم له بیر نامێنێت و كۆتاییه‌كان ده‌ست له به‌رۆكم به‌رناده‌ن! جوان له بیرمه منداڵ كه بووم چه‌نده حه‌زم ده‌كرد جۆرێكی تر بام! ده‌مزانی ده‌بێ جۆرێكی تر بم و نه‌مده‌زانی ئه‌وه یانی چی! جا نازانم له نه‌زانینه‌كه بوو ده‌ترسام یان له‌و ئاواته سه‌یره‌ی كه ئاوا زوو داوێنی گرتبووم به‌س ده‌زانم ده‌ترسام. كه‌مێک گه‌وره‌تر كه بووم ئاواتی جۆرێكی تر بوون ده‌گه‌ڵم هات و گه‌ورتر بوو، ترسه‌كانیش! زۆر كه‌س و زۆر شتم ده‌كرد به ئاوێنه به‌شكوو ئه‌و "خۆمه‌ی" ده‌بێ من بێت تێدا ببینمه‌وه. هه‌موو ساڵانی گه‌وره بوونم به گه‌ڕانی سه‌رلێشێواوی من به دوای خۆمدا تێپه‌ڕی. "خۆم" كه نه‌مده‌زانی چۆنه و نه‌مده‌زانی ئه‌گه تووشی بووم چۆنی بناسمه‌وه. ته‌واوی ئه‌و ساڵانه پڕ بوون له ته‌وسی ئه‌م و ئه‌و و ترسی خۆم له‌و شته‌ی كه بووم. هه‌موو ئه‌و ساڵانه به خۆزگه‌ی "بریا جۆرێكی تر بایه‌م" تێپه‌ڕی! له ئێواره‌یه‌كی بێده‌نگی نیوه ساردی پایزی شانزده ساڵی، ساڵێک پڕ‌له سه‌رسووڕمان و سه‌ڕلێشێواوی، پیاوێک كه دڵنیای كردبووم ڕێگه‌ی هیچ ئاواتێک دوورتر له ویستن نییه، پێی گوتم: چووزانی ئه‌وه‌ی كه هه‌ی هه‌مان "منی" خۆت نییه كه وا به دوایدا وێڵی؟ چووزانی خۆزگه‌ی جۆرێكی تر بوون له ترسی خۆ بوونت سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه؟ گووتی چووزانی ئه‌وه خۆزگه‌ی ئه‌وانی تر نییه بۆ تۆ نه‌بوونی تۆ؟ خۆزگه‌ی ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی تۆ، تۆ نه‌بیت و ببیت به شتێک كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت!؟ گووتی قه‌ت بیرت لێ كردۆته‌وه؟ و ئه‌وه بوو به سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه‌كانی من له‌وه‌ی من چۆنم، چیم، چۆن بم كه ده‌مه‌وێ و ده‌مه‌وێ چۆن بم! و ڕۆچووم. له خۆم، له ناخم، له هه‌ر هه‌نگاوه‌ی هه‌ڵمده‌گرت، له هه‌ر جاره‌ی ئاشق ده‌بووم، له هه‌ر جاره‌ی ده‌گریام، پێده‌كه‌نیم، یاغی ده‌بووم و دیم ڕاست ده‌كات ئه‌و مرۆڤه جوانه! ئه‌و جۆره‌ی هه‌م خۆمم، خۆم جۆرێک بوو له ته‌سكایی و به‌رته‌نگی دیواره‌كانی ده‌ورووبه‌ری هه‌ناسه‌ی نه‌ده‌هاته ده‌ر بۆیه هاواری ده‌كرد و وه‌بیرم هاته‌وه هه‌ر خۆم بوو جارێک دوای شه‌ڕێک له سه‌ر دڵدارییه‌كانی پانزده ساڵی بۆ براكه‌ی نووسی "چی بكه‌م كه ناتوانم سه‌ر بۆ یاسا ده‌ستكرده‌كان دانوێنم!" ڕاستی ده‌كرد ئه‌و مرۆڤه جوانه! ئاواتی جۆرێكی تر بوون نه‌بوو به دوای خۆیدا ده‌یخوولاندمه‌وه خۆزگه‌ی خۆ بوون بوو و ئه‌و ترسه‌ی له خۆ بوونم له دڵیان خستبووم وای ده‌كرد به دوای شتێكی تردا بسووڕێمه‌وه. من خۆم بووم، خۆیه‌ک كه نه باشتر و نه خراپتر له‌وانی تر بوو، ته‌نیا كه‌مێک جیاواز بوو. وشه‌كانی ناو نامه‌كه هه‌زار پرسیاری كۆنم بۆ تازه ده‌كاته‌وه. به لاساری ده‌مگه‌رێنێته‌وه بۆ دواوه، ده‌مه خێچكه‌م لێ ده‌كات. ئه‌و نامه‌یه زۆرتر له هه‌موو شتێک پڕم ده‌كات له ئازارێكی پڕ له ژان. ئازارێک كه هه‌موو ترس و ماندوویه‌تی و ته‌نیایی و دوودڵییه‌كانی ساڵانی گه‌وره بوونم بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه. من له ڕێی گه‌وره بوونم، له هه‌وڵی خۆناسینمدا هه‌زاران هه‌زار جار له‌ت بووم، له‌تیان كردم، شكام، شكاندیانم، ورد بووم وردیان كردم، پڕ بووم، پڕیان كردم له ترس، له گومان له دوو دڵی، كه‌چی له هه‌ر شوێنێک ده‌نگیان لێ به‌رزكردمه‌وه، ده‌نگم به‌رز كرده‌وه، له هه‌ر شوێنێک ڕێگه‌یان لێ گرتم ڕێگه‌یه‌كی ترم تاقی كرده‌وه و قه‌ت قه‌ت له كه‌س كه‌س كه‌سم قه‌بووڵ نه‌كردووه ده‌ستم لێ به‌رزكاته‌وه، ئێستا دڵته‌نگی ئه‌وه‌م مرۆڤێكیان هێنده بچووک كردۆته‌وه به بێ ڕێزی كردن بڵێت خۆشه‌ویستی. به شكاندن بڵێت گه‌وره‌یی. به ورد كردن بڵێت یارمه‌تی! گلێی وه‌م لێ ده‌كات ڕێزم له مافی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی گرتووه! دڵته‌نگی ئه‌وه‌م فێڕ نه‌بووه به‌رپرسی هه‌ڵه‌کانی خۆی بێت و نایه‌وێت به‌های ئه‌زمۆنه‌کانی خۆی بدات! ناتوانم بیره‌كانم كۆ كه‌مه‌وه... دڵته‌نگی شتێکم نازانم چ ناوێكی له سه‌ر دابنێم.
Comments:
Post a Comment
|