June 7, 2008
1- دەڵێن له سەفەردا مرۆڤه‌کان باشتر دەناسی. ڕاسته، زۆر ڕاسته، ئەوە به‌ڵام تەنیا بەشێک له ڕاستییه‌که‌یه. له سەفەردا خۆشت باشتر دەناسی. خۆت، له پەیوەندی دەگەڵ که‌سی به‌رامبه‌ر و دونیای دەوروبەرت، ڕووت دەبێتەوه و بەشێک له که‌لێن و قوژبنه‌کان و خاڵه نادیارەکانی دەردەخات. زۆر جار ته‌نیا له په‌یوه‌ندی دەگەڵ ئه‌وانی تر و دەرفەتەکاندایه که بۆت دەردەکەوێت تا کوێی ڕێگه هاتووی و کام سنوور(ه‌کانت) تێپەڕاندووه. ئه‌وه‌ش هه‌ندێ جار دڵنیایی به‌دواوه‌یه و هه‌ندێ جاریش دڵته‌نگی! 2- یەک شەپۆل، دوو شەپۆل، سێ شەپۆل ... شەڕی من و شەپۆلهکان، ئەو دەمەی به هه‌موو هێزی خۆیانه‌وه دێن و من به‌رز دەکەنه‌وه و قیژه و پێکه‌نین و ترس تێکه‌ڵ دەبنه‌وه. خۆش ئه‌وه‌یه نه من کۆڵ دەدەم و نه ئه‌وان ئارام دەبنه‌وه. هه‌ر منم، به هه‌موو ترسەکانمهوه، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چمه پێش و هه‌ر ئه‌وانن به‌ره‌و پاش پاڵم پێوە دەنێن. و ڕێک ئه‌و دەمەی وەک بابۆڵه له ناو خۆیاندا دەتپێچنهوه و نوقم دەبی، نه هیچ دەبینی و نه هیچ دەبیستی، نه کەس دەتبینێت و نه که‌س دەتبیستێ، وەک ئه‌وه‌یه له هه‌موو دونیا و دەنگه‌کان هه‌ڵبڕاوی. یه‌ک چرکه‌یه و به‌س. یه‌ک چرکه له نه‌بووندا! 3- ئه‌مجارەش چوومه ناو هه‌ر دووکانێک، هه‌ر چێشتخانه‌یه‌ک، قاوه‌خانه‌یه‌ک، هه‌موو پێیان وابوو خه‌ڵکی وڵاتی ئه‌وانم و به زمانی خۆیان دهیاندواندم. هه‌ستێکی خۆش بوو، ئه‌وه‌ی به چاوی "خۆمانه" چاوت لێ بکه‌ن و له خۆیانت بزانن! وه‌بیرم هاته‌وه له شاره‌که‌ی خۆم لێیان پرسیم "کوردی کوێی؟" 4- ئه‌و سەفەرە هیچی که‌م نه‌بوو گوڵپه‌ڕ نه‌بێت!
Comments:
Post a Comment
|