May 22, 2008
شه‌یدا دوایی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ت بیرمکرده‌وه که ئێمه ته‌نیا نین. بیرم کرده‌وه هه‌میشه شتێک هه‌یه ڕیشه‌کانی من و تۆ له یه‌ك گرێ بداته‌وه. من له‌و سه‌ری دونیا دوو دێر ده‌نووسم که تۆ له‌و سه‌ری دوونیا خۆتی تێدا ده‌ناسییه‌وه، ئه‌وه یانی من و تۆ له یه‌ک بێگانه نین. ده‌زانی شه‌یدا، من باوه‌ڕ ده‌که‌م ئێمه له خاکێکی له‌عنه‌تکراودا ده‌ژین... نا، با قسه‌که‌م ڕاست که‌مه‌وه. ئێمه له سه‌رده‌مێکی له‌عنه‌تکراودا له سه‌ر خاکێکی له‌عنه‌تکراودا ده‌ژین. من دیسان ده‌ڵێم فه‌رق ناکات ژنه کوردێکی ئیزەدی بین یا ژنه ئه‌فغانێکی هه‌راتی، فه‌رق ناکات فارس بین یا عه‌ره‌ب یا پاکستانی، له‌و سه‌رده‌مه ژاراوییه‌دا هه‌موومان دۆڕاوین. جه‌نگه‌ی شه‌ڕ بێت یا سه‌رده‌می ئاشتی هه‌میشه شتێک هه‌یه دا‌غ بخاته سه‌ر دڵ‌و ڕوحمان. هه‌میشه ده‌ستێک هه‌یه په‌ڵه بخاته سه‌ر ئیمان و باوه‌ڕمان. دۆستێک جارێک گوتی له جه‌نگه‌ی شه‌ڕدا پیاویش لێی ده‌قه‌ومێت! ڕاست ده‌کات، شه‌ڕ شتێکی پیسه، داوێنی هه‌موومان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام بیرده‌که‌مه‌وه ئه‌و ژنانه‌ی له لای سوپای دوژمن به دیل ده‌گیرێن چونکه مێرده‌کانیان یان کوڕه‌کانیان چه‌كیان هه‌ڵگرتووه، ئه‌وده‌مانه‌ی وه‌ک تۆڵه له پیاوه‌کان ده‌ستدرێژی له ژنان ده‌کردرێت ... یا نا، قه‌ت بیرت کردۆته‌وه ده‌ستکه‌وتی ژنان له سه‌رکه‌وتنه‌کانی دوای هه‌ر شه‌ڕێک هه‌یمشه هیچ بووه؟ خۆ ژنان ئه‌گه شان به شانی پیاویش شه‌ڕیان کردبێت، قه‌ت نابنه شه‌ریکه به‌شی شادییه‌کان! دوایی دێینه‌وه سه‌ر داب و نه‌ریته‌کان، سه‌ر بڕین و گوێ بڕێن و لوت بڕین و ژن به ژنه پێ کردن و ژن به سه‌ر هێنان و ژن له سه‌ر پشتی لانکه ماره‌کردن و خه‌ته‌نه کردنه‌کان. له باشوور که بووم ژنێکی بیست ساڵانه‌م دی دایکی چوار منداڵان بوو، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی له سه‌ر بوو به‌ڵام قه‌یمه‌تیان له سه‌ر ژیانی دانابوو، به سه‌د هه‌زار دۆلار ده‌یتوانی ژیانی بکڕێته‌وه. ئه‌رێ ئه‌وه یانی هه‌رزانه یا گران؟ شه‌یدا گیان، ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌که‌ی زۆر ڕاسته. ئه‌و زووڵمه‌ی ژن له ژنی ده‌کات هیچ که‌متر له زووڵمه‌کانی تر نییه، منیش زه‌مانێک بیرم ده‌کرده‌وه بۆ یان چۆن دایکێک ده‌توانێ ڕازی بێت به ئازاری جگه‌رگۆشه‌که‌ی. منیش زه‌مانیک بوو له خۆم ده‌پرسی ئاخر چۆن دایکێک ده‌توانێت ڕازی بیت به مه‌رگی جگه‌رگۆشه‌که‌ی. من به‌ڵام ئیتر ده‌مێکه باوه‌ڕم به ئه‌فسانه‌ی "ئه‌وینی دایکانه" نه‌ماوه. من ئیتر زۆر ده‌مێکه باوه‌ڕم کردووه ژنیش - با دایکیش بێت- وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی تر ده‌توانێ هه‌ڵه بکات، بکوژێت، بڕۆخێنێت و له ناوبه‌رێت. قسه ئیتر له سه‌ر ژن بوون و پیاو بوون نییه، قسه له سه‌ر مرۆڤێکی کۆڵه‌واره. ئه‌وه‌ی من هێشتا لێی تێنگه‌یشتووم ئه‌وه‌یه که چۆنه ڕازی بووین مرۆڤی لای ئێمه ئه‌وه‌نده بێ بایه‌خ بێت؟ چۆنه فێر نه‌بووین ڕێز له ژیان بگرین؟ بۆ ناتوانین به پێی بایه‌خێکی مرۆڤانه شته‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین؟ بۆ ئازادی تاکه که‌س له لای ئێمه هیچ مانایه‌کی نییه؟ بۆ هێشتا ژن یا پیاو بوون بایخی مرۆڤایه‌تی مرۆڤێک دیاری ده‌کات؟ قسه ئیتر له سەر ژن بوون و پیاوبوون نییه قسه له سه‌ر ئه‌وه‌یه دیاردەکان به دەستی ئێمه دووپات ده‌بنه‌وه. دەزانی، پێموایه نابی ڕازی بوونی دایکه‌کان به ئازاری جگه‌رگۆشه‌کانیان هیچ سه‌یر تر له ڕازی بوونی باوکه‌کان به کوشتن و بڕینی جگه‌رگۆشه‌کانیان بێ. سه‌یر ده‌بێ ئه‌وه بێت که مرۆڤ به ئازاری مرۆڤێکی تر هه‌ڵده‌ستێته‌وه! یاساکان به ده‌ستی پیاو و بۆ پیاو نووسراون به‌ڵام شه‌یدا، ئێمه‌ی ژن له پاراستنی ئه‌و یاسا دژه ژنه دا ده‌ورێکی زۆر به‌رچاویان هه‌بوو و هه‌یه. تۆش پێت وا نییه؟ هاوڕێم، من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که ژنان ده‌بێ "خۆیان" گرفته‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ڕاستی ئه‌وه‌یه من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که ئه‌وه گرفتی ژنانه و به‌س. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ حوکم ده‌کات که کچه‌کانی ئێمه هێشتا له هه‌ورامان خه‌ته‌نه ده‌کڕێن یانی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان له بناغه‌وه هێشتا نه‌خۆشه و کۆمه‌ڵگه یانی ژنه‌کان و پیاوه‌کان. به‌شێک له ژنه‌کان قه‌ت بێده‌نگ نه‌بوون و به‌شێک له شته‌کانیان گۆڕیوه، به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌یه تا ژن و پیاو و بیرکردنه‌وه‌کانیان نه‌گۆڕدرێت، تا پێوانه‌کان، پێوانه‌ی پیاوه‌تی و پیاوبوون و پێوانه‌ی ژنی به حه‌یا و نامووسبوون نه‌گۆڕدرێت، ڕیشه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه وشک نابێ. چۆنکه هه‌ر ئه‌و بیرکردنه‌وانه، ئه‌و چوارچێوه دامه‌زراوانه، هه‌ر ئه‌و پیوانانه سه‌رچاوه‌ی به‌شێک له گرفته‌کانه. یانی بیر بکه‌وه بۆ گۆڕینی یاساکان ده‌بێ یاسانووسه‌کان جۆرێکی تر ببینن و بیربکه‌نه‌وه و هه‌ڵسه‌نگێنن. و بۆ به‌رده‌وام بوونی یاسا نوێیه‌کان ده‌بێ مرۆڤه‌کان شاره‌زای ماڤه‌کانی خۆیان بن. وه‌نێ؟ ...... شه‌یدا، سوپاس بۆ نامه‌که‌ت! شاد بی هاوڕێم.
Comments:
Post a Comment
|