April 21, 2008
A Thousand Splendid Suns published in May of 2007 By Khaled Hosseini ئاخر لاپه‌ڕه‌کانم که خوێندەوە هه‌ناسه‌م به زهحهمەت دەگەیشتە بەر. کتێبەکەم که داخست خستمە سەر سنگم و چاوه‌کانم لەسەر یەک دانا و هێشتم فرمێسکەکانم بڕژێنه خوار. . جێ پەنجه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌ڵایانه‌ی له ژێر ناوی دین، سیاسه‌ت، دێمۆکراسی و پێگه‌یشتن به سەرمان هاتووه، ئه‌و خوێنانه‌ی بۆ هیچ و به دەستی "خۆمانه‌ییه‌کان" ڕژاون، ئه‌و خاکه‌ی وێران کراوه و هه‌را و هاواری ئاوەدانکردەوەی قەت به هیچکوێ ناگات، له‌م چیرۆکه‌دا خۆ ده‌نوێنن... نووسەر بە تواناییه‌کی سەیرەوە دەگەڵ مێژووی سی ساڵه‌ی وڵاتەکەی خۆیت ئاشنا دەکات. به وردی دهتگهڕێنێتەوە بۆ دواوه و مێژووی خۆیت له زمانی مرۆڤه ئاساییه‌کانی چیرۆکه‌ی بۆ دەگێڕیتەوە. مێژوویه‌ک که پڕە له وێرانی، له تاڵان، له کوشتن و بڕین. مێژوویه‌ک که ڕێک وەک مێژووی وڵاتی من پڕه له شەرمەزاری. شەرمەزاری له ڕووی ژنان. ئەو ژنانه‌ی وەک منداڵه حەرامزادەکان مۆری له‌عه‌نت له ناوچاوانیان دراوه. ئەم کتێبه چیرۆکی دونیایه‌کی بێ ڕەحمه.. چیرۆکی شه‌ڕێکی پیسه که په‌ڵه‌یه‌کی هاته هاته‌یه خستۆتە سەر ڕوحی مرۆڤ. ئەم چیرۆکه وه‌بیرت ده‌خاته‌وه فەرق ناکات کچە کوردێکی یه‌زیدی بیت یا ژنه ئه‌فغانێکی خه‌ڵکی هەرات، دۆعا یا بی مرێم، له‌یلا بی یا گیتی یا هەنیسه، له شوێنێک به شێوەیەک چارهنووسەکان ڕەنگی یەک ده‌گرنه‌وه. چ ئەو کاتەی ڕەشید چنگێک بەرد ده‌خاتە ناو دەمی مرێم یان ئە دەمەی بهردەکان له سەری دۆعا دەدرێن تۆ ژانه‌که ده‌ناسییه‌وه، دانه دانه‌ی ده‌ماره‌کانت پڕ ده‌بن لەو ترسەی سێبه‌ری خستۆته سەر چرکه‌کانی ژیانی مرێم. کتێبه‌که چیرۆکی دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی ژنانه‌یه. دۆستایه‌تی و خۆشەویستی دوو ژن که هی دوو نه‌سلی جیاوازن، له دوو چینی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی و به دوو دونیای فکری جیاوازەوە تووشیان به تووشی یەک دەبێ، دوو ژن که سەرەڕایی هه‌موو جیاوازییه‌کان یه‌ک چاره‌نووس و هه‌مان چاره‌نووسیان تووش دەبێت. دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستییه‌ک هێزی هه‌ستانه‌وه‌یان پێ ده‌به‌خشێت و هه‌ردوویان به ئاوات دەگەیێنێت. هه‌رکامیان به شێوەیەک. **** ئه‌گه تەواوی ئەمساڵ قەرارە تاقە کتێبێک بخوێنییه‌وه، ئه‌م کتێبه له کیس خۆت مەدە!
Comments:
Post a Comment
|