Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 28, 2008

دەست و دڵم دەلەرزن. له دۆینێوە هەر شتم لە دەست دەکەوێت. دڵم پڕ له پڕمەی گریانێکە و بزەیەک دەم بە دەم دەخوشێتە سەر لێوم. بیرم پڕه لە بیری کۆن، لەو بیرانەی لەبیرم چوون لەبیریان بکەم! هەر ئەو بیرانەی له خۆم لاسارترن، کۆڵ نادەن و هەموو جارێ به جۆرێ خۆیانم وەبیر دەخەنەوە، دڵم پڕ دەبێت لە پڕمەی گریانێک! پڕم له خەیاڵی ئەو بیرە تازانەی قەرارە لە دایک بن! ئەو بیرانەی بۆ برشی کۆنیان لێ نایەت. ئەو بیرانەی ڕیشاڵ ڕیشاڵ نەبوون. ئەو بیرانەی قەرارە بەشی زۆر ساڵ بکەن. بزەیەک نەرم نەرم دێتە سەر لێوم! دەست و دڵم دەلەرزن. ئەو دڵەکووتانە چ دەگەڵ ئەوە دڵە ماندوویەی من دەکەن؟ لە دۆینێوە سەرم لێشێواوه. له دۆینێوە هەر شتم لە دەست دەکەوێت. به ناو ماڵه بچووکەکەمدا دێم و دەچم، هەزار جار ڕێ ون دەکەم، هەزار جار ون دەبم. تامی تاڵی ترسێک ناو دەمم پڕ‌دەکات، لە ناو ترس و تاسە و هه‌موو ئەو شتانەی بە تەمایانم گێژدەبم. بێ‌ئارامم، وەک بڵێی دەچم بۆ ژوان، نا وەک بڵێی دەچم تا دەستێک چارەنووسی ئەو سێبەرانەی ئەو هەموو ساڵانە دەگەڵیان ژیاوم دیاری بکات. وەک بڵێی؟ نا، دەزانم قەرارە چی ڕووبدات، دەزانم قەرارە وەک جاری پێش لەتەکانی دڵم له ناو کۆشمدا کۆکەمەوە و دەزانم وەک جاری پێش بریندار دەبم و دەزانم برینەکانم دەکوولێنەوە و دەزانم وەک جاری پێش هەزار ساڵ بێدەنگی، هەزار ساڵ گریان و هەزار ساڵ دابڕان و دوورمانەوە ئارامم ناکاتەوە ... دەزانم؟ نازانی لەیلا، نازانی! خۆم به خۆم دەڵێم. بیردەکەمەوە نا! نازانم. هیچ هیچ هیچ نازانم. دەمەوێ بزانم؟ دەمەوێ بزانم. دەمەوێ ڕاستییەکان لە لای یەک ڕیزکەم، دەمەوێ ڕۆژەکانم بۆنی ئەمڕۆیان لێ بێت. دەمەوێ هەندێ بیری وام هەبێت که نەمەوێ لە بیریان بکەم ... دەمەوێ بزانم!






Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------